عومهر حاجی
١- دایكم نیشتیمانێك بوو لە حوزن
بنیادەمێك
لەو دیو ماڵەكانی بەختەوەری.
٢- من و دایكم
ساڵانێك لە سەنگەرێكدا
لەگەڵ مەرگدا لەشەڕ دابووین
مەرگ وەك پارتیزانێكی شارەزا
لە كاتێكی نادیاردا
سەنگەرەكەی لێگرتین
لەم شەڕەدا
مەرگ دایكمی بەدیل گرت و
منیشی بە برینداری جێھێشت.
٣- دایكم درەخێك
من گەڵایەك
ھەموو شەوێ
لە خەزانی یادەوەریەكانیدا
ھەڵدەوەرم.
٤- ھەموو ڕۆژەكانی ھەفتە جوانن
تەنھا دوو شەممە نەبێت
دوو شەممە
ماچە وەنەوشەییەكانی
لێوی من و
ڕومەتەكانی دایكمی ھەڵوەراند.
٥- دایكم چرایەك بوو
ماڵەكانی بەختەوەری روناك دەكردەوە
باخچەیەك بوو
زەردەخەنەی ڕەنگاو ڕەنگی تێدا دەڕوا .