دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

شیعری لیریکی کوردی بە ئیتاڵی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لەوەتەی دەنووسم هەمیشە نرخاندنم هەبووە بۆ هەر بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریی، کە بزانم وزەیەکی داهێنەرانە و نوێگەرانەی لە هەناودا هەڵگرتووە. زۆرجاریش لەسەر نووسینی بۆچوونەکانم تووشی ڕەخنە و گازندەی جۆراوجۆر بوومەتەوە، بەڵام هەرگیز گوێم بەوانە نەداوە و ئەوەی بڕوام پێی بووە نووسیومە. خۆ ئەگەر هەڵەش بم بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرم. دە ساڵێک لەمەوبەر وتارێکم لەسەر شیعرە لیرکییەکانی “ئەحمەد محەمەد” نووسی، زۆرێک لە هاوڕێ شاعیرەکانم سەرکۆنەیان کردم و پێیانوابوو شیعریی لیرکی شیعرێکی (ئاستبەرز) نییە، بەڵکو شیعرێکە دەکرێتە گۆرانی و تەواو. ئیدی لایانوابوو نابێت ئاوڕ لە شیعریی لیرکی بدرێتەوە و پێویستە وەکو هونەرێکی (نزم) سەیر بکرێت. لە کاتێکدا ئەمە بۆچوونێکی گەلێک هەڵەیە. ئەگەر سەیری مێژووی شیعریی جیهانی و دواتریش شیعریی کوردی بکەین شیعری لیرکی دابڕاو نییە لەو مێژووە و شیعریی لیرکی جۆرێکی شیعری تایبەتە وەکو هەر جۆرە شیعرێکی دیکە. ئەوەی ئەوکات و ئێستاش بۆم جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە هیچ کام لەو شاعیرانە، نەک توانای نووسینی شیعریکی لیرکی پڕمانایان نەبوو، بەڵکو هەوڵی لاساییکردنەوەی شکستخواردووشیان دا و نەیانتوانی لە لاسایکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بن. ئەحمەد محەمەد؛ وەکو مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیدا ساڵانێکی زۆر بەر لە مردنی دەڵێت “ئاڕمی شیعریی لیرکییی کوردییە” ئێستاش ئاڕمێکی دیاری شیعریی لیرکییە. شێرکۆ بێکەس، کە یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی نوێخوازی کورد، دان بە شیعریی ئەم شاعیرەدا دەنێت و خۆیشی ژمارەیەک شیعریی لیرکی هەن کە کراون بە گۆرانی. ئەو (لیرکنووسین) بە شیعرێکی ئاستنزمی دانانێت، ئیدی شاعیرانی دیکە بۆچی بەو ڕوانینە سەیری شیعریی لیرکی دەکەن ئەگەر ئیرەیی بە سەلیقەی نووسینی ئەم شاعیرە نابەن؟ بێگومان یەکێک لە خاڵە بەهێز و درەوشاوەکانی ئەزموونی شیعریی لیرکی “ئەحمەد محەمەد” هونەرکاریی و سەلیقە و مامەڵەکردنییەتی لەگەڵ شێوازی شیعریی لیرکیدا، کە توانا و دەسەڵاتێکی زۆری هەلە لەم بوارەدا. ئەو بە هونەرکارییەکی زۆرەوە وشە و وێنەکان و ڕیتمەکان دەدۆزێتەوە و لە قاڵبی تێکستێکدا دایدەڕێژێت. ئەمە هونەرکارییە، کە شیعرەکە هەم سادە بێت، هەم پڕمانا، هەم ڕیتمی هەبێت. ئەم حاڵەتانە بۆ هەموو شاعیرێک دەست نادات. ئەحمەد محەمەد نهێنی نووسینی شیعریی لیرکی لە هەموو شاعیرانی هاوچەرخی خۆی زیاتر کەشف کردووە و کۆدی ئەم جۆرە شیعرە تەنها لای ئەحمەد محەمەد بەم سەلیقە و جوانییەوە دۆزراوەتەوە. لای شاعیرانی دیکەی هاوتەمەنی بەم چەشنە و لەم ئاستە هونەریی و واتاییە بەرزەدا نییە. هەر بۆیە توانای ئەوەی هەیە سنوورەکان ببڕێت و لە نوێترین پێشهاتدا دیوانی “تەمەن” بە زمانی ئیتاڵی بڵاو بکرێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە پێشەکی دیوانە شیعرییەکە لەلایەن کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا دکتۆر (میکڵێ کامێرۆتا) بە زمانی ئیتاڵی نوسراوە، هەروەها دکتۆر (بەرزان یاسین) توێژینەوەیەکی لەبارەی شیعرەکانەوە نووسیوە و وەرگێڕانی تێکستە شیعرەکان بۆ ئیتاڵی لەلایەن (تاریق بزەینی)یەوە کراوە. دیوانی تەمەن دەبێتە یەکەم کتێبی شیعریی لە مێژووی شیعری لیریکی کوردیدا وەربگێڕدرێتە سەر زمانێکی بیانی و سەرکونسوڵگەرییەکەی پێشەکی بۆ دیوانەکە بنووسێت. بەڵام هەموو ئەمانە هێزی داهێنان و تێکستەکانن، کە ئەمەی بەم شاعیرە بەخشیوە، بۆیە لێرەوە پیرۆزبایی گەرمی لێ دەکەم.