خەڵاتی نۆبڵ چییە و بۆ گرنگە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

براوەی خەڵاتی نۆبڵ، لە هەموو بوارەكاندا بۆ ساڵی 2023، ئاشكرا كراون و رەنگە لەم هەفتەیەدا بەفەرمی ناوەكان رابگەیەنرێت. خەڵاتی نۆبڵ، دەدرێتە ئەو كەسانەی لە بوارەكانی كیمیا، فیزیا، مافی مرۆڤ و ئاشتی، هەوڵی زۆریان داوە و خزمەتیان بە مرۆڤایەتیی كردووە.

خەڵاتی نۆبڵ چییە؟
خەڵاتی نۆبڵ، دەدرێتە ئەو كەسانەی لەم بوارانەدا جێپەنجەیان دیار بووە (فیزیا، كیمیا، پزیشكی، ئەدەبیات و هەوڵدان بۆ مافی مرۆڤ و ئاشتی).
بیرۆكەی ئەو خەڵاتەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری سویدی بەناوی ئەفرێد نۆبڵ، كە لە ساڵی 1901 دا، بڕە پارەیەكی تەرخان كرد بۆ پاڵپشتی ئەو كەسانەی لەم بوارانەدا داهێنانیان كردووە، بۆیە خەڵاتەكەش هەر بەناوی ئەوەوە كراوە. بەڵام لە 1968، بواری ئابووریشیان زیاد كرد و بۆ یەكەمجار لەو بوارەشدا خەڵاتی نۆبڵ پێشكەش كرا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC)، لە 1901 تا 2022، لە تەواوی جیهاندا 954 كەس خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە و 27 دامەزراوەش بەهەمان شێوە بوونەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ.
لە نێوان وەرگیراوانی خەڵاتی نۆبڵدا بەدرێژایی دابەشكردنی ئەو خەڵاتە، 63 ئافرەت شانسی وەرگرتنی نۆبڵیان هەبووە، كە ماری كیوری، لە بواری زانستدا دووجار بووەتە خاوەنی ئەو خەڵاتە و بەڕەگەز فەڕەنسییە. لە 1903 لە بواری فیزیا وەریگرت و لە 1911 شدا لە بواری كیمیادا بووە خاوەنی ئەو خەڵاتە.

كێن ئەوانەی كەسایەتییەكان بۆ وەرگرتنی نۆبڵ بەربژێر دەكەن؟
ئەندامانی ئەكادیمیای زانستی شای سوید، هەروەها پڕۆفیسۆرانی زانكۆ و كەسایەتیی زانستی و ئەوانەی پێشتر بوونەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، دەستیان هەیە لە بەربژێركردنی ئەو كەس و دامەزراوانەی لە بوارە جیا جیاكاندا داهێنانیان كردووە.
زۆرجار هەبووە، یەك خەڵاتی نۆبڵ، بۆ نموونە لە بوازی پزیشك دراوەتە زیاتر لە یەك كەس، بەڵام نابێت خەڵاتە لە یەك بواردا بدرێتە زیاتر لە سێ كەس.
بەگوێرەی دامەزراوەی وەقفی نۆبڵ، ئەگەر هەر ساڵێك لە هەموو بوارەكاندا هیچ كەس و دامەزراوەیەك شایەنی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەبێت، خەڵاتەكە دابەش ناكرێت و نادرێتە هیچ كەسێك و پارەكەش بۆ ساڵێكی تر هەڵیدەگرن.
چۆن وەرگرانی نۆبل دیاری دەكرێن؟
لە هەموو ئەو بوارانەی ئاماژەمان بۆ كرد، ئەو كەسەی دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، لەلایەن پێنج ئەندامەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت، ئەو پێنج ئەندامەش لە پەرلەمانی نەرویژ دیاری دەكرێت، بەڵام خەڵاتەكە لە ستۆكهۆڵم دابەش دەكرێت.
ئەوانەی دەبنە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، ئەم شتانە وەردەگرن:
_ بڕوانامەی خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرن، كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و سەرنجڕاكێش دیزاینی بۆ كراوە و وەكوو هونەرێكی گەورە لەو بڕوانامەیە دەڕوانن.
_ مەدالیای نۆبڵ، بەڵام دیزانی مەدالیاكە بۆ هەر بوارێك جیایە.
_ 11 ملیۆن كڕۆنی سویدی وەردەگرن، كە دەكاتە 990000 دۆلاری ئەمریكی، ئەگەر خەڵاتەكە لە بوارێكدا دوو یان سێ كەس دیاری كرابوون، پارەكە بەسەر هەرسێكیان دابەش دەكرێت.
_ خەڵاتی نۆبڵ، هەموو ساڵێك لە ساڵیادی كۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵدا لە مانگی 12 دا دابەش دەكرێت و رێوڕەسمێكی گەورەی بۆ دەكرێت.