دیمانە : هێمن خەلیل – ههولێر
مامۆستا(ئالان پشتیوان كریم شارەزا) ماستەرنامەكەی بەناونیشانی (بەكارهێنانی كارامەییەكانی دەڕبڕینی زارەكی بە پێی شێوازی فێربوونی هەرەوەزی و كاریگەرییەكەی لەسەر بەدەستهێنانی كارامەییەكانی دەڕبرینی نووسراو گەشەپێدانی پاڵنەری فێربوون لە زمانی كوردیدا). ئێستا مامۆستایە لەبەشی زمانی كوردی فاكەلتی پەروەردە سكوڵی بنەرەتی زانكۆی سۆران،
وەكو “هەولێر” تایبەت بەماستەرنامەكەی دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵیدا كرد.
سەرەتا لە (ئالان)مان پرسی مەبەست لە چەمكی دەربڕین چییە؟
لەوەڵامدا گوتی:” دەربڕین.: پەردەلادانی كەسێكە لەسەر هەست و ناخی، بیرۆكەكانی، واتاكانی بەزمانێكی پا راو (بەقسە) یان بە نووسین بەدەستەواژە گەلێكی دروست كە لەگەڵ ئاستە جیا جیاكانی قوتابییاندا بگونجێت، یاخود ڕێگەیەكە مرۆڤـ بیرۆكەكانی، هەستەكانی و پێداویستییەكانی بە شێوازێكی دروست ( لە شێوەو ناوەرۆك ) دا پێدا دەڕێژێت یان دەفرێكە مرۆڤـ بیرۆكەكانی خۆی بە زمانێكی دروست و وێنەگرتنێكی ڕاست دەرژێنیتە ناوی، بەپێكەوە بەستنی هەر دوو لایەنی واتایی و زارەكی . یاخود دەتوانین بڵێین : هەڵقوڵانی قسەیە لە زمانی ئاخێوەرەوە یان لە نووكی خامەی نووسەرەوە، ئەوەی هەستی پێدەكات یان دەیەوێت لە بارەیەوە بپرسیت وێنەی دەگرێت، یان دەیەوێت بۆی ڕوونبكرێتەوە”.
تایبەت بە جۆرەكانی دەربڕین، مامۆستا ئالان دەڵێ:” دەربڕین دابەش دەبێتە چەند جۆرێك بەگوێرەی ئەو وەسیلەی پێی ئەدا دەكرێت. هەروەها ئەو مەبەستانەی بۆیان دەنوسرێت
.
یەكەم: لەڕوانگەی وەسیلەیان شێوەی ئەداكردنەوە دەبێتە دووبەش:
أ-دەربڕینی زارەكی( التعبیر الشفهی): دەربڕینیی زارەكی قسەو گفتوگۆو گەنگەشە وگێڕانەوەی چیرۆك و نوكتەو ڕێنمایی پێدان وكۆبوونەوەكان وچالاكییە زارەكیەكانی تریش دەگرێتەوە .
ب- دەربڕینی نووسراو(التعبیر الكتابی) : لەكاتێكدا قسەكەر دەتوانێت مەبەستەكانی خۆی ڕوونبكاتەوە لەمیانەی دەنگ و ڕووخسار و ئاماژەكانییەوە بەرامبەر تێبگەنێت . نووسەر ناتوانێت ئەمە ئەنجامبدات تەنیا لەمیانەی ڕستە سرووش بەخش وبڕگە واتا دارەكان وكۆنتڕۆڵكردنی تەواوی چەمكەكان و بایەخدان بە دەربرینی نووسراو پلە بە پلە دێت .
دووەم: لەڕوانگەی مەبەست یان بابەتەوە: دەربرین لەڕوانگەی بابەت دەبێـتە دووبەش، كەئەمانەن:
جۆری یەكەم: دەربڕینی ئەركی (وەزیفی) : ئەم جۆرە دەربڕینە ئەوەیە كەبەكاری دێنین بۆجێ بەجێكردنی كارەكانی ڕۆژانە، وەك: بڵاوكراوەكان و نووسینی فۆرمەكان و ڕێنمایی، ڕاگەیاندن، و نووسینی نامەی فەرمی ئاراستەكراو بۆ فەرمانگە فەرمییەكان وەك داوای دامەزراندن وگواستنەوەو دەست لەكاركێشانەوەو. .تاد، هەروەها پڕكردنەوەی خاوەندارێتیی یان گرێبەستی هاوسەرگیریی و لێكجودابوونەوە .
جۆری دووەم: دەربڕینی داهێنانكارانە (الابداعی) : بریتیە لە بیرە ڕاگوزارییەكانی ناخ و گواستنەوەیان بۆكەسانی تر بەشێوەیەكی كاریگەر و ورووژێنەر. لە سیفەتەكانی ئەم جۆرە، ڕەسەنایەتیی و داهێنانی بیرۆكەكان و بەكارهێنانی زمان و شێوازێكی باشە.”
