پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كەژاڵی سەحرانەوەرد

بەرێكەوت ئەم كتێبەی كەژاڵم بەدیاری بەدەست گەیشت كە خاوەنەكەی لەسەر رەفەی دووكانە خنجیلانەكەی بۆ خوێندنەوەی تەرخان كردبوو، كە لە ئامادەكردنی مامۆستا “هەڵكۆ عمر تۆفیق “بوو كاتێك كتێبەكەم خوێندەوە خەیاڵ بردمیەوە بۆ چوار ساڵی رابردوو كە ئەو شەوەی هەواڵی مەرگی كەژاڵی شاعیرو هاوڕێی نزیكم بیست؟
لەخۆم پرسی ئایا درەختی شیعر دەبێت ئاوا بەزوویی بمرێت؟
كاتێك كتێبەكەم خوێندەوە چەندین وتارو لێكۆڵینەوەی خۆی و نووسەرە ناودارەكانی عێراقی لەخۆ گرتبوو، كەم تا زۆر ئەم توێژە لەو نێوەندەدا ناوبانگیان هەیە و، هەوڵیانداوە لە خەیاڵبینی و دونیا جوانەكەی شیعری كەژاڵ تێ بگەن, كە لەناو چ كلتورو مێژوویەكدا ئەم شاعیرە دەژی و شیعر دەنووسێت.
لە كلتوری ئێمەدا رێگە بەوە نادرێت ژن تەعبیر لە هەموو خواست و هەستە شاراوەكانی خۆی بكات، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەو جۆرەیە كە پیاو پاشاو سەرداری هەمیشەیی هەست و نەستەكانێتی كە دەبێت ژن لە ئاست هەموو مەرامەكانیدا مل كەچ بێت. كە من لەو باوەڕەدام هەموو دایكانی ئێمە شاعیرن یان رەنگە رۆمانووس بن كە گڕی هەناویان هەمووی فرمێسكەو هەموو دڵۆپە فرمێسكێكیش وشەیەكە .

كە ژاڵ ژنە شاعیرو سۆفیزم
سۆفیەكان لە بارەی شیعرو شاعیرانەوە دەڵێن:
شیعر نووسین وەك قامیش وەهایە تا نەسووتێت نابێت بە شمشاڵ و هیچ ئاوازێك دەرناكات. كە من بۆخۆم لەو بڕوایەدام ئەو ئاگڕەی كە پەروانە بۆی دەسووتێت ئاگری ساردە، ئەو گڕەی ناخ دەكات بە قەقنەس، ئەو سەمایەیە كە پەیوەندی نێوان شاعیرو شیعر بوون دروست دەكات كە ئەویش ئاگرە.
با بزانین شاعیرە عەرەبەكان لە بارەی كەژاڵەوە چی دەڵێن.
دكتور محمد زەبابەی شاعیرو رەخنەگر لە میصر دەڵێت:
كەژاڵ شاعیرێكە كەم ژن هەیە بتوانێت بەو ئاوازو سەمفۆنایە بنووسێت.
نووسەر و رەخنەگری عێراقی بەشیر حاچم نوسیویەتی:
كەژاڵ بە چاوی خوێنەرێكی هۆشمەندەوە دەڕوانێتە تاریكی و شكستی میللەتەكەی بەرامبەر بەو ئازارو ستەمەی لێیكراوە.
مهند سەلاح شاعیرو رەخنەگر دەنووسێت:
كەژاڵ بێ ماندووبوون هەوڵیدا لەرێگەی زمانی شیعرەوە نامە مرۆڤایەتییەكانی خۆی بەجیهانی عەرەبی بگەێنێت.
مامۆستا لە تیف هەڵمەتی شاعیر لەبارەی كەژاڵەوە دەنووسێت:
شاعیرێكی پڕ لە بەهرەو بەهرەمەند بوو هەستی ناسكی بووەتە قەڵایەك لە كوانووی شیعری كوردیا كەئەمەش نمونەیەكە لە جوانی ئەم شاعیرە. بۆیە شیعرێكی ناسكی كە سەرسامی كردووم كەژاڵ دەڵێت
(من دەزانم چارەنووسم چی بەسەر دێ
ئەمشەو دەبم بەخۆم
گڕی عیشق لە دەرونمایە
دونیایەك رووناكی لە هەستمایە؟)

كەژاڵ شاعیرێكی بێ وەی وەك پەپوولەی سەرچڵی درەختەكان و، تریفەی مانگە شەو لە دنیای جوانی دەڕوانێ كە جیهانێكی پڕ لە كێشمە كێش و ئازارو تۆراوی بزەو زەردەخەنە؟ بەڵام وشەكانی بوونە وێردی سەرزمان و بەخشینەوەی خۆشەویستی بۆ هەناوی گڕگرتووی ئێمە؟