یەکێک لەو دەقە گرنگ و بنچینەییە مێژووییانە دەبوو ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بیری لێ بکرێتەوە بکرێت بە کوردی دەقی “ئینانا” ئەو شاخاتوونەی نێو ستران و سەربوردەکانی سۆمەری. دەقەکە دەقێکی مردوو نییە تا نەتوانین بۆ ئێستا سوودی لێ وەربگرین، بەڵکو دەشێ ببێتە ئیلهامبەخشی جۆرێک لە ئازادی تاک و داگیرسانەوەی مۆمێکی نوێ لەم تاریکستانەی نەریت و ئایین بۆ مرۆڤی دروست کردووە. وەرگێڕانی ئەم دەقە لەلایەن هەردوو وەرگێڕ “دەشتی مەحمود و زەردەشت نوورەدین” جێگەی دەستخۆشی و ستایشە و ئەوەی زیاتر دەبێت دەشتخۆشی لەبارەوە بکەین ئەو شرۆڤانەیە کە هەردوو وەرگێڕ بۆ دەقەکەیان کردووە، کە گەلێک بەهادارە و بەستنەوەیەتی بەڕۆحی ئەمڕۆوە. ئەم دەقە لەژێر ناونیشانی “ئینانا؛ شاخاتوونی ژن ژیان ئازادی” لە دوتوێی 410 لاپەڕەدا لەگەڵ کۆمەڵێک شرۆڤە و نووسین لەباریەوە بڵاوکراوەتەوە.
لە پێشەکی هەردوو وەرگێڕدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت، بەناوەکانی «پەرتووکی یەکەم: ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی؛ سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر» و «پەرتووکی دووەم: بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا». پەرتووکی یەکەم لە پێشوتەی وەرگێڕەکان، دەقەکەی ئینانا[وەرگێڕان]، روونکردنەوەکانی وێنەکان[وەرگێڕان] پێک دێت. پەرتووکی دووەم بەناوی «بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا» لە پێشوتەی وەرگێڕەکان، دەربارەی سۆمەر، شرۆڤەی دەقی ئینانا شاخاتوونی ئاسمان و زەوی. سەربوردە و سترانەکانی لە سۆمەر، بۆچی بۆ ئینانا بگەڕێینەوە، لە زەردەپەڕی ئیناناوە بۆ سپێدەی ماریا، ئاخێزی ئینانا، فەژینی ژن؛ ئارکۆلۆژیای مەرگی ژینا ئەمینی، نهێنی ئیشتار، یان گەڕان بۆ ئەڵایەکی مێ؛ چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی دەربارەی کتێبی ”نهێنی ئیشتار”ـی فیراس سەواح پێک دێت، کە بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ ئینانا، شارستانییەتی سۆمەر و نیولیتیک نووسیمانە؛ هەروەها لەمیانەی ئەم پەیڤانەوە بۆ شارستانییەتەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاوینەتەوە، هەڵمانداوە هەرکام لەوانە بەناو نرخاندندا بەگوێرەی ژیان لە شوێنی خۆیان دابنێینەوە، تاوەکوو باشتر لە ئێرە و ئێستامان تێبگەین.
هەردوو وەرگێڕ سەبارەت بەشی دووەمی کتێبەکە، کە ناوی “بیرکردنەوە لەگەڵ ئینانا” هەڵگرتووە، تەرخان کراوە بۆ تێگەیشتن لە شێوە ژیانی میزۆپۆتامیا بەگشتی و سۆمەر بە تایبەتی بەناو، کاراکتەر، ڕووداو، هێز و توانستەکانی کاریگەرترین و بەرجەستەترین مێخوای سۆمەر بەناوی «ئینانا». هاوشێوەی شارستانییەتی سۆمەر، خودی ئیناناش لەناو نوسخەسازییە مێینەکانی گەلانی دواتردا بزر بووە و لەناو نوسخەسازییە نێرینەکانی ئیبراهیمیدا سڕدراوەتەوە.
لە کۆتایشدا ئەوە دەخەڕوو ئەم کتێبە (هەردوو پەرتووکی یەکەم و دووەم) هەوڵێکە بۆ دووبارە ناساندنەوەی ئینانا لە سۆمەردا، بۆ ئەم مەبەستەش خودی دەقە سۆمەرییەکان (پەرتووکی یەکەم) و هزرینەوەی دەقەکان (پەرتووکی دووەم) بەردەست کراوە.
ئەوەی گرنگی ئەم کتێبە زیاد دەکات بەستنەوەی ئەم دەقە مێژووییە کۆنەیە بە ئێستاوە، ئەم دەقە لە هەناوی مێژوویەکی دێرینەوە بە ئێستا دەگات، بەڵام دەقەکە تین و وزەی ئەوەی تیایە، کە ئێستایی بکرێتەوە و بتوانرێت لە هەنووکەشدا وەکو مانیفێستێک بۆ ژنی ئازاد و ئازا تەماشا بکرێت و بخوێنرێتەوە. لەکاتێکدا کۆمەڵگەکەمان لەلایەن هێزە تاریکەکانەوە بەرەو تاریکی دەبرێت ئەم کتێبە دەبێتە تروسکەیەک بۆ ژیانێکی نوێ و هێزێکی نوێ بۆ دووبارە ژیانەوە.
ئەم کتێبە یەکەم بەرهەمی چاپکراوی گۆڤاری “فرە”یە کە بڕیارە مانگی داهاتوو یەکەم ژمارەی بڵاوبکرێتەوە.