ئارام کۆشکی
تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بڕوایان بە هێزی کتێب نییە. بڕوایان بەوە نییە، کە کتێب مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی وشیار و متمانەدار. بڕوایان بەوە نییە داهێنان سەرچاوەکەی لە خوێندنەوەیەکی بەردەوامەوەیە. بڕوایان بەوە نییە هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ کتێب گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی نییە. بۆیە هەمیشە ئەو شۆڕش و گۆڕانکاریانەی تەنها بە زەبری هێز هاتوون و دووربوون لە بڕوا و وشیارییەکی دیاریکراو، نەیانتوانیوە ڕیشەیان دابکوتن. ئەوەی کتێب بە تاکەکانی دەبەخشێت وشیارییەکی گشتییە، کە دەزانێت بۆچی دەجەنگێت و خەون بە چییەوە دەبینێت و دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات؟ هێزی کتێب؛ هێزێکە زمانی تاکە بێزمانەکان دەکاتەوە و زمانێکیان پێ دەبەخشێت، کە مافەکانیان نەخورێت و ئازادییان زەوت نەکرێت و نەچەوسێنرێنەوە. خۆ ئەگەر مافەکانیان زەوت کرا و ئازادیان لێ سەنرایەوە و چەوساندنەوە بووە بەشیان، ئیدی ئەوە قەبووڵ ناکەن و لە دژی ڕادەپەڕێت.
وشیاری و داهێنانی ڕاستەقینە بەرهەمی کتێبە. بەبێ کتێب مەحاڵە داهێنان بەرپا بکرێت و وشیاریشمان بەرامبەر خۆمان و دەوروبەرمان هۆشیارییەکی تۆکمە بێت. بۆیە لێرەوەیە کە پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە دەبێتە پێویستییەکی هەنووکەیی کۆمەڵگەکەمان، پێویستە بە هەموان هەوڵی بۆ بدەین تا هەنگاوەکانی سەر پێ بخەین.
بێگومان ڕێگەکانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە بێ ئەژمارن، بۆیە ئەگەرچی من ژمارەیەکی زۆر ڕێگەم لە هەر سێ کتیبەکەمدا لەو بوارەدا پێشنیار کردووە، بەڵام هێشتا دەیان ڕێگەی دیکە ماوە، کە دەشێت سوودیان لێ وەربگیرێت. یەکێک لەو ڕێگایانە هاندانی هاوڕێکانە لەنێوان یەکتریدا بۆ خوێندنەوە، کە لە پرۆژەکەمدا باسم کردووە. بەڵام نموونەیەکی نوێم بینی، کە حەز دەکەم لێرەدا باسی بکەم.
لە هەفتەی پێشوو لە یەکێک لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا خوێندکارێکی قۆناغی نۆی بنەڕەتیم بینی، کە بە عەشقێکی زۆرەوە کتێبی دەکڕی و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا باسی لە کتێب و سوودەکانی دەکرد بە سوتفەش پرسیاری کتێبێکی لە من کرد، کچێک بوو گەلێک کراوە و وریا لە چەشنی ئەو کەسانەی متمانەیان بە هەر قسەیەک هەیە، کە دەریدەبڕن. لە باسکردنی کتێب و خوێندنەوەوە گەیشتینە سەر ئەوە، کە هەموو ساڵێک ژمارەیەک کتێب دەکڕێت و بەسەر فێرخوازەکانی هاوڕێیدا دابەشی دەکات و جۆرێک لە هاندانیش بۆ خوێندنەوە سەر پێ دەخات، کە هەر هاوڕێیەکی لە ماوەیەکی دیاریکراودا (هەڵبەت بەپێی ژمارەی لاپەڕەی کتێبەکە کاتەکەی بۆ دیاری دەکرێت) تەواو بکات، خەڵاتێکی پێ دەدرێت. ئەو خوێندکارەی نۆی بنەڕەتی گوتی: بەمشێوەیە هانی هاوڕێکانم دەدەم بۆ ئەوەی بخوێننەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی زۆر لە کاریگەرییەکانی خوێندنەوە کرد لەسەری گوتی: لە خوێندنگە زۆربەی مامۆستاکانم بۆ چالاکییەکانی قوتابخانە و زۆر پرسی تایبەت ڕاوێژم پێ دەکەن و هەندێکجار ئەگەر کێشەی بچووک لەنێوان دوو خوێندکار ڕوو بدات هەر بە منی دەسپێرن تا چارەسەری بکەم. ئەو بە متمانەوە گوتی هەموو ئەوانە لە باشییەکانی کتێبە، کە ڕەنگە کەسمان هەستی پێ نەکەین.
لە چیرۆکی ئەم فێرخوازەوە کە چەند کورت و سادەیە دەتوانین بپەڕێنەوە بۆ پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە. ئەگەر لە هەر پۆلێکی خوێندنگەدا خوێندکارێک، یان زیاترمان لە چەشنی ئەم فێرخوازە (عاشقەکتێبە) هەبێت، پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە گەلێک دەچێتە پێشەوە. ئەوەی ئەم پرۆسەیەی سست کردووە ناچالاکی سیستمی پەروەردە و نەبوونی نموونەی لەم چەشنەیە، کە دەتوانن ببنە ڕێنیشاندەر و نموونەی باڵا بۆ تەواوی خوێندنگەکانی دیکە.
ئەم فێرخوازە هێزی کتێب وەهای لێکردووە کە متمانەی بەخۆی بێت و چێژی خوێندنەوە گەیاندوویەتییە ئەو بڕوایەی کە فێرخوازەکانی دیکەی هاوپۆلی بۆ ئەو پرۆسەیە داوەت بکات.