یونس ڕەزایی
یەکیەتی سۆڤیەت” لە سەردەمی “ژۆزێف ئیستالین”دا، بە تەواوی بەرەو حکوومەتێکی تووتالیتێر هەنگاوی هەڵهێناوە و لە پاش شەڕی جیهانی دووەم، بوو بە نموونەیەکی ناوازەی ئەو شێوە حکوومەتدارییە. توتالیتاریسم چەشنێک لە حکوومەتدارییە کە دەستەڵات تێی دا، لەوپەڕی گرینگی دایە و ئەو دەسەڵاتە بە ساز کردنی کەشێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکە و تۆقاندن رادەگیرێ و کۆمەڵگا دەبێتە پانتایی تەڕاتێنی هێزە شاراوە و ئەمنییەتییەکانی سەر بە حوکوومەت. دەوڵەت لە تێکڕای کار و باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و فێرکاری و پیشەسازی و …دا دەستی ئاواڵەیە و هیچیان لە ژێر چاوەدێری ئەودا ناتوانن لە سنوورە دیاریکراوەکان تێبەپەڕن.
لەو شێوە حکوومەتەدا، یاسا هەر لە لایەن خودی دەوڵەتەوە رێک دەخرێ و لە رێی ئەو یاسایەوە پانتای تایبەتی ژیانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ دەکرێ. یەکێک لەو بیرمەندانەی لەو بوارە دا نووسینی زۆر و تیۆری تایبەتی هەیە “هانا ئارێنت”ە. ئارێنت پێی وایە ئەو شێوە نوێیەی دەسەڵاتداری لە رێژیمە سیاسییەکان دا، لە سەر بنەمای ترس و تۆقاندن و تێرۆر دامەزاروە. لەو رێژیمانەدا پڕۆپاگانده، سیستەمی پۆلیسی شاراوە، قەیران سازی، دوژمن ساز کردن، پیرۆزی بەخشین بە رێبەر لە خاڵە سەرەکییەکانن.
وەک کوترا “ئیستالینسیم” یەکێک لەو رێژیمانەیە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتیکی تووتالیتێر دامەزرابوو. ئیستالین پاش ئەوەی ساڵی ١٩٢٤ بوو بە جێگرەوەی “لێنین”، حەولی دا کۆی ئەو خاڵانەی باس کرا لە یەکییەتی سۆڤییەت رەچاو بکرێ و رێژیمێکی هەمەشت خواز و تووتالیتێر دابمەزرێنێ کە تێیدا بە هەزارن و بگرە سەدان هەزار جودا بیر کوژران و بە سەدان هەزار کەس لە ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێ دا، گیانیان لە دەست دا. کەسایەتی ئیستالین تا ئاستی کەسایەتێکی پیرۆز بەرز کرایەوە و ئیدئۆلۆژی حیزبی کۆمۆنیست بە راڤەی ئیستالین، بوو بە یاسای گشتی لەو وڵاتە. کۆی وڵاتەکانی ناو جوغڕافیای ئەو یەکییەتییە، لە ژێر چاوەدێری پۆلیسی شاراوە دا، تاریکترین رۆژەکانیان بردەسەر. دوژمن بۆ ئەو سیستەمە حکوومەتییە، هەموو وڵاتانی لیبڕاڵ و رۆژ ئاوایی بوون و هەر کەسێک بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ ئەوانە گیرابا، لە ئۆردووگای کاری زۆرەملی بە دەیان ساڵ کاری پێدەکرا.
لەو حکوومەتدا کەم نەتەوە هەیە بەشی خۆیانیان خەسار پێ نەگەیشتبێ. نەتەوەی کوردیش بەشێکی زۆری لە چارەڕەشی و گیران و ئەشکەنجە لەو سیستەمە سیاسییەی ئیستالین دایڕشتبوو وەبەرکەوت .
پێشتر لە کتێبێک دا بە ناوی ” کەس لە ماگادان پیر نابێ”، شێوەیەک لە ژیانی مرۆڤی دەرەوەی یەکییەتی سۆڤیەتم لەو وڵاتەدا خوێندبۆوە. ئەو کتێبە بەسەرهاتی “دکتۆر عەتا سەفەوی”یە. دکتۆر سەفەوی کە ئەندامی “حیزبی تودە”ی ئێران دەبێ، لە ئێران رادەکا و لە سنوورەوە دەپەڕێتەوە و پاش گیرانی، دەساڵ لە ژیانی دەنێردرێتە ئوروودگای کاری زۆرەملی لە “ماگادان”. گێڕانەوەی سەفەوی لەو دە ساڵەدا، کارەساتێکت لەبەرچاو دەنوێنی کە جێی بڕوا نییە. و بۆیەش ناوی کتێبەکەی وا هەڵبژرادووە، چون لە سەدان کەس کە دەچنە ئەوێ، هەر چەند کەسێکیان دەمێنن و ئەوانی دیکە هەر لە تەمەنی کەم دا، لەژێر شکەنجە و کاری تاقەت پرووکێن دا دەمرن. بۆیە سەفەوی پێی وایە کەس لەوێ پیر نابێ، بەڵکوو هەموو هەر بە لاوی دەمرن.
