دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕامان لە مێژووی کورد، یان ساخکردنەوەی بەشێک لە مێژووی کورد

ئارام کۆشکی

ساڵانە لە بەرنامەی خوێندنەوەمدا چەند کتێبێکی مێژوویی تێدایە، ئەمساڵ دوو لە کتێبەکانی نووسەر و مێژوونووس “ماکۆ ساوین” کەوتنە نێو بەرنامەکەمەوە و خۆشبەختانە دوو هەوڵ و کتێبی گرنگ بوون و یەکەمجاریشم بوو کتێبی ئەم نووسەرە کوردە گومناوە بخوێنمەوە. نووسەرێک بەبێدەنگی و دوور لە هەموو خۆنمایشکردنێکی (زیادەڕەوانە) کاری خۆی دەکات و قوربانی بە کات و ژیانی خۆی دەدات لەپێناو ئەوەی مێژووی گەلە گومناو و فەوتێنراوەکەی ساخ بکاتەوە.

کارکردن لەمێژوودا ئەرکێکی قورس و تاقەتپڕوکێنە بەو پێیەی ئێمە مێژوویەکمان هەیە، کە بەشی هەرە زۆری، یان شێوێنراوە، یان لەلایەن خۆمانەوە نەنووسراوەتەوە و گەلە سەردەستەکان نووسیویانەتەوە، یان گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکان ئەرکی نووسینەوەیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەگەرچی لە چەند لایەنێکەوە بتوانین سوود لە کاری گرووپی دووەم وەربگرین، کە گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانن، بەڵام مێژوویەک خۆمان نووسەری نەبین هەمیشە جێگەی گومانە. ئەوەی گەلە سەردەستەکانی ئەم ناوچەیە نووسیویانەتەوە ئەوە بەشی هەرە زۆری شێوێنراو و داگیرکراوە، ئەمە هیچ گفتوگۆیەک هەڵناگرێت. بەڵام ئەوەی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکان دەشێ لەو لایەنەوە سوودی لێ وەربگرین بزانین نیگای ئەوانی تر چییە لەسەرمان؟ چۆن لە ئێمەیان ڕوانیوە؟ بەڵام ئەوەی لای من جێگەی پەسەندە نووسینەوەی مێژووە لەلایەن مێژوونووسانی کوردەوە، بێگومان ئەمەش کێشەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک بەر کتێبی نووسەرگەلیکی وەکو کاک ماکۆ دەکەوین ئیدی بە دڵێکی ئارامەوە دەتوانین مێژووەکە بخوێنینەوە و بیر لەو کێشانە نەکەینەوە، کە خۆی لە لایەنداریی، یان متمانەداری سەرچاوەکاندا دەگرێتەوە.
کتێبی یەکەمی کاک ماکۆ کە خوێندمەوە “ڕامان لە مێژووی کورد؛ لێکۆڵینەوە لەسەر نووسینە گوماناوییەکانی مێژوونوسان” ئەم کتێبە لە دوتوێی 421 لاپەڕە و چاپی دووەمی لە ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکراوەتەوە. (هەڵبەت هەوڵ دەدەم لە دەرفەتێکی دیکەدا سەبارەت بە کتێبی دووەمیش بدوێم) کتێبەکە وەکو لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت ڕامانێکە لە مێژووی کورد و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بەشەی مێژووی کورد دەکات کە گوماناوییە. بێگومان وەکو پێشتر گوتم زۆرجار گەلە سەردەستەکان مێژووی گەلە بنەدەستەکان دەشێوێنن، بۆیە ئەو شێواندنە دەبێتە گۆڕینی ئاراستەی مێژوو و تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەیەک، بۆیە نووسەر لەم کتێبەدا دەیەوێت لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەشێک لەو شێواندنانە بکات و بیانخاتە ژێر گومانەوە و لەوێوە هەوڵی ئەوە بدات ڕاستی مێژوویی بدۆزێتەوە.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت: “لەم پەرتوکەدا هەوڵم داوە شیکاری هەندێک چەمکی مێژوویی بکەم ئایا ڕاستن، یاخود هەڵەن ئایا لەگەڵ ڕاستینەی ئیمڕۆ و ڕابردووودا دەگونجێ؟ هەوڵم داوە ئەم پەرتووکە بە زمانێکی زۆر سادە بنوسمەوە تاوەکو پەرتووکەکەم ببێتە پەرتووکی هەموو خوێنەرێک.” دەتوانم بڵێم خاڵێکی درەوشاوەی ئەم پەرتووکە سادەیی زمانەکەیەتی، کە بۆ هەموو خوێنەرێکە. واتە ئەگەر کەسێک تەنها حەزی بە خوێندنەوەی مێژوو بێت دەتوانێت لێی تێبگات، تا ئەو مامۆستایەی کە پسپۆڕییەکەی کارکردنە لە مێژوودا. دواتر نووسەر هەر لە پێشەکییەکەدا ئاماژە بۆ ئەو تێکەڵبوونەی نێوان ئایین و مێژوو دەکات و دەنووسێت “لە سەرەتادا ئەم پەرتووکە بە ناوی ڕامان لە مێژووی کورد و ئایینە زاگرۆسیەکان بوو. پرسیار ئەوەیە بۆچی مێژوو و ئایین بەیەکەوە لە یەک بەرگ بنوسرێتەوە. بێگومان مێژوو و ئایین دوو زانستن هەمیشە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، بێ شارەزایی لە هەریەکێکیان کەمایەتییە لە زانستەکەی تر. هەروەک چۆن فیزیا بە بێ بیرکاری ناخوێندرێت، بیرکاری بە بێ زانستەکانی تر هیچ سودی نییە. بۆیە مێژووش بە بێ ئایین، یاخود ئایین بە بێ مێژوو تێگەیشتنی نابێ بۆ خوێنەر. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ قەبارەی پەرتوکەکە زیاد دەبوو بۆیە پەرتوکەکەم دابەشی دوو بەرگ کرد. یەکەم ‘ڕامان لە مێژووی کورد’، دووهەم ‘ڕامان لە ئایینە زاگرۆسیەکان’.”