سەبارەت بە هۆكارەكانی لاوازیی قوتابیان ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەیدا:” هەر دیاردەیەك هۆكاری تایبەتی خۆی هەیە، دیاردەی لاوازیی قوتابییانیش
لە دەربڕیندا هۆكاری خۆی هەیە كەدەخوازرێت هۆكارەكان بزانرێن، دەتوانرێت بۆ سێ لایەن بگێڕدرێنەوە :
أ- خودی مامۆستا:
مامۆستا لەدیاردەی لاوازیی قوتابیان لە دەربڕیندا بەهەردوو جۆرەكانییەوە- زارەكی و نووسراو پشكی شێری بەردەكەوێ . لەبەر ئەو هەڵانەی كەمامۆستایان تێیدەكەون لەبوارەجیاجیاكانی ئەم بابەتە پوختی كردۆتەوە، ئەمانە گرینگترینیانن:
1-هەڵبژاردنی بابەت: جاری واهەیە مامۆستا بابەتێكی سواو دەسەپێنێ بەسەر قوتابییاندا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی پێویستی و حەزو ئارەزووی ئەوان بكات.
2- پابەند نەبوون بە زمانی (ستاندارد) : زۆرێك لەمامۆستایان بەزمانی بازاڕی قسەدەكەن، ستاندارد(شێوەی نووسین ) بەكارناهێنن .
3- قۆستنەوەی هەلەكان (الفرص): یەكێك لەهۆكارەكانی لاوازیی قوتابییان لە دەربڕیندا قۆستنەوەی هەل و بۆنەكانە لەلایەن مامۆستاوە، هەروەها (توڤیف) لقەكانی تری زمان لە دەربڕیندا.
4- پاڵنەرەكان : مامۆستا لەنووسیندا گوێ بەگرنگیی پاڵنەر و هاندان، ورووژاندن نادات هەروەها شێوازی بەهێزكردنی گونجاو بەكارناهێنێت .
5- ڕێگای فێركردن : ڕەنگە مامۆستا رێگایەكی فێركردن پەیڕەو بكات كە هیچ پێوەرێكی پێویستی تیا نەبێت، پێوەرەكانیش ئەمانەن:
1- ئامانجە دیاركراوەكانی وانە بهێنێتەدی .
2- حەز و ئارەزووی قوتابییان بورووژێنێ .
3- وابكرێ قوتابییان تامەزرۆی فێربوون (التعلم) ببن .
4-پێوەرەكە دەبێت لەگەڵ بابەتی وانەكەو ئاست وپێگەیشتنی قوتابییان گونجاو بێت.
5- قوتابی هانبدات لەسەر بیركردنەوەی ئازادو دەڕبرینی ڕاو بۆچوون و، گەشە بەكارامەیییەكان بیركردنەوە بدات.
6- گونجاو بێت لەگەڵ تواناكانی قوتابخانە.
ب- قوتابی:
هەرچەندە مامۆستا پشكی شێری بەركەوتووە لەلاوازیی قوتابییان لە دەربڕیندا، بەڵام لەگەڵ ئەمەش قوتابییان خۆیشیان هەندێك بەرپرسیاریه تی دەكەوێتە ئەستۆیان،دەكرێ بەم شێوەیە كورت بكرێنەوە:
1-بێزاربوونی زۆربەی قوتابییان لەخوێندنەوە : خوێندنەوە بەسەرچاوەی سەرەكی دادەنرێت بۆ دەوڵەمەندبوونی فەرهەنگی زمانی قوتابییان .
2- بێزار بوونی زۆربەی قوتابییان لەبەشداریكردن لەچالاكییە زمانییەكانی قوتابخانەدا : بێگومان بەشداریی نەكردنی قوتابییان لەشانۆی قوتابخانە و ڕۆژنامەی قوتابخانە، ڕادیۆو یەكێك لە گروپەكانی قوتابخانەدا ئاستی قوتابییان لە دەربڕیندا دادەبەزێنێ . 3- كەمی ڕاهێنان لەسەر نووسین : بێگومان دابڕان یان كەمی ڕاهێنانی قوتابی لەسەر نووسین یان خۆدزینەوەی لەو بابەتانەی كەناچار دەكرێت لەسەریان بنووسێت، هەمووی دەبێتە هۆكاری لاوازیی قوتابییان لە دەربڕیندا .
4- كەمی دەسكەوتەی دەربڕین و سامانی زمانی : ڕەنگە قوتابی بگاتە قۆناغی دواناوەندیی بەڵام فەرهەنگی زمانی لەگەڵ ئەو قۆناغەی خوێندنیدا ناگونجێت.
