دیمانە: هێمن خەلیل – هەولێر
(مامۆستا نیزام حەسەن ڕەشید) ماستەرنامەكەی لەبواری پەروەردە و ڕێگاكانی وانەوتنەوەیە كە لە وڵاتی بەریتانیا لە زانكۆی هودرسفیڵد، لەساڵی ٢٠١٣ بەدەستی هێناوە. هەروەها لەساڵی ٢٠١٩ نازناوی زانستیی مامۆستای وەرگرتووە.پوختە و ناوەڕۆكی نامەی ماستەرەكەی بریتییە لە لێكۆڵینەوە لە شێوازەكانی فێربوون و گرنگییان لە پرسی وانەوتنەودا وەك ڕایەڵەیەك بۆ ڕێگاكانی وانەوتنەوە. هەروەها ناوبراو یەكێكە لە دەرچووانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی دكتۆرا لەپسپۆڕی ڕێگاكانی وانەوتنەوەی زمانی كوردیدا، هەروەها یەكێكە لەستافی مامۆستایان لەبەشی زمانی كوردی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین، هاوكات بڕیاردەری ئەو بەشەیە. دەربارەی ڕێگاكانی وانەوتنەوە دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد:
لەسەرەتادا لەمامۆستا (نیزام)مان پرسی شێوازەكانی فێربوون چییە، لەوەڵامدا گوتی:” بەر لەوەی وەڵامی بەڕێزتان بدەینەوە، بە پێویستی دەزانم بەكورتی خاڵی لێكچوو و جیاوازی نێوان هەر یەك لە (فێركردن) و (فێربوون) بیری خۆمان بهێنینەوە. ئەمیش بەئامانجی دەرخستنی ئەو پێوەندییە زۆرەی نێوانیان. هەمووان فێركردن دەدینە پاڵ فێركار (مامۆستا) و فێربوونیش فێرخواز (قوتابی). لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا، ئەگەر بەهاوكێشەیەك بیانخەینەڕوو ئەوا دەڵێین دوو ڕەگەزە سەرەكییەكەی فێركردن بریتین لە (مامۆستا و قوتابی). بەڵام سەبارەت بەفێربوون دوو ڕەگەزە سەرەكییەكە بریتین لە (قوتابی و بابەت). لێرەدا مەبەستمان ڕەگەزی هاوبەشی نێوان هەردوو هاوكێشەكە بریتییە لەخودی قوتابی. بەم هۆكارەوە؛ فێرخواز و شێوازەكانی فێربوونیان و پێداویستییە خودییەكانیان، هەروەها جیاكەرەوەی تاكایەتییان، ڕووبەرێكی فراوان پێكدەهێنن و دەرفەتی زۆرترین لێكۆڵینەوە بە لێكۆڵەرانی بواری پەروەردە و دەروونزانی و كۆمەڵناسی دەبەخشن. ناوەڕۆكی نامەی ماستەرەكەم پەیوەست بوو بەم بابەتەوە كە وەڵامە بۆ پرسیارەكەی بەڕێزتان. سەبارەت بە فێربوون پێویستە ئەوە بزانین كە فێربوون چەمكێكی فراوانەو دەكرێت لەدەرەوەی پرۆسەی فێركاری و ڕێكارە یاسایی و پەروەردەییەكان فێربوون بەهەوڵی تاكە كەسی بێتەئاراوە. بەڵام ئەو فێربوونەی كە ئێمە لێرەدا لەبارەیەوە دەدوێین، مەبەستمانە لەچوارچێوەی پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا شرۆڤەی بكەین. شێوازەكانی فێربوون زۆرن؛ یەك لەوانە: شێوازەكانی فێربوونی (VAK) كە بریتین لەو رێگەو كەناڵانەی كە فێرخوازان بەهۆیانەوە بەشێوەیەكی ڕێژەیی فێردەبن و لێكتر جودا دەبنەوە. لێكۆڵەران بەچەندین ئەنجام گەیشتوون، ئەوە پیشان دەدەن كە فێرخوازان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی وەرگرتنی زانیاری و فێربوون لێكتر جودان و دابەش و پۆڵێن دەبن بۆ سەر چەند كۆمەڵەیەك. لای هەمووان ڕوونە كە پێشان دابەشكارییەك باوی بوو لەلایەن زۆربەی مامۆستاكانەوە كاری پێدەكرا، قوتابیانیان دابەش دەكرد بۆ سەر سێ كۆمەڵە: (ئاست بەرز ــ ئاستی مامناوەند ــ ئاستی نزم) یان ( بەهێز ــ مامناوەند ــ لاواز) یاخود (زیرەك ــ مامناوەند ــ تەمبەڵ ). لەڕاستیدا ئەم دابەشكارییە نازانستییەو شێوازەكانی فێربوون پیشان نادەن، بەڵكو زیاتر هەڵسەنگاندنێكە لەكاتی بەدەستهێنان لەپاش تاقیكردنەوەكاندا وەك پێوانەكردنێك ڕادەی فێربوون و بەدیهاتنی ئامانجە فێركارییەكان دەردەخات. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیخەمە ڕوو ئەوەیە كە زانینی شێوازەكانی فێربوونی فێرخوازان كارێكی پێشینەیەو پێویستە مامۆستا بیزانێ و دركی پێبكات تا وەك ڕایەڵیەك لە لەڕێگاكانی وانەتنەوە و شێوازی تایبەت بە خۆی لە فێركاریدا ڕەچاوی بكات.
