رۆحت شادبێ مامۆستای ئەدیب و زمانزاننووسەر و رووناکبیری دیاری کورد عەبدولکەریم شێخانی کۆچی دوایی کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، دوێنێ شەممە 12/8/2023 هەواڵی کۆچی دوایی نووسەری ناوداری كورد مامۆستا (عەبدولکەریم شێخانی)مان پێ گەیشت. وەک “ڕۆژنامەی هەولێر” پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە خانەوادە و دۆستانی دەکەین. دوا خەم و ناخۆشییان بێت و جێی مامۆستای نەمریش بەهەشتی بەرین بێت.

عەبدولکەریم شێخانی، ساڵی 1933 لە کۆیە لە دایکبووە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە تەواو کردووە، ساڵی 1952 – 1953 بۆ تەواوکردنی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی چووەتە هەولێر، ساڵی 1953 – 1954 بۆ تەواو کردنی خولی پەروەردەیی چووەتە بەغدا، یەکەم دامەزراندنی وەک مامۆستا لە گوندێکی گەرمیان بووە، ساڵی 1962 لە هەولێر گیراوە و نزیکەی دوو ساڵ لە بەندیخانە بووە.
لە دوای رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، عەبدولکەریم شێخانی بەشداریەکی کارای لە وەرگێڕانی کتێبەکانی قوتابخانەی ناوەندیی و ئامادەییەکاندا کردووە، نووسینی هەمە جۆری لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، وەک چیرۆک و بابەتی (زمان – سیاسی – کۆمەڵایەتی – رۆشنبیری).
فەرهەنگ غەفوور، لة لاپەرەی فەیسبووکی خۆیدا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی هەولێر، دەڵێت: “مامۆستا عەبدولكەریم شێخانی، كەسیكى هەرە دیاری ناو بواری زمان و نووسین و وەرگێڕان، بوه كه لە بواری خۆیدا دڵسۆز و كارامە بوو و قەڵەمی ئەو بۆ خزمەتی كورد و زمان و مێژوو و ئەدەبیاتی كورد بووه . من زۆر جار بە خزمەتی گەیشتووم و زۆر شتی لەبارەی زمان و ئەدەب و نووسینی لێ فێر بووم..
مامۆستا شێخانی ئەركی خۆی بەرامبەر بە گەلی خۆی و زمان و ئەدەبەكەیدا بەجێ هێنا و فەزڵی بەسەر هەموومانەوە هەیە، دوێنێ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، بۆ ئێمە و بۆ كتێبخانەی كوردی و بۆ زمانەكەمان كەلێن و خەسارەتێكی گەورەیە، بەڵام مردن هەمیشە لەوسەری رێگا وەستاوە و یەكە یەكە رێبواران ئەباتەوە ماڵەكەی ئەودیووى جيهانەوه.