5- لاوازیی گشتی قوتابییان .قوتابی هەیە لەزۆربەی بابەتەكانی خوێندندا لاوازە، ئەمەش بێگومان كاریگەریی دەبێت لەسەر توانای دەربڕیندا، بەتایبەتی ئەو قوتابییانەی لاوازییان كەڵەكە بووە و پاڵیان پێوە نراوە بۆقۆناغی سەرتر یاخود قۆناغی دواناوەندیی بەگوێرەی یاسای ( بەرزكردنەوەی ئۆتۆماتیكی (پەرینەوە) ).”
سەبارەت بەچارەسەی قوتابیان لەدەربڕیندا ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕای وایە:”دوای ئەوەی كەڕووخساری ئەودیاردەیە دەرخرا، لەسەر هۆكارەكانی هەڵوێستە كرا ئێستا قسە لەسەر ئەو ڕێگایانە دەكەین كە دەشێت بەهۆیانەوە ئاستی قوتابی بەرز بكرێتەوە كه لەڕوانگەی پەروەردیەوە ئاماژەیان پێكردوە .
یەكەم، ڕۆڵی مامۆستا:
هاندان و ڕاهێنانی قوتابییان لەسەر خوێندنەوە و گەڕان لەفەرهەنگەكانی زماندا بەپشتبەستن بەخۆیان و ڕەخساندنی هەل بۆ قوتابییان تا خۆیان ئەو بابەتانە دەستنیشان بكەن كەلەگەڵ حەزو ئارەزوەكانیاندا دەگونجێت و گرینگیدان بەبابەتە خوازراوەكان ئەوانەی كەپەیوەندییان بەبواری كۆمەڵایەتی ونیشتیمانی وئایینییەوەهەیە وقۆستنەوەی بۆنەكان و گرینگیدان بەهەموو جۆرەكانی دەربڕین و ڕاهێنانی قوتابییان لەسەر هەموو جۆرەكان پابەندبوونی مامۆستا بە ئاخاوتن بە زمانی پاراوی نووسین (ستاندارد) تاكو ببێتە پێشەنگ بۆقوتابییان و یارمەتیدانی قوتابی لەسەر بەشداریكردن لە هەموو جۆرەكانی چالاكییە زمانییەكانی قوتابخانەدا.
دووەم، ڕۆڵی قوتابی:
خوێندنەوەی بەردەوام و سەردانی پەرتوكخانە گشتی وتایبەتییەكان وگەڕان بە ناو فەرهەنگەكانی زماندا و ئەزبەركردنی چەند نمونەیەك: لە فەرموودە و ئایەت و شیعر و پەندەكان وئاگاداربوونی قوتابی لەبەرنامە ئەدەبی و زانستی وئاینی ومێژووییەكان پەخشكراولە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكانەوە هەروەها ڕاسپاردە دەكرێت كە سەیری زنجیرە دراما مێژووییەكان بكرێت، چونكە پابەندی زمانی ستاندارد دەبێت .
سێیەم : ڕۆڵی خێزان:
بە دواداچوونی ڕۆڵەكانیان بەسەردانی قوتابخانە بەشێوەیەكی بەردەوام یان بەلانی كەم ئاگاداربوونیان لەڕێگای پەیوەندیكردن بە تەلەفۆن و ڕاهێنانی ڕۆڵەكان كەپشت بەخۆیان ببەستن لە نووسیندا،تەنیا لەكاتی زۆر پێویستدا نەبێت خۆ لەكارەكانیان هەڵنەقورتێندرێت و هاندانی قوتابی بەهەموو شێوە جیاجیاكان بۆپاراستنی چالاكیی قوتابی و بردنی منداڵان بۆ پەرتوكخانە گشتیەكان بۆئەوەی فێری چۆنیەتی خواستنی پەرتووك وچاوكردن لە توێژەرەكان ببن و دروستكردنی پەرتوكخانە لەماڵدا وفەراهەمكردنی سەرچاوەگرینگەكانی وەك فەرهەنگەكانی زمان وهی تر و گوێگرتن لە منداڵان وقسەپێنەبڕینیان لەكاتی قسەكردندا، ئازادیی تەواویان پێبدرێت لە دەربڕین و بڕوا بەخۆبووندا .
چوارەم : دەزگاكانی گەیاندن: پابەند بوونیان بەزمانی پاراو(ستاندارد) لەبەرنامەكانیاندا وسوور بوون لەسەر پەخشكردنی فیلم و فیلمە كارتۆنەكانی پابەند بەزمانی پاراو( ستاندارد) و زۆر كردنی پەخشكردنی بەرنامەپەروەردی و فێركاری وزنجیرە مێژووییەكانی پابەند بە ستانداردەوە و هەڵە چنكردنی و بژار كردنی نووسینی ئاگادارییەكانی. TV.و ڕادیۆكان.
تایبەت بەئامانجەكانی گوتنەوە ئەو مامۆستایە دەڵێ:”
ڕاهاتنی قوتابیان لەسەر نووسینی ڕاست، ئەمەش یارمەتیی قوتابییان دەدات بۆ فێربوونی زمان شارەزابوونی چۆنیەتی مامەڵەپێكردن بەگوێرەی ڕێزمان وسیستەمی زمانەكە و قوتابی دەبێتە خاوەن وردبینی و توانایەكی باش لە دەڕبریندا بۆ وەسف كردنی شتەكان و دیمەن و وێنەو ڕووداو و هەڵوێستەكانی ژیان بەخێرایی و بەشێوەیەكی ڕاست ودروست و قوتابی دەبێتە خاوەن توانستێكی باش لەو كارانەدا كە بە نووسین دەكرێن لە بوارە جیاجیاكان ژیانی ڕۆژانەی ناو قوتابخانەو دەرەوەی قوتابخانەدا كە قوتابی پێویستی پێیانە. ڕاهاتنی قوتابی لەسەر ڕیزبەندیكردنی و ڕێكخستنی بیرۆكەكان و بەدوای یەكدا زنجیرەكردنیان و قسەكردنی سەرپێی و بە توانابوونی قوتابی لە دەربڕینی سەربەخۆو خێرادا، بەتایبەتی لەهەڵوێستە ناكاوەكان و بێ پلانەكاندا و قوتابی دەتوانێت ئەوشتانەی لەخەیاڵیدان بەشێوازێكی ئاسان وئەدەبی و كاریگەرو پێشكەوتوو دەریان ببڕێ كە سەرچاوەیان لەخەیاڵ وداهێنانەكانییەوەرگرتووە. زۆر وشە و ڕستە بەقوتابی دەدات تاكو بیانخاتە سەر گەنجینەو فەرهەنگی زمانەكەی و توانا بە قوتابی دەبەخشێت كە هەست و سۆز و پێویستییەكانی و شارەزاییەكانی دەرببڕێت و ڕزگار بوونی قوتابی لەترس و شەرمكردن لەڕێگای ڕووبەڕووبونەوەوە وشارەزابوون لەهەردوو كرداری نووسین وقسەكردن كەقوتابی لەژیانی زانستی و كۆمەڵایەتیدا لە ناوەوەو دەرەوەی قوتابخانەداجێبەجێیان دەكات.”
سەبارەت بەگرنگی دەربڕینی زارەكی مامۆستا ئالان گوتی:” ڕاهێنان لەسەر دەربڕینی زارەكی قوتابی فێری بیركردنەوەی خێرا دەكات و توانای قسەكردنی سەر پێی و ڕووبەڕوونەوەی هەڵوێستە ناكاوەكانی پێدەبەخشێت،بێگومان دەبێتە یاریدەدەر بۆ كەمكردنەوەی ترس و دڵە ڕاوەكێ لای زۆربەی قوتابییان و هاوكار دەبێت بۆ زاڵبوونی قوتابی بەسەر هەندێك نەخۆشیی قسەكردندا، وەكو زمانگرتن .
گەشە پێدانی لایەنی سەركردەیی لەلایی قوتابی، چونكە ئەوان هەست بە ئازادیی سەربەخۆبوون و توانای خۆسەلماندن دەكەن هەروەك چۆن هەستبەبوونە كۆمەڵایەتییەكەشیان دەكەن و دەربڕینی زارەكی هەلێكە بۆئاشكراكردنی قوتابییانی بەهرەمەند، كە دواتر دەتوانرێت هاوكارییان بكرێت تاكو بتوانن پەرە بەو بەهرەیە بدەن تاكو بەرزترین ئاست .
یەكێكە لەئەوزارەكانی پەیوەندییكردنی زمانی، دەربڕینی زارەكی ئەو ئەوزاریە (ادا) كە بۆشاییەكی گەورەو كاتێكی زۆر لە چالاكیی زمانی مرۆڤدا دەگرێت .
بێگومان دەربڕینی زارەكی بنەڕەتێكی ڕەسەنە لە مامەڵەكردنی لە نێوان مامۆستا و قوتابییەكەیدا، بەڵكو بگرە گرنگترین بنەمایە لەپڕۆسەی فێركردن هەموویدا، چونكە پرسیارو وەڵام، گفتوگۆ، گوتەبێژو چالاكییەكانی تەوەرەكەی و بنەمای كارپێكردنی دەربڕین و قسەی زارەكیە .”