ئەوە ئەزموونی کەسێکی ئێرانی بوو، لەو کتێبەدا “ئەتابەک فەتحوڵلازادە” وتوێژیکی دوور و درێژ لەگەڵ دکتۆر سەفەوی دەکا و ئەو رابردووەی پێدەگێڕێتەوە. دواتر هەر لەسەر بنەمای ئەو کتێبە فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیانی دکتۆر سەفەوی ساز دەکرێ بە ناوی “پاشماوهی ماگادان”. بەڵام لە کتێبی ” لەمەهابادەوە تا بایکانوور” لە نووسینی “دکتۆر رەحمان حەلەوی” لەگەڵ بیوگرافی رووبەڕووین. نووسەر ژیانی خۆی بە زمانی فارسی نووسیوەتەوە و لە لایەن “مامۆستا رەسووڵ سوڵتانی”یەوە کراوەتە کوردی . لەو کتێبە دا، ئەزموونێکی تەواو هاوشێوەی دکتۆر سەفەوی دەخوێنینەوە، بەڵام ئەوجار لە زمان کوردێکەوە .
خوێندنەوەی کتێبی دکتۆر حەلەوی بە چەند هۆ جێگای سەرنجە؛
یەکەم؛ ئەوەی کە دیمەنێک لە مەهابادی ساڵەکانی دەیەی بیستی هەتاوی لە بەرچاوی خوێنەری کورد دەنەخشێنێ و بەرە بەرە شکڵ گرتنی سیستەمی مودێڕن و هاتنە کایەی دیاردە مودێڕنەکان لە شاری مەهاباد دا باس دەکا.
دووەم؛ لە باری جوغڕافیای شارییەوە، بە جوانی وەسفی کووچە و کۆڵان و گەڕەک و بنکە و دامەزراوەکانی ئەو شارە دەکا و وەک رۆماننووسێکی کە رۆمانی مێژوویی نووسیبێ، وەسفەکانی ورد و گیاندار و راستەقینەن و دەکرێ سیمای مەهابادی ئەوسەردەمی لێ بکەیە فیلم یان نەقاشی بکەی.
سێیەم؛ وێنەیەکی باش لە سیستەمی پەروەردەی مەهاباد بەدەستەوەدەدا و پلەکانی خوێندن و گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی ئەو بەشە زۆر بە وردی باس دەکا.
چوارەم؛ یەکێک لە رووداوە سروشتییە گەورەکانی مەهاباد کە بریتییە لە سێڵاوی ماڵوێرانکەری مەهاباد، بە وردی دەگێڕێتەوە و کەسێکە کە لە نزیکەوە ئەو رووداوە مێژووییەی دیوە و هەم چۆنەتی و هەم ئاکامەکەی باس دەکا.
پێنجەم؛ لەیەکەم کەسانێکە بانگێشتن دەکرێ بۆ ئەندامەتی لە “کۆمەڵەی ژێکاف” و دەبێتە ئەندام. ئەگەرچی زۆر کەم بە درێژایی کتێبەکە باسی چالاکیی خۆی لەو کۆمەڵەیەدا دەکا، بەڵام هێندێک راستی لەو بارەیەوە دەنووسێ و لە هەمووان گرینگتر ئەوەیە راستگۆیانە هەڵەیەک راست دەکاتەوە کە لە کتێبەکاندا کراوە و گۆیا ناوی ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف تۆمار کراوە . حەلەوی دەڵێ من لە یەکەم کەسەکان بووم کە بانگێشتن کراوم و بوومە ئەندام، بەڵام دامەزرێنەر نەبووم و ناوی کەسانی دامەزرێنەر دەبا.
شەشەم: لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا، مامۆستای قوتابخانە بووە و وەسفی ئەو لە کەسایەتیی کەسانی وەک “قازی موحەممەد” و “سەیفی قازی” و “سەدری قازی” زۆر راستی روون دەکەنەوە.
هەروەها باسی تێکەڵاویی بارزانییەکان لەگەڵ کۆمار و کاریگەرییان لەو بزووتنەوە نەتەوەییەدا خاڵێکی بەرچاوی نووسینی حەلەوی پیک دێنێ.
حەوتەم؛ وەرگیرانی لە زانکۆی پزیشکی باکۆ دەگێڕێتەوە و جیاوازیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی دوو وڵاتی “ئازەربایجانی سۆڤیەت” و کوردستان تێیدا بە جوانی خۆ دەنوێنێ.
هەشتەم: باسی کوردانی نیشتەجێ و خوێندکاری سۆڤیەت دەکا. تایبەتمەندییەکانی هەرکام لەو کوردانە دێنێتە گۆڕێ کە دواتر هەرکام لەوانە دەبنە کەسایەتییەکی ناوبەدەرەوەی کورد لە بوارە جوداکان دا. بۆ وێنە باسی ئەو کەسانە دەکا؛”مەلا مستەفا بارازانی”، “سەید عەبدولعەزیز گەیلانیزداە”، “دکتۆر عەلی گەلاوێژ”، “کەریم ئەییوبییان”، “رەحیمی سەیفی قازی” و زۆری دیکە. لەناو ئەوانەدا، باس لە کێشەیەک دەکا کە تا ئێستاش و بە درێژایی مێژوو کورد پێوەی ناڵاندویەتی و ئەویش دووبەرەکایەتی و ناکۆکی کوردەکانە لەگەڵ یەک، کە لەو نێوەدا رۆڵی رەحیمی قازی بە نەرێنی باس دەکا و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکرانی لە زانکۆ و نێردرانەوەی بۆ ئێران.
