ئارام کۆشکی
جۆرەکانی نەفرەت زۆرن، بەڵام ئەو نەفرەتەی کە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لە کۆڵی بێتەوە نەفرەتی نەزانینە. نەزانین نەفرەتێکە مرۆڤ ناتوانێت لێی قوتاربێت، چونکە چاو و دیدگا و عەقڵ و هەستی دەبەسترێت و بۆ هەمیشەیی لە چواردیواری دۆگماییدا دەمێنێتەوە. نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەن ئەم نەفرەتە تێدەپەڕێنن و دونیایەکی نوێ بۆ داهێنان دەدۆزنەوە، کە جیاوازە لە دونیای ئەوانی دیکە. بۆیە داهێنان و کەشفکردن دۆزینەوەی داهێنان و کلیلی تێپەڕاندنی نەزانینە و خۆڕزگارکردنە لە نەفرەتەکەی.
هەفتەیەک زیاترە کۆمەڵێک نووسەری کورد، نووسەرگەلێک کە تەنها وشە ڕیز دەکەن و مەعریفە بەرهەم ناهێنن و ئاگاداری دونیای نووسین و مەعریفە نین، بەڵکو زیاتر خۆیان بە دونیاکەیدا هەڵواسیوە و بەدوای ئەوەوەن، کە دەستکەوتیان لێی دەست بکەوێت. دێن و باسی لێکچوونی ناونیشانی دوو کتێب دەکەن، کە یەکیان نووسەرەکەی عەرەبە و ئەوی دیکەیان نووسەرەکەی کوردە. ئەوان دێن و نووسەرە کوردەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە ناونیشانی کتێبەکەی لە نووسەرە عەرەبەکە دزیوە! ئیدی نە باسی ناوەرۆکی کتێبەکە دەکەن، نە هیچ شتێکی دیکە.
لە ڕاستیدا لێکچوونی ناونیشانی کتێب کێشە نییە، بەڵکو ئەوەی کێشەیە لێکچوونی ناوەرۆکی تێکستە، چونکە لە دونیادا چەندین ناونیشانی کتێب هەن، کە لێکچوون و کەسیش نەیگووتووە ئەوە کێشەیە، بەڵام لای بەناو ڕۆشنبیرەکانی کورد، کە ئاستی مەعریفی بەشێکیان لە نزمترین ئاستدایە بووەتە کێشە. لەم نووسینەدا تەنها ئاماژە بە ناونیشانی دوو ڕۆمانی زۆر دیاری دوو نووسەری بیانی دەکەم، بۆیە ئەم نموونەیەش باس دەکەم، چونکە هەردوو ڕۆمانەکە بە کوردی بەردەستن.
بەفر، ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەری وەرگری خەڵاتی نۆبڵ ئۆرهان پاموک-ـە و لە ساڵی 2006 خەڵاتی نۆبڵی بەدەست هێناوە. هاوکات بە هەمان ناونیشانەوە ماکسێنس فێرمین نووسەری فەرەنسی ڕۆمانێکی هەیە. ڕۆمانی یەکەم (ئەوەی ئۆرهان پاموک) باس لە دۆخی ناوخۆی تورکیا و ئەو ململانێیانە دەکات، کە لە شارۆچکەیەکی وەکو “قارس”دا لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان و چینە جیاوازەکاندا ڕوو دەدەن. ڕۆمانەکە چەندین چیرۆکی دیکەی لە خۆگرتووە. بەڵام ڕۆمانەی فێرمین باس لە چیرۆکی فێخوازێک دەکات، کە حەزی لە مۆسیقا و شیعرە و دەیەوێت لە هونەری شیعریی ژاپۆنیدا شارەزایی پەیدا بکات و چیرۆکەکەش هەر لە ژاپۆن ڕوو دەدات. ڕۆمانەکە لە چەشنی ڕۆمانە مینیماڵەکانە، کە بەشی کورت و زمانێکی تژی لە شیعریەتی هەیە.
لەم کورتە ناساندن و بەراوردەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەردوو ڕۆمانەکە ئەگەرچی هەڵگری یەک ناونیشانن (بەفر)، بەڵام لە ناوەرۆکدا جیاواز و لە قەبارەشدا جیاوازن، چونکە ئەوەی ئۆرهان پاموک دە هێندەی ئەوەی فێرمینە. بەڵام دەپرسین بۆچی لێکچوونی ئەم دوو ناونیشانە لە هیچ کام لەو دوو وڵاتەدا نابێتە کێشە و نووسەر و ڕۆشنبیرەکانیان خۆیانی پێوە خەریک ناکەن، ئایا ئەمە پرسێکی لاوەکییە، یان جەوهەرییە؟
بێگومان ئەم جۆرە پرسانە (خۆ خەریککردن بە لێکچوونی بەناونیشانی کتێبەوە) پرسێکی مەعریفی جیدی نییە. بۆیە هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک وزەیەکی داهینەرانە و مەعریفی هەبێت خۆی بەم پرسە لاوەکیانەوە خەریک ناکات، بەڵام بەناو نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی دونیای کوردی لەبەر بچووکی و بێمەعریفەییان خۆیان بەم پرسانەوە خەریک دەکەن و دەبێتە پرۆژەی سەرەکییان، چونکە نەخوێندەوارترن لەوەی ئەم نموونەیەی باسکرا بیبینن، یان ڕۆمانی “دایک”ی مەکسیم گۆرگی و بەهەمان ناونیشانیشەوە “پێرل باک”یش ڕۆمانێکی دیکەی هەیە. ئەوەی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی بە چەقبەستووی هێشتووەتەوە نەخوێندەواری و دووربوونیەتی لە کتێب و مەعریفە. بەشی زۆری ئەوەشی لە کتێب و مەعریفەوە نزیکە تەنها بەر ڕووکەشەکەی کەوتووە و نەبووتە خاوەنی چاوێکی دیکە بۆ بینینی دونیا و کردنەوەی پەنجەرەکی نوێ بۆ ئاسۆفراوانی.
نووسەر و ڕۆشنبیری کورد تا لە یەک پەنجەرەوە سەیری دونیا بکات و یەک ڕوانینی هەبێت بۆ هەموو شتەکان و دووربێت لە کتێب و شارەزایی دۆخی ڕۆشنبیریی وڵاتانی دیکە نەبێت لە چەقبەستوویی و یەکنیگاییدا دەمێنێتەوە و پێیوایە دەبێت هەموو ڕۆشنبیرێک بە فلتەر و قاڵب و بۆچوونەکانی ئەودا تێپەڕێت ئەوسا نووسەرە. خۆ ئەگەر نووسەرێک سەرزەمینی دیکە بۆ داهێنان دۆزییەوە ئەوا هەرزوو بەر نەفرەتی نەزانی ئەوان دەکەوێت لە چەشنی ئەو نووسەرە کوردەی تەنها ناونیشانی کتێبەکەی لە نووسەرە عەرەبەکە چووە.
زۆرن ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرە کوردانەی بەر نەفرەتی نەزانین کەوتوون و توانای قوتاربوونیشیان نییە لێی، بۆیە هەر لەنێو ئەو بازنەی نەزانینەدا دێن و دەچن بەبێ بوونی پرۆژەیەکی مەعریفی نوێ.