چیڕۆکی ئەم کتێبە !..

کە لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان دەست بەکار بووم، ڕێک 22 ی 12ی 2003 بوو، تەمەنم 33 ساڵ بوو، 9 ساڵی تەمەنم لەوێ بەسەربرد، کە ئەو 9 ساڵە، پڕە لە ڕا و ڕامان و ڕوانین، کە ڕۆژێک دێ بیاننووسمەوە،

لە ماوەی ئەو 9 ساڵەدا یەکێ لە خەمەکانم ئەوەبوو، کتێبێک، یا باشتر بڵێم سەرچاوەیەکی زانستی لەبارەی ڕادیۆی دەنگی کوردستانەوە لە بەردەست نییە، کە خوێنەری کورد و کتێبخانەی کوردی پشتی پێ ببەستێ و ئەو مێژووەی بۆ بگێڕێتەوە، کە پڕە لە سەنگینی و سەلاریی.
بڕیارم دا، خۆم قۆڵی لێ هەڵکەم و ئەو شانازییە میدیاییە نیشتمانییە بخەمە نێو دووتوێی کتێبێک و، ئیتر لە ساڵی 2013 و ڕێک لە یادی یۆبیلی زێڕینی ئەو ڕادیۆ هەژی و هێژا و هەوێنە کتێبەکەم تەواو کرد، کە زۆر پێیەوە ماندووبووم، چونکە گەڕامەوە بۆ مێژوو، مێژووی ڕادیۆ لە جیهان، ئینجا کورد، ئینجا دەنگی کوردستان و گەڕام بەدوای بەڵگەنامە و ڕاستیی قۆناغەکان و زەڵاڵکردنیان.
ئەم کتێبە:(دەنگی کوردستان، نیوسەدە بەخشش) زۆر شیرینە لام، چونکە وەک گوتم، چارەسەری خەمێکی کردم و، زۆریشی پێوە هیلاک بووم و، کە تەواویش بوو، دڵم داکەت و ئۆخەیەکم کرد، شوکر ئەو مێژووە فەرامۆشکراوەیش نووسرایەوە.
پێشنیاری هاوکار و ئازیزانم بوو لە ئێزگەی دەنگی کوردستان، کە دووبارە چاپ بکرێتەوە، ئەمە چاپی دووەمە و دوێنێ لە هەوڵێر و لە ڕێوڕەسمە جوانەکەی شەست ساڵەی یادکردنەوەی ئێزگەی دەنگی کوردستان دابەش و پارڤە کرا.
سڵاو لە دەنگی کوردستان و ئازیزانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی، کە تەمەنیان بە وشەی ڕاست و گوتنی ڕاست و
ڕێبازی ڕاست سپارد.