بەیانیان گوێ لە هەناسەکانی با بگرە..

گەردین بەرزێوەیی

نازانم تۆ ئێستا چی دەکەی, وەلێ من گوێ لەو گۆرانیە فارسیيە دەگرم کە تۆ پێش چەند ڕۆژێک بۆمنت نارد.. پێموایە هونەرمەندەکە ناوی “ئەفشینە”. هەرچەند لە هیچ وشەیه‌ک تێناگەم بەڵام ئاوازاکەیم پێخۆشە.
کە گوێ لەو گۆرانیە دەگرم هەست دەکەم دەبمە مرۆڤێکیتر. هەست دەکەم ئینسانێکم تازە هەست بە چێژی ژیان دەکەم و ئەلعان دەزانم ژیان چ مانایەکی گەورەی پێبەخشیوین. ئێستا دەزانم ماڵ بەبێ مۆسیقا وەکو جه‌هەننەمێک وایە.
ئازیزەکەی بەر دڵی من.
ڕەنگە”هەموومان لە ساتەکانی ماندووبوون و غەمباری دا پێویستمان بە شوێنێکی ئارام هەبێ بۆی بچین. تا لەوێ لەگەڵ خۆماندا بە تەنهایی پیاسەیەک بکەین.”
منیش لەگەڵ گوێ گرتن لە “ئەفشین” مەلی خەیاڵم باڵ دەگرێ دەڕوا. دوور دوور دەڕوا. بەس “ئەمجارەیان حەزدەکەم چاوەکانی تۆم لەگەڵدابن تا تۆش هەموو ئەو شتانە ببینیت کە من نایانبینم”
تا تۆش هەست بە هەموو ئەو شتانە بکەیت کە من درکم پێیانەوە نەکردوە.
تا تۆ هەموو ئەو دیمەنانەم بۆ شەرع بکەی. کە من سەرم لێیان دەر ناچن.
ئێستا من گوێ لە گۆرانیيەکە دەگرم و “لەوە زیاتر ناهێڵم کات تێپەڕێ. بۆئەوەی هەموو ئەو بینینانە بهێنمە ناو خۆمەوە چاوەکانتم دزیون. ئەوەتا بەهێمنی بەتەنیشت منەوە ڕێگا دەبڕی”
ئاخر پێموایە ڕۆژێ دێ من و تۆ, هیندە لە یەک نزیک دەبین تا دەتوانین هەناسەکانی یەکتر بژمێرین.
ئاخر لە هەموو ئەو وێنانەی بۆ منت ناردوون من چاوەکانتم خوێندۆتەوە. لەوە تێگەیشتووم چاوەکانی تۆ چاو نین، دوو ئاوێنەی گەورەن, ژیانیان تیادا دەبینرێ.
ئەرێ بەڕاست؟ بۆچی من باسی ژمارە دووم کرد؟ یانی بۆچی گوتم چاوەکانی تۆ دوو ئاوێنەن؟
سەیرە..! بۆ هەرلایێ ئاوڕ بەمەوە, ژمارە دووی لێیە.
رەنگە من چانسم لەگەڵ ژمارە دوو هەبێ دەنا بۆچی، من لە 22 ساڵی دەستم کرد بە جگەرەکێشان دوای 22 ساڵ لە 22 ی مانگ وازم لێ هێنا.
ئەزانی زۆر سەیرە زۆر.
ئەها بەبیرتە ئەو رۆژەش سەعات دوو بوو تۆ گوتت من لە پارکی 22 ی گوڵانم.
ئەرێ بەراست؟ تۆش پیت وانیە دووبارە بوونەوەی ئەو هەموو دووانە لە ژیانی من دا ئاساییی نیە؟!
حەزەکەم ئەوەش بزانێ من بۆ ئەوەی هەرگیز لەبیرت نەکەم زۆر هەوڵم داوە بتنووسمەوە, بەڵام نەمتوانیوە.
ئاخر من دەمەوێ بتخەمە ناو دێرە شیعرێک و
هەموو ئێوارانێک بتخوێنمەوە.
یان بتکەم بە تابلۆیەک و لە ژوورەکەم بە ژوور سەرما هەڵت واسم.
تۆش بۆ ئەوەی منت هەر لە خەیاڵ بێ.
بەیانیان گوێ لە هەناسەکانی با بگرە.
نیوەڕوانان لە ترپەی دڵی خۆر.
عەسران لە شیعرێکی “مەحوی”