ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “مرۆڤ چییە؟”ی مارک توەین

ئارام كۆشكی

چەند ساڵێک لەمەوبەر چیرۆکنووسێکی هاوڕێیم باسی ئەوەی بۆ کردم کە کچەکەی دەیەوێت چیرۆکێک بنووسێت تەنها دیالۆگی تێدا بەکاربهێنێت بەبێ هیچ گێڕانەوەیەک. واتە لەسەرەتاوە تا کۆتایی تەنها دیالۆگ بێت. هاوڕێ چیرۆکنووسەکەم گوتی ئەوەم پێگوتووە کە دەتوانرێت، چونکە هیچ یاسایەکمان نییە بڵێ نابێت چیرۆک تەنها دیالۆگ نەبێت. لەو کاتەوە من زۆرجاری دیکە لەکاتی خوێندنەوە چیرۆکدا و زۆر لێکۆڵینەوەی چیرۆکناسیدا ئەوە دەهاتەوە خەیاڵم، بەڵام هیچ دەقێکی گێڕانەوەییم نەبینی هەمووی تەنها دیالۆگ بێت. بەر زۆر دەق کەوتووم کە دیالۆگی زۆری تێدایە، بەڵام یەکپارچە دیالۆگم نەبینیوە.
هەفتەی پێشوو ڕۆمانی “مرۆڤ چییە؟”ی مارک توەین؛ نووسەری ئەمریکیم خوێندنەوە. ڕۆمانەکە لە یەکەم بەش تا کۆتایی تەنها دیالۆگە. دیالۆگی نێوان دوو کاراکتەر، کە وەکو یەک ڕۆڵیان هەیە، کە بەناوی “پیرەمێردەکە” و “لاوەکە”وە ناسینراون. وانەی یەکەم کە لەم ڕۆمانەوە فێربووم ئەوە بوو، کە مەحاڵ نییە نەک دەقێکی چیرۆک، بەڵکو ڕۆمانێکیش هەمووی دیالۆگ بێت. مارک توەین ئەوەی زۆر بە وردی و سەرنجڕاکێشییەوە ئەنجام داوە بەبێ ئەوەی خوێنەر بێزار بێت، ئەمەش پەیوەندی بە ئەو گفتوگۆیانەوە هەیە، کە لەنێوان ئەم دوو کارکتەرەن، کە لە بەئامێربوونی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات و بۆ زۆر بابەتی دیکە سەر دەکێشێت.
“مرۆڤ چییە؟” پرسیارێکی گەلێک سەخت، پرسیارێک هەمیشە دەکرێت، بەڵام مەحاڵە وەڵامێکی دروستمان دەست بکەوێت. بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین هەندێک پرسیار کە دەکرێن مەرج نییە بەدوای وەڵامێکی جێگیرەوە بین، یان مەرج نییە وەڵامێکی گونجاومان دەست بکەوێت. بەڵام نەکردنی پرسیارەکە کێشەیە، بۆیە دەبێت پرسیار بکرێت بۆ ئەوەی بێشومار وەڵام بدرێتەوە. “مرۆڤ چییە؟” ئەو پرسیارەیە کە هێزی ئەوەی تێدایە بێکۆتایی وەڵام بدرێتەوە و هەموو وەڵامەکانیش بەشێک لە ڕاستییان هەڵگرتبێت. ئەوەی گرنگە مرۆڤ خۆی لە وەڵامەکان نەدزێتەوە، چونکە ئەو پرسیارەی وەڵامی نەبێت پرسیارێکی هەڵەیە و هەموو پرسیارێکی دروست وەڵامێک، یان زیاتر لە هەناوییەوە دێتە دەرەوە.
پرسیاری مرۆڤ چییە؟ گرێدراوی کۆمەڵێک پرسیاری ئەخلاقی و لۆژیکی ترە. کاتێک مرۆڤ ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات، دەکەوێت بەسەر ئەوەی ئەی ئاژەڵ چییە؟ ئایا ئەو پلەیەک لە مرۆڤ نزمترە، یان چی؟ مرۆڤە داهێنەرەکان هەستی شانازیکردنیان بە خۆیان لە کوێوە وەرگرتووە؟ ئەستێرەکانی سینەما و وەرزش چ پلەیەکیان هەیە، کە شەیدایانێکی زۆریان لە دەور هەیە و ئایا ئەوان لە چ پێگەیەکدان؟ ئایا مرۆڤی نزم هەیە؟
نووسەر بە تەکنیکێکی گەلێک زیرەکانە خوێنەر دەخاتە نێو وەڵامەکانەوە و زۆرجاریش خوێنەر ناتوانێت لە پەراوێزی لاپەڕەکاندا بۆچوونی خۆی نەنووسێت. ئەوەی ئەم کتێبە پێماندەڵێت ئەو شتەیە، کە لەم سەردەمی جەنجاڵییەدا لەبیرمان کردووە. ئەویش “مرۆڤبوون”ـە. لە چەند وتارێکی دیکەدا پێداگرییم لەسەر ئەوە کردووە مرۆڤ گرنگ نییە نووسەرێکی گەورە، یان سینەماکار و وەرزشکار و سیاسەتمەدارێکی گەورە بێت، بەڵکو ئەوەی لەسەرو هەموو ئەمانەوەیە ئەوەیە (مرۆڤ) بێت. مرۆڤبوون هەنگاوی یەکەمی نووسەربوون و سیاسیبوون و هەموو پلەوپۆستێکی دیکەیە. ئەوەی هەستی مرۆڤبوونی لاواز بێت ناتوانێت لە هیچ بوارێکی دیکەدا خزمەتێکی شیاو بکات. مرۆڤبوون بەو مانایەی ڕێز لە هەموو شتەکانی نێو سروشت بگریت و هیچ پێشێلکارییەک بەرامبەر هیچ ڕۆحلەبەر و هیچ شتێکی ئەم سروشتە نەکەیت.
ئەم کتێبە وێستگەیەکە بۆ گەشتێکی قووڵ بەرەو بیرکردنەوە لە مرۆڤبوون. ئەو پرسیارە سەختەی دەبێت بەردەوام بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین پرسیاری مرۆڤ چییە؟
*ئەم کتێبە لە وەرگێڕانی هاوڕێ عەلینەژادە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.