ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
پەرتووكی “مێژووی زمانی كوردی” كە پێشەكیی قامووسی زمانی كوردی لە لێكۆڵینەوە و ئامادەكردنی م. عەبدولڕەحمان زەبیحی لە ساڵانی زوو بوو، لەلایەن خانەی ڕاژە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەك كتێبێكی سەربەخۆ چاپ و بڵاو كرایەوە.
عەبدولڕەحمان زەبیحی یەكێك لە گرینگترین زمانناسەكانی كوردە كە شارەزایییەكی تایبەتی بەسەر زمانی كوردی و شێوەزارەكانیدا هەبووە و چەندین وتاری زانستیی لەسەر زمانی كوردی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمدا چاپ و بڵاو بووەتەوە كە بوونەتە سەرچاوە بۆ لێكۆڵینەوەی زمانی كوردی.
بە پێی ڕاگەیێنراوێكی ناوەندی نووسەرانی كوردستان كە ئاماژەی بەوە داوە زەبیحی لە پڕۆژەیەكی درێژخایەندا دەستی داوەتە كۆكردنەوەی وشەی كوردی تاكو فەرهەنگێكی دەگمەن پێشكەش بە زمان و كتێبخانەی كوردی بكات و ئەم پڕۆژە تایبەتەی خۆی لەژێر ناوی “قامووسی زمانی كوردی” چاپ و بڵاو كردووەتەوە كە دوو بەرگی ئەم قامووسە واتە پیتی “ئـ” و پیتی “ب”ی لە كاتی ژیانی خۆیاندا لە چاپخانەی كۆڕی زانیاریی كورد چاپ و بڵاو كرایەوە، بەڵام بەداخەوە بەرگەكانی تری ئەم قامووسە زێڕینە دوای شەهیدکەوتنی مامۆستا زەبیحی بە دەستی حكوومەتی بەعسی عێراق، گوم بوون و دیار نەماون.
م. زەبیحی لە دەستپێكی بەرگی یەكەمی قامووسەكەیاندا ئاوڕی داوەتەوە لە مێژووی زمانی كوردی و لێكۆڵینەوەیەكی وردی بۆ مێژووی ئەو زمانە لە سەردەمی مادەكانەوە و هەروەها دوای ئیسلام كردووە و ئاوڕی داوەتەوە لە چۆنیەتیی درووستبوونی شێوەزارەكانی زمانی كوردی و گیروگرفتی ڕێنووسی كوردی و چەندین بابەتی تر كە ئەوەندە بەپێزە کە دەکرێ ببێت بە كتێبێكی سەربەخۆ لەبارەی مێژووی زمانی كوردی و هەروەها ببێتە سەرچاوەیەكی زانستی بۆ وانەوتنەوەی مێژووی زمانی كوردی.
لەم بارەیەوە خانەی ڕاژە لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە؛ بەو مەبەستە ئێمە لە خانەی ڕاژە بڕیارمان دا كە ئەم بەشە لە قامووسە زمانەوانیە كوردیەكەی مامۆستا زەبیحی وەك كتێبێكی سەربەخۆ لە چاپ بدەین. بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم بیرۆكەیە پێوەندیمان کرد بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا زەبیحیەوە تاكو داوای ڕێپێدانی چاپی ئەم بەشە لە قامووسی زمانی كوردی وەك كتێبێكی سەربەخۆ لەژێر ناوی “مێژووی زمانی كوردی” وەرگرین كە بە خۆشحاڵییەوە بنەماڵەی مامۆستا بۆ ئەم كارە پێشوازییان كرد و پێشنییاریان دا كە لە دوای دەقی مامۆستا زەبیحی بابەتێكی دوكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف و دوو بابەتی دوكتۆر ئەمیر حەسەنپوور كە پێوەندییان هەیە بە زمانی كوردی و بە مامۆستا زەبیحیەوەی لێی زیاد بكەین.
هەروەها ئاماژەشیان بەوە كردووە كە قامووسی زمانی كوردی سەرەتا لە چاپخانەی كۆڕی زانیاریی كورد چاپ و دواتر لە ڕۆژهەڵات لە بڵاوگەی سروە سەر بە گۆڤاری سروە چاپ و بڵاو كرایەوە.
هەرچەند دوكتۆر ئەوڕەحمان حاجی مارف لە وتارێكدا كە وڵامی دوكتۆر “جەماڵ نەبەز”ی داوەتەوە، نووسیویەتی؛ مامۆستا زەبیحی كێشەی لەگەڵ ڕێنووسی كۆڕ هەبوو، بەڵام چوونكە كتێبەكە لەلایەن كۆڕەوە چاپ و بڵاو كرایەوە، ئەم ڕێنووسەی قەبووڵ كرد. دواتر كە قامووس لەلایەن سروەوە چاپ كرایەوە گەلێك گۆڕانكاری لە ڕێنووس و تەنانەت لە نێوی كتێبەكەشدا كرا.
هەروەها خانەی ڕاژە لەم پەیوەندییەشدا ڕایگەیاندووە: “بەو هۆكارە كە ڕوون نییە مامۆستا زەبیحی پابەندی چ ڕێنووسێك بووە و چونكە لە كاتی ژیانی خۆیاندا كتێبەكە لەلایەن كۆڕەوە چاپ كراوە، ئێمەش بڕیارمان دا كە بۆ چاپی ئەم كتێبە ڕێنووسی بڵاوگەی ڕاژە نەكەینە بنەما و بەپێی ڕێنووسی كۆڕ كتێبەكە لە چاپ بدەین. لە كۆتاییدا ڕێز دەگرین لە هەموو ئەو كەسانەی كە لە چاپی ئەو كتێبەدا یارمەتیدەرمان بوون بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا زەبیحی”.
عەبدولڕەحمان زەبیحی لە پێشەكی كتێبی “قامووسی زمانی كوردی”دا ئاوڕێك لە مێژووی زمانی كوردی دەداتەوە و لە زمانی سەردەمی مادەكانەوە شرۆڤەی خۆی دەست پێ كردووە و هەروەها زۆر بابەتی مێژوویی و گرینگی زمانی كوردیی دەهێنێتە بەرباس و لێكدانەوە.
ئەو پێشەكییەی كە زەبیحی لەسەر مێژووی زمانی كوردی نووسیویەتی، لە دووتوێی ئەو كتێبەدا چاپ كراوەتەوە و هەروەها لە كۆتاییدا نامەگۆڕینەوەی ئەمیر حەسەنپوور و عەبدلڕەحمان زەبیحی كە لەسەر زمانی كوردییە و وتارێكی ئەمیر حەسەنپوور بە نێوی “بەربینگی زمانی كوردی بەر بدەن”، لێی زیاد كراوە.