لەم ژمارەیەوە ڕامان مانگانە دەردەچێتەوە

ئازاد عەبدولواحید, (سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان)

  • بە دەرچوونی ئەم ژمارەیەی ڕامان (ژ: 311)، زۆر ئاسوودەم، ئەو ڕووداوە بە ڕۆژێکی گەشی ژیانم دەزانم، ئیدی گۆڤارەکەمان وەک جاری جاران گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی، لە مەولا مانگانە دێتەوە بەردەست و دیدەتان، گومانم لەوەشدا نییە سەرلەنوێ دەرچوونەوەی (ڕامان)ی مانگانە چەند منی پێ کەیفساز بووم، ئەوەندەش دەبێتە مایەی دڵخۆشیی نووسەران و خوێنەران.
  • ئەم هەنگاوە کارێکی وا دەکات پتر لە جاران پرد و ڕایەڵی پێوەندییەکانمان لەگەڵ نووسەران توندوتۆڵ و تۆکمە بکەینەوە، پێوەندیشمان لەگەڵ خوێنەرەکانمان لە جاران قایم و پتەوتر بکەینەوە. لێرە بەدواوە ڕامان باشتر بە بڵاوکردنەوەی نووسین و داهێنانی داهێنەکانمان ڕادەگات، لێرەوە بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردن لەو نووسەرانە بکەین کە بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەوە، ئەگەر بەرهەمەکانیان درەنگ بڵاوبووبێتەوە و ئەوانەی لەگەڵمان پشوودرێژ بوون، نازیان بەسەرمانەوە هەیە و ئێمەش لە داهاتوودا بایەخی زیاتر بە بابەتەکانیان دەدەین و بە زوو بڵاوکردنەوەیان قەرەبوویان دەکەینەوە.
  • هەرگیز بە خەیاڵماندا نەدەهات ڕۆژێک لە ڕۆژان گۆڤارەکەمان ڕابوەستێ، یان بە دوو مانگ جارێک دەربچێ، ئەوە بارودۆخێکی ناهەموار بەسەرمانیدا سەپاند، ئەمڕۆ بە پێداگری زۆری ئێمە و بە هیمەتی کەسانی خەمخۆر، گۆڤارەکەمان کرایەوە مانگانە، پاش ئەوەی لە ژمارە (274)ـەوە تا (309 – 310) بە جووت ژمارەیی دەرچوو، ئومێدەوارم جارێکی دی دۆخی وەها خراپ بە خۆمانەوە نەبینین. هەر بەبۆنەی ڕاگەیاندنی موژدەی دەرچوونی (ڕامان)ی مانگانەوە، سپاسێکی بێپایانی نووسەر و هاوکارەکانمان دەکەین کاتێ لە ساڵی (2014)ـەوە، پاداشتی نووسین ڕاگیرا، ئەوان تا دوا ژمارە دەروەستی ئەوە نەبوون و بێ بەرانبەر بۆیان دەنووسین، تەنانەت هەبوون دەیانگوت ئامادەین کۆمەک و پێتاک بۆ بەردەوامبوونی ڕامان کۆ بکەینەوە، ئەوانیش بوون کە بە گوڕوتینێکی زیاتر لە جاران چاکی مەردانەیان لێ کرد بەلادا و بێ پسانەوە و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لە گۆڤارە دڵخوازەکەی خۆیان کرد، بگرە هەرچیمان پێ دەسپاردن و داوا لێ دەکردن، بە دەنگمانەوە دەهاتن و شێلگیرانە کاریان بۆ دەکردین، ئێستەش دڵنیام پێشتر چۆن بوون، لەمەولاش هەر بەو کەفوکوڵەی ئێمەیان لەسەر ڕاهێناوە لەگەڵمان بەردەوام دەبن، بە نووسینە ناوازە و دانسقە و تایبەتییەکانیانەوە زیاتر ڕامان دەوڵەمەند دەکەن و دەڕازێننەوە، تەنیا مەرجی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە: بابەتەکانیان لە هیچ شوێنێکی دی بڵاونەکرابنەوە و ڕەچاوی (ڕێباز – نهج)ی گۆڤارەکەمان بکەن کە لە سەرەتاوە لەسەری ڕۆیشتووین.
  • هەر بەو بۆنەیەوە موژدەیەکی دیکەش ڕادەگەیەنین: ئێمە لە ئاییندەیەکی نزیکدا نیازمان وایە ساڵانە لە هەولێری پایتەخت، فیستیڤاڵی ڕامان ساز بکەین و هەر ساڵەی (لە وەرزی پاییز) لەسەر تەوەرێکی گرنگ ئیش دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش ڕووناکبیرانی کورد لە کوێی ئەو دنیایەن هان دەدەین هاوکارمان بن تا ئەم چالاکییە کولتوورییە وەک نەریتێکی ساڵانە، ببێتە گردبوونەوەیەکی ڕۆشنبیریی بەرچاو، تا ئێمەش بەشداربین لەوەی تەکانێک بە بزاڤی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیمان بدەین، بەمەش برەوی زیاتر بە ژیانی کولتووریی کوردەواری بدرێ و بیبووژێنینەوە، پتر لەگەڵ ڕیتمی شارستانیانەی سەردەم و پێشکەوتنەکانی دەست و پەنجە نەرم بکەین، لەم ئەرکە نەتەوەییەشدا چاوەڕێی قەڵەمە داهێن و کارا و جیددییەکانین کە بە بەشداربوون و پێشنیارەکانیان، ئەو فیستیڤاڵە ساڵانەیە سەربخەن.
  • ماوە بڵێم: برام د. سالار عوسمان، بۆ مێژوو دەیڵێم تۆ لەمێژە ڕێزت لە ڕەنج و تەقالای ئێمە گرتووە و (ڕامان)ت بە قەدەر ئێمە خۆش ویستووە، کورد واتەنی: قەدری زێڕ لەلای زێڕینگرە، سپاس کە قسەی خۆت بردە سەر.