نۆیەم: گێڕانەوەی سەرلەنوێ راکردنی دکتۆر حەلەوییە بۆ سۆڤییەت بە تەمای خوێندن و درێژە دان بە دەرسی پزیشکی. لەو حەولەی دا ناسەرکەوتوو دەبێ و دەگیرێ و بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەنێردرێ بۆ چەند ئوردووگای کاری زۆرەملی و یەک لەوان “بایکانوور” . گێڕانەوەی حەلەوی لەو سەردەمەی ژیانی سەرنج راکێش و لەهەمان کات دا جێگای خەم و پەژارەیە.
دەیەم؛ زەنگی کلیساکان لێدەدرێن، زەنگی شەمەندەفەرەکان لێدەدرێن ، زەنگی قوتابخانەکان لێدەدرێن، زەنگی کارخانەکان لێدەدرێن و وڵات بێدەنگ دەبێ. ئەوە نیشانەی کۆتایی هاتن بە تەمەنی دیکتاتۆری ناسراوە. سەرەنجام پێنجەمی ماڕسی ١٩٥٣ ژۆزێف ئیستالین دەمرێ و بەرە بەرە دۆخی ئوردووگاکان و کۆی وڵاتی یەکیەتی سۆڤیەت دەگۆردرێ. گێڕانەوەی دکتۆر حەلەوی لەو سەردەمەش زۆر راستگۆیانە و بە ئینسافانەیە و لە ئاکام دا هەرچەند دەیتوانی وەک دوکتۆر سەفەوی لەو وڵاتە بمێنێتەوە و دەرس بخوێنێ، بڕیار دەدا لە و ڵاتێکی تووتالیتردا نەمێنێتەوە و بارگە و بنەی دەپێچێتەوە و دێتەوە ئێران.
یازدەهەم: گێڕانەوەی دکتۆر رەحمان حەلەوی لە دۆخی سیاسی و سیستەمی دەسەڵات لە ئێرا نی سەردەمی “موحمەد رەزا شای پەهلەوی” جێگای تێڕامانە. لێرەش ئەگەرچی سیستەم بەو رادەیەی یەکیەتی سۆڤیەت سەرکوتکەر نییە، بەڵام شێوەیەک لە دیکتاتۆری لە گۆڕێ دا، پەراوێز خستنی نەتەوە بن دەستەکان و هێزە چەپەکان لە چڵەپۆپەی خۆیەتی. دژایەتی کورد بەتایبەت لە دەستووری کاری رێژیمی پاشایەتی دایە و بە سەدان چالاکی سیاسی لە بەندیخانەکانی رێژیم دان. لەو بەشەدا هەم ئەو دۆخە تاوتوێ دەکا و هەم ئاوڕ لە سیستەمی گەندەڵی ئیداری ئەو دەمی ئێران دەداتەوە.
دکتۆر رەحمان حەلەوی رێگای خوێندنی پزیشکی لە زانکۆکانی ئێران لێدەگیرێ و لە مامۆستایەتی قوتابخانە وەلا دەندرێ و لەئاکام دا بڕیار دەدا لە ئازموونی لقی یاسای “زانکۆی تاران”دا بەشدار بێ و سەرەنجام پاش ماوەیەکی زۆر دەتوانێ لەو لقەی زانست دا دکتۆڕا وەربگرێ و وەک پارێزەر بگەڕیتەوە زێدی خۆی مەهاباد و خەریکی کار و باری پارێزەری بێ .
هەر دوو کتێبی “کەس لە ماگادان پیر نابێ” و “لە مەهابادەوە تا بایکانوور” گێڕانەوەیەکی هاوشێوەی دوو کەسی خولیای خوێندن و بە تایبەت خوێندنی وانەی پزشکین. هەر دووکیان بۆخۆیان بە بیر و باوەڕ چەپن، بەڵام لە لایەن رێژیمێکی کە خۆی بە داشداری ئەو بیرە دەزانێ دەگیرێن و دەنێردرێنە ئوردووگای کاری زۆرەملی و بە هەردووکیان هەژدە ساڵ لەو ئۆردووگایانە دەمێننەوە. هەر دووکیان پاش رزگاری لە مەرگ و ئۆردووگای زۆرەملی، دیسان تێهەڵدەچنەوە، بەڵام یەکیان هەر لە سۆڤیەت و یەکیان لە ئێران. دکتۆر سەفەوی دەبێتە پزیشک و دکتۆر حەلەویش دەبێتە دکتۆری بواری یاسا. گێڕانەوەیە ئەو دوو نووسەرە، گێڕانەوەیەکە لەمەرگەوە بەرەو ژیان .