شیڤان شێرزاد – هەولێر
یەکەمین پێشانگای “تایپۆگرافیی شەقام” بۆ هونەر و کولتووری هاوچەرخ لە گەلەریی میدیادا کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا ١٦ دیزاینی نوێ وەک گەشتێک بەنێو داهێنان و بەهرەمەندی و سەلیقەی هونەرمەندان و پۆستەرەکانی سەر شەقام خرایە روو، کە هەریەکێک لە دیزاینەکان گوزارشت بوون لە سەردەم و قۆناغێکی جیاواز لە هونەردا.
ئاکام ئەحمەد یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە بە “هەولێر”ـی راگەیاند: گەشتە هونەرییەکانی دیزاینمان لە شەقامەوە هێناوەتە نێو هۆڵێکی داخراو، کە ساڵانێک بوون وەک تابلۆیەکی بازرگانی دەبینران، ئێستا بەهرەمەند و هونەرمەندانمان بەشێوەیەکی میوزیکاڵی هونەرەکانیان نمایش دەکەنەوە، کە پڕن لە داهێنان لە هونەری هاوچەرخدا.
گوتیشی: لە ماوەی ٤ ڕۆژی ئەم پێشانگایەدا زۆرترین ئارەزوومەندی هونەری شێوەکاری و هێلکاری داوایان کردووە پڕۆژەکە فراوانتر بکەین و لە شارەکانی دیکەشدا بکرێتەوە، تابلۆ کاری زیاتر پێشکەش بکەین، کە ئەمەش هاندانێکە بۆ ئێمەی گەنج و دەتوانین لە داهاتوودا کاری جوانتر پێشکەش بکەین.