زیندووێتی کتێبخانە، زیندووێتی وڵاتەفیستیڤاڵێک لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی بۆ ئاشتکردنەوەی کتێب و خوێنەر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کتێبخانەی گشتی سلێمانی ساڵانە فیستیڤاڵێک بۆ ئاشتکردنەوەی خوێنەر و کتێب و هاوکات سازدانی چەند چالاکییەکی دیکە ڕێک دەخات. ئەمساڵیش لە ڕۆژی شەممە 2ی ئەیلول فیستیڤاڵی ئەمساڵ دەستی پێکرد، کە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. فیستیڤاڵەکە جگە لەوەی پێشانگەی کتێب لە خۆ دەگرێت کە 15 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە شاری سلێمانی بەشدارییان تێدا کردووە. هاوکات چالاکی میوزیکی و گۆرانی و پێشانگەی فۆتۆگرافی و ئیشی دەستیش لە خۆ دەگرێت ئەمە بێجگە لەوەی ڕۆژانە کۆڕی شیعریی و ئەدەبی ڕێک دەخرێت. لە بەشی سینەمای منداڵانیش فیلمی پەروەردەیی نمایش دەکرێت.

سازدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەشێ ببێتە درەفەتێک بۆ ئەوەی باس لە پرۆسەی بە کولتووکردنی خوێندنەوە و چەسپاندنی پایەکانی ڕۆشنبیریی بکەینەوە. پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگەیەکدا کە خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی مۆدێرن نییە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە خێزان بە ئەرکە سەرەتاییەکانی خۆی هەڵناستێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە دۆخی ئابووری و سیاسی بە بەردەوامی ناسەقامگیرە. ئەم پرۆسەیە گەلێک سەختە. واتە ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا چەند خاڵێکی کەم ڕێگریی لە پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بگرن. ئەوا لێرە کۆمەڵێک خاڵی بنچینەیی هەیە، کە بەتەواوی پرۆسەکەی پەک خستووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ڕێگریانە چالاکی لەم شێوەیە بیرخستنەوەیەکە بۆ ئەوەی کتێب، سەرەڕای قەیرانەکان بوویەکی گرنگی نێو ژیانە. سەردانکردنی ئەو سەدان کەسە بۆ چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کتێبخانەی گشتی سلێمانی لەم هەفتەیەدا، دەبێتە خاڵێک بۆ ئەوەی لە بە کولتووکردنی خوێندنەوە نزیکمان بخاتەوە، چونکە خاڵی سەرەتا ئەوەیە بیری تاکەکانی بخەینەوە کتێب هەیە. خاڵەکانی دیکە لە دوای ئەمەوە دەست پێ دەکات و دەشێ دواتر پێیان بڵێین تا هەنووکەش سەرچاوە ڕەسەن و بنەڕەتەکەی مەعریفە هەر کتێبە و جێگرەوەی نییە.
خاڵێکی دیکەی درەوشاوەی ئەم فیستیڤاڵە ئەوەیە گرنگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی بەشی منداڵان دراوە و فیلمی پەروەردەیی تایبەت بەمنداڵان رۆژانە نمایش دەکرێت، کە ئەمەش دووبارە لەوە نزیکمان دەخاتەوە، کە بناغەی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار بچەسپینین. هەنگاوە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە منداڵانەوە دەست پێ دەکات. وەک لە سێ کتێبەکەم سەبارەت بە پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە خستوومەتەڕوو، پرۆسەکە لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە گرنگیدانی ئەمجارەی کتێبخانەی گشتی سلێمانی بە منداڵان جێگەی ئەوەیە بەرز بنرخێنرێت. دەشێ هەر لێرەوە بپەڕینەوە بۆ خێزان، چونکە ئەگەر منداڵان وشیار بکرێنەوە بەشێک لەو وشیارییە دەگوێزنەوە بۆ نێو خێزانەکانیان.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی خێزانی کوردی ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری (لێرەدا بە گشتی قسە ناکەم) تەنها گرنگی بە گەورەکردنی منداڵەکانی دەدات، یان تەنها کاتی بۆ گەورەکردنی منداڵەکانی هەیە، نەک پەروەردەکردنی. بێگومان بەشێکی زۆری کێشەکانی تاکی ئێمە ئەوەیە، کە نە لە خێزان، نە لە نێو سیستمی پەروەردە و نە لە کۆمەڵگەدا پەروەردە ناکرێن، بەڵکو زۆرجار دەزگاکانی نێو کۆمەڵگە ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆ ئاراستەکردنی تاکەکان و نموونەی ئەمەش لەنێو ڕێکخراوە توندڕەوەکاندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەستی پێ کرا. کەواتە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی وشیارمان هەبێت گرنگە پەروەردەکردن چ لەنێو خێزان چ لەنێو سیستمی پەروەردە و چ لە کۆمەڵگەدا گرنگی زیاتری پێ بدرێت، کە کتێبخانەی گشتی سلێمانی بەم فیتسیڤاڵە بەشێک لە ئەرکەکانی سەرشانی خۆیان جێبەجێ کرد. کتێبخانەی گشتی لە هەر شارێکدا بێت نیشانەی زیندووێتی ئەو شارە و هاوڵاتییەکانییەتی، خۆئەگەر کتێبخانەکە گرنگی بە چالاکی لەم چەشنە بدات، کە باسمان کرد، ئەوە پێداگرییکردنە لەسەر ئەو زیندوێتییە و هەر لێرەشەوە دەتوانین باس لە زیندووێتی وڵاتەکەمان بکەین.