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا نووسەر باس لە ژیان پێش سه‌رهه‌ڵدانی کورد و دروستبوونی نەتەوە و دروستبوونی مرۆڤایەتی و دروستبوونی خێزانی سەرەتایی و دواتر پەڕینەوە لە خێزانی سەرەتاییەوە بەرەو تیرە و نەتەوە لە بەشێکی دیکەدا باس لە دەستپێکی شارستانیەت لە زاگرۆس و میزۆپۆتامیا و ئێران و دواتریش کوردستان و شوێنی ژیاری مرۆڤ دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
بەشی دووەم تەرخانە بۆ مێژووی ونبووی کورد و دروستبوونی ناوی دواتر نووسەر دێتە سەر ئەو پرسیارەی ئایا کورد مێژوو و شارستانیەتی هەبووە؟ هاوکات باسی گۆڕانی ناوی نه‌ته‌وه‌ و خاکیش دەکات و لە دەستەواژەی کورد لە مێژوویشدا دەکۆڵێتەوە دواتر ئاماژە بە چەند بیرۆچوونێک لەسەر ناوی کورد دەکات. لەم بەشەدا سەبارەت بە مێژووی کورد و پرسیاری ئەوەی ئایا کورد مێژووی هەبووە، یان نا دەنووسێت: “زۆرجار ڕۆڵەی کورد به‌م هه‌ڵه‌یه‌دا ڕۆیشتووە وتویەتی کورد مێژووی نییه‌. یاخود زۆرجار ئه‌ڵین فڵانە میلله‌ت مێژووی نییه‌. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌کرێ بڵێین ئه‌و میلله‌ته‌ مێژووی تۆمار نه‌کراوه‌. به‌ڵام خۆیان ژیانیان هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ئاستی وشیاری له‌و ئاسته‌ نەبووه‌ مێژووی خۆیان تۆمار کردبێ له‌وانه‌شه‌ دوژمنانی ئه‌و میلله‌ته‌ تۆمارکراوه‌کانیان سووتاندبێ‌. ده‌توانین بڵێین کوردیش بۆماوه‌یه‌کی دوورودرێژە له‌ به‌ربه‌رەکانیدایه‌. لەوانەیە به‌ جۆرێک مێژووی خۆی تۆمار کردبێ، به‌ڵام لە دواییدا دوژمانانی لێیان سوتاندووە.”
سەبارەت بەناوی کوردیش ئەوە دەخاتەڕوو، کە “ئەگەر دەستەواژەی کورد و نزیکایەتی لەو ناوە بگەڕێین، یەکەم بەڵگەنامەی سۆمەریمان بەرچاو دەکەوێ. لە بەڵگەنامەکانی سۆمەری ناوی ‘کوردا’ هاتووە، شارێکی ئاموری بووە لە باکووری میزۆپۆتامیا.
لێرەدا دەرفەتی باسکردنی هەموو بەشەکانی ئەم کتێبە نییە، چونکە ئەم نووسینە تەنها ڕانانێکە بۆ کتێبەکە، بەڵام بەشێک کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام ئەو بەشەی کتێبەکەیە کە تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر سەلاحەدینی ئەیوبی. ئەوەی تا بەر لەم کتێبە لەبارەی سەلاحەدینەوە دەمزانی تەنها سەلاحەدینێکی داگیرکراوی ئایدۆلۆژی بوو، بەڵام لەم کتێبەوە بەر سەلاحەدینێکی دیکە دەکەوین کە هەست بەوە دەکرێت ڕاستەقینەکە بێت نەک دروستکراوەکە. نووسەر بە وردی ئیشی لەسەر ساخکردنەوە ڕۆڵ و پێگە و کاریگەریی سەلاحەدینی ئەیوبی کردووە و ئەمەش جێگەی ڕامان و دووبارە وردبوونەوەیە لە هەموو ئەو کتێبانەی تا هەنووکە لەسەر ئەم کەسایەتییە نووسراون.
نووسەر لە بەشەکانی دواتردا تا بەشی دەیەم، کە کتێبەکە بۆ دە بەش دابەش کراوە گەشێکی چڕوپڕ و بەسوود بەنێو مێژووی کورددا دەکات و لە کۆتایی هەموو بەشێکیشدا ڕامانی خۆی لەبارەیەوە دەخاتەڕوو. خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم کتێبەدا ئەوەیە کە نووسەر بەپێی بەڵگەنامەکان و ساخکردنەوەیان قسە دەکات، بۆیە ئەم کتێبە تەنها ڕامان نییە لە مێژووی کورد، وەکو نووسەر خۆی لە ناونیشانی دووەمی کتێبەکەدا باسی دەکات، بەڵکو ساخکردنەوەی بەشێک لە مێژووی کوردە، کە ئەمە ئیشی هەموو مێژوونووسێکی ڕاستەقینەیە. بۆیە بەم کتێبە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند بووە و دەستخۆشی بۆ نووسەر و بەهیوام لەم ڕامان و ساخکردنەوانەی بەردەوام بێت.