تەرزە جاف:لەبەر دایکایەتیکردن، دوور كه‌وتمه‌وه‌ له‌ شیعر و خۆمم شارده‌وه‌

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

تەرزە جاف نووسەر و شاعیری کوردی سەدەی بیست و بیستویەکە، ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین کورتەچیرۆکی بڵاو کردۆتەوە، دوو کتێبی شیعری هەیە و شیعرەکانی کراونەتەوە بە فارسی و فەرەنسی و عەرەبی؛ لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا شیعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە. وەک خۆی لەم دیمانە تایبەتەیدا بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: من ساڵانێك دوور كه‌وتمه‌وه‌ له‌ شیعر و خۆمم شارده‌وه‌، ده‌مویست هه‌موو هێزم به‌ دایكایه‌تیم ببه‌خشم.

کورتەیەک دەربارەی خۆت و بەرهەمەکانت بدوێ؟
هه‌ر كه‌ فێری نووسین بووم، ئیتر هەر لە منداڵییەوە شیعرم دەنووسی و ده‌فته‌ری یادگاریم هه‌بوو و ڕۆژانه‌ی خۆمم ده‌نوسییه‌وه‌، شیعرم ده‌نووسی و نیشانی ده‌وروبه‌رەکەمم ده‌دا، به‌ڵام نه‌مده‌گوت خۆم نووسیومه‌، دڵخۆش ده‌بووم كه‌ وایان ده‌زانی شیعری شاعیره‌ راسته‌قینه‌كانن. من له‌ ماڵێكدا گه‌وره‌ بووم كه‌ پڕ بوو له‌ كتێب و كاغه‌ز، بۆیه‌ ده‌متوانی به‌ ئاره‌زووی خۆم بنووسم و بخوێنمه‌وه‌.
خاوه‌نی دوو كتێبی شیعریم بە ناوی (من هه‌بم یاخود نا، ئه‌مه‌یه‌ مه‌هزه‌له‌كه‌)، لەگەڵ (له‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌شدا باڵه‌كانم ئاسمانیان هه‌ژاند).
بۆ نووسین، ئه‌زموونی زۆر یان خوێندنه‌وه‌ی زۆر؟
شیعر ئه‌و كاته‌ دێت كه‌ جامی رۆح پڕ ده‌بێت و لێی ده‌ڕژێت، ئه‌و جامه‌ به‌ ئه‌زموون پڕ ده‌بێ و به‌ خوێندنه‌وه تێر ڕه‌نگ و بۆن ده‌بێت، كه‌واته‌ هه‌ردووكیان، به‌ڵام ئه‌زموون به‌ پله‌ی یه‌ك، من له‌و چه‌ند ساڵه‌دا زۆر سه‌رقاڵی ئیش و ڕاكه‌ڕاكه‌ی ژیان بووم و كه‌مترین شیعرم نوسیوه‌، ئه‌زمونێكی رۆحی هه‌یه‌ پێویسته‌ بۆ نوسینی شیعر، له‌ هه‌مان كاتیشدا بۆ گوزارشت كردن له‌ بیر و هه‌ست و بۆچوون، مرۆڤ هه‌میشه‌ پێویستی به‌ زانینه‌، خوێندنه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی زانینه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ نوسینی شیعر بێت یان وتار یان ته‌نانه‌ت نوسینی ئه‌كادیمیش، به‌ڵام بۆ شیعر ئه‌زموونی ژیان ڕه‌نگ و تام و بۆنه‌ كه‌ رۆح ده‌كات به‌به‌ری شیعره‌كه‌دا.

گریان یان پێكه‌نین؟
پێكه‌نین، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نا كه‌ پێكه‌نین مانای به‌خته‌وه‌رییه‌.

جوانترین شیعری تۆ كامه‌یه‌ كه‌ شانازیی پێوه‌ بكه‌یت؟
(له‌ مێژوو نزیكتر، له‌ ئه‌مڕۆ دوورتر)، ناڵێم جوانترین شیعرمه‌، به‌ڵام چه‌ند ده‌قێكم هه‌یه‌ كه‌ زۆر له‌ قووڵایی رۆحمه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون و تایبه‌تن بۆم، ئه‌و شیعره‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

حه‌ز ده‌كه‌یت چ نازناوێكت پێ ببه‌خشن؟
من گوێ ناده‌مه‌ نازناو، به‌ڵام ڕه‌گه‌كانی رۆحم ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر شیعر و دایكایه‌تی، دوو بەشی هەرە بەچێژی ژیانمن و به‌ دڵ و به‌ گیان ئاوێته‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی ژیانی خۆمم.
وه‌ك ژنێكی كورد، تا چه‌ند كۆمه‌ڵگه ناچاری كردوویت بڕه‌ویته‌وه‌ له‌ شیعر، واته‌ كۆمه‌ڵگه‌ یاریده‌ده‌ره‌ بۆ موماره‌سه‌كردنی حه‌زه‌ شیعریه‌كانت وه‌ك ژنێك؟
شیعر گوزارشتێكی ڕاستگۆیانه‌یه‌ له‌ خود، بۆ من ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ تێیدا ئازاد ده‌بم، له‌وێ رۆحم ئازاده‌ و گریان و گله‌یی و حه‌ز و تووڕه‌ییه‌كانم ده‌كه‌مه‌ وێنه‌ و ده‌ربڕین، به‌ڵام له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌كو ژنێكی تاكباڵ و دایكێك پێویست بووه‌‌ له‌وپه‌ڕی جددیه‌تدا بم و هه‌موو ئه‌و رۆحه‌ ئازاده‌ له‌ پشت یه‌خه‌ی چاكه‌ت و ره‌سمیاته‌وه‌ بشارمه‌وه‌ و كار بكه‌م و ته‌نانه‌ت پێ به‌ هه‌موو ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زوانه‌دا بنێم كه‌ وه‌ك ژنێك كاریگه‌ریم له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، به‌ كورتیه‌كه‌ی خاڵی لاواز نه‌ده‌م به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ شاعیر ئاسان نیه‌ و بگره‌ زۆر دژواریشه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بۆ مێژوو ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ من زۆر جار به‌رواری شیعره‌كانم به‌ نادیاری ده‌هێڵمه‌وه‌ تا ڕێگه‌ له‌وه‌ بگرم كه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ به‌ ژیانمه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌یان بۆ بكرێت، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی من له‌ قۆناغێكدا زۆر ئاڵۆزه‌ و من ماوه‌یه‌ك ئه‌و شاعیربوونه‌م بۆ خۆم هێشته‌وه‌ و هیچی نوێم بڵاو نه‌كرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت جارێك به‌ ئاشكرا پۆستێكم كرد و وتم من شاعیر نیم تا بتوانم خه‌ریكی كار و ژیانی خۆم بم.
من ساڵانێك دووركه‌وتمه‌وه‌ له‌ شیعر و خۆم شارده‌وه‌، ئیشم ده‌كرد و ده‌مویست هه‌موو هێزم به‌ دایكایه‌تیم ببه‌خشم و له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و شیعرانه‌ی نوسیومن زۆربه‌ی زۆریان ماون و بڵاوم نه‌كردونه‌ته‌وه‌.

تۆ وه‌ك ژنه‌ شاعیرێك چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئازادیی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا؟
ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ من له‌ تۆ بپرسم، وه‌ك پیاوێك كه‌ كاری ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌یت چۆن ده‌ڕوانیته‌ ئازادیی پیاو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا؟