نامه‌ عاشقانه‌كانی نیما

خالید فاتیحی

(نامه‌ عاشقانه‌كانی شاعیری ناوداری ئێران نیما یوشیج)

نامه‌ی یه‌كه‌م

ئازیزه‌كه‌م
دڵم به‌ره‌ولات ده‌فڕێ.
بمبووره‌! له‌و تاوانه‌گه‌وره‌یه‌ی كه‌ دۆستایه‌تییه‌و تاوانه‌كان له‌ سزای ئه‌وه‌دا رووده‌ده‌ن، داوای چاوپۆشین ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر به‌ (ئازیزه‌كه‌م) ناوم هێناوی، به‌لاته‌وه‌ سه‌یرنه‌بێ. زۆرن له‌وانه‌ی وه‌كو ئاو، یان ئاگر هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ دڵیان ده‌كه‌ن. كێشه‌كانی رۆژگار، لێیان ناگه‌ڕێ، گوێ له‌ دڵیان بگرن و هه‌ر ویستێكی سرووشتی دڵیان له‌ ناخیاندا خامۆش ده‌كه‌ن.
به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وان و هه‌موو خه‌ڵكانی دیكه‌ جیاوازم. هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی رێكه‌وت و چاره‌نووس و سرووشت پێیداوم، به‌ دڵم به‌خشیوه‌. ئێستا ده‌مه‌وێ ئه‌و دڵه‌ لاسارو نه‌ناسه‌ی خۆم له‌و گۆشه‌گیریه‌ی خۆمه‌وه‌ به‌ره‌ولای تۆ هه‌ڵبده‌م و ئه‌و خه‌یاڵه‌ش زۆر له‌مێژه‌ هزری داگیر كردووم.
ده‌مه‌وێ وه‌كو ره‌نگێكی سوور له‌سه‌ر كوڵمه‌كانت بنیشمه‌وه‌، یان وه‌ك ره‌نگێكی ره‌ش له‌ زووڵفه‌كانت بهاڵێم.
من كێوپاره‌* نشینێكی یاخی و نووسه‌رێكی نه‌ناسراوم، هه‌مووشتێكم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانیتر جیاوازه‌، هه‌موو خواستی من له‌گه‌ڵ خه‌یاڵی جوتیارانه‌ی تۆ، كه‌ مریشك و مه‌ڕ به‌خێوده‌كه‌ی یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌.
زۆر باڵاتر له‌وه‌ی بیری لێده‌یته‌وه‌ و زۆر باشتریشم له‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ستی پێده‌كه‌ن، جا پێتده‌ڵێم چۆن.
به‌ڵام هه‌یهات كه‌ به‌ختی من و نامۆییم به‌ دنیا، ئومێدی لاواندنه‌وه‌ی تۆم پێناده‌ن، له‌وێ له‌ قوڵایی تاریكی و ترسناكی خه‌یاڵ و رابردوو دایه‌، كه‌ سه‌یری چاره‌نووسی ناله‌باری خۆم ده‌كه‌م.

هاوڕێ كێوپاره‌نشینه‌كه‌ت
نیما.
18/12/1302

*كێوپاره‌: كۆسار. چیا.