لێرەدا ئەگەر باسی میتۆدی(ڤاك ) بكەین لەڕووی هەستەوەرەكانەوە فێرخوازان دابەشی سێ كۆمەڵە دەكات لەوەرگرتنی زیانیاری و فێربووندا. ئەم سێ پیتە كورتكراوەی سێ وشەن، كە بریتین لە (Visual) و (Auditor) و (Kinesthetic).
شێوازەكانی فێربوونی ئەم كۆمەڵانە بەم شێوەیەن: كۆمەڵەی(ئهدیتۆر) چاویان زیاتر چالاكە لەوەرگرتنی زانیاری بەڵام كۆمەڵەی(ڤیژل) كۆمەڵەی كردارین و لەڕێی جێبەجێكردنەوە زیاتر زانیارییەكانیان لەلا دەچەسپێت. كۆمەڵەی (كاینیستیك) زۆرتر پشت بە بیستن دەبەستن لەفێربووندا، هەرچی دابەشكردنی فێرخوازان بۆ سەر ئەم سێ جۆرە ڕەمەكی نییەو پشت بە لێكۆڵینەوەی زانستی دەبەستێت، كە تێیدا لە ڕێگای خستنەڕووی چەندین پرسیار بۆ فێرخوازان و دەستەبەری وەڵامەكانیان و شیكردنەوە بۆیان ئەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە كە فێرخوازان لەوەرگرتنی زانیاری و فێربووندا جودان و پێویستە لە ڕێگانی وانەتنەوەدا ڕەچاوی ئەم جیاوازییەیان بكرێت”.
سەبارەت بەتیۆرەكانی فێربوون ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێ:”لەپێشەكیدا دەمەوێت ئەوە بڵێم: تیۆرەكانی فێربوون دەستپێكیان هەیە، بەڵام نەگەیشتووینە بە كۆتاییان. چونكە بەسەرنجدان لە مێژووی سەرهەڵدانی تیۆرەكانی فێربوون، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە بەرەو پێشچوونەكان ی ژیان و داكەوتنی كارتێكەرەكانی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن سەرەداوی سەرهەڵدانی تیۆری نوێ بوونە. بەگشتی تیۆرەكان هەم كاریان لەسەر شیكاری خودی مرۆڤ و دونیای ناوەوەی كردوە، هەمیش شیكارییان لەسەر ژینگەو دەوروو بەر و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كردووە. جیا لەمەش بەكەڵك وەرگرتن لە چەمكی بەراوردكاری لە نێوان ڕفتارەكانی (مرۆڤ و ئاژەڵ) تیۆررێكی زۆر لەم بوارەدا لەئەنجامی لێكۆڵینەوە سەریان هەڵداوە. لەبەر بایەخ و گرنگی زۆری پرسی (فێربوون) چەندین تیۆری فێربوون لەلایەن زانایانی ئەو بوارەوە سەری هەڵداوە. بەكورتی لێرەدا ئەگەر ئاماژەیەكیان پێبكەین: ئەگەر لەم دواییانەوە تیۆرەكان بخەینە ڕوو، لەسەدەی حەڤدە و هەژدە زیاتر تیۆرەكانی فێربوون ڕەهەندێكی فەلسەفییان هەبوو، نموونەی تیۆری (بووژانەوەی سروشتی) و (ڕێكوپێكی مێشكی) و تیۆری (هێربارت) و چەندانی تر. پاشان بەسەر هەڵدانی تیۆری (ڕەفتاری) لەسەدەی نۆزدەوە كە بۆ دەروونزانی ڕوسی ( ئیڤان بافلۆف) دەگەڕێتەوە، كە دواتر هەریەك لە (واتسن) و (سوراندایك) بوون بە درێژەدەری ئەم تیۆرە، كە بەوەڵامدانەوەی وروژێنەرەكان دەناسرێت. هەروەها توانیان بناغەی دەروونناسی گشتی و دەروونناسی پەردەوەردەیی دابنێن. ئەم تیۆرە بە كەڵك وەرگرتن لە چەند جۆرێكی ئاژەڵ و تاقیكردنەوە لەسەریان و دواتر وێناكردنی وەك تیۆرێك بۆ فێربوون لەلایەن مرۆڤەوە بووە جێگای سەرنج و گرنگی پێدانی ئەنجامەكانی لەلایەن لێكۆڵەران و پەروەرشیارانەوە. لەسەدەی بیستەمدا هەر یەك لە (سكینەر و بڕۆنێر و بیاجێ و بلوم) تەكانێكی تریان دا بە تیۆرەكانی فێربوون، ئەمیش لە ئەنجامی چەندین لێكۆڵینەوەدا دوو ئاراستەیان بە تیۆرەكاندا ئەوانیش: ئاراستەی یەكەم: بیردۆزی مێشكییەكان. ئاراستەی دووەم، بیردۆزی ڕەوشتی. دواتر تیۆری فێربوونی كۆمەڵایەتی (Social Learning Theory) دەركەوت، ئەم تیۆرە لەسەر دەستی دەروونناسی كەنەدی (البرێت باندۆرا)ەوە هاتە ئاراوە. ئەم تیۆرە بڕوای وایە كە منداڵ لەگەڵ بەركەوتە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەت لەگەڵ ئەندامانی خێزاندا، دەتوانێت لەڕێگەی سەرنجدانی بۆ ئەوانی سەرووی خۆی كردەی فێربوون پێكبهێنێت”.
لەو مامۆستایەمان پرسی مەبەست لە بەڕێوەبردنی پۆلێكی فرەیی چییە؟ بەڕێزیان لەوەڵامدا ئاماژەیاندا:” كاتێك دەڵێین پۆلێك قوتابی؛ واتە ژمارەیەكی زۆر لە حەز و تواناو ئاست و ئاراستەی جیاواز، بەئەندازەی ئەوەی كە هیچیان لەوەی تر ناچێت. لەبەرانبەر ئەم پۆلە فرەچەشن و هەمەجۆرەدا، تەنها مامۆستایەك دەچێتە پۆلەوە، كە وا بڕیارە ئەم مامۆستایە فێركار و ئاڕاستەكاری ئەم جیاوازییانە بێت بەبێ جیاوازی. كەواتە لێرەدا هونەری مامەڵكردن لەگەلأ جیاوازییەكاندا كاری لەپێشینەی مامۆستایەو پێویستە ئەمە لەلای مامۆستا هەم بیر و هەم ڕەفتار بێت. ئەم هونەرە تەنها حەز و هەستێكی سۆزداری نییە. بەڵكو پێویستی بە بڕوابوون بەو بابەتە هەیە لەگەڵ هەوڵی دۆزینەوەو زانینی؛ پاشانیش ڕەچاوكردن و كار بۆكردنی. زۆر گرنگە مامۆستا لەوە دڵنیا بێت كە بەشی هەموو قوتابییەكانەو هەر یەك لەراستی خۆیەوە چەشنی گۆڵەبەڕۆژە بن بۆ خۆری زانیارییەكانی مامۆستا. لێرەدا ناسنامەی (مامۆستای پۆل) وەك چەمكێكی پەروەردەیی ئاماژەیە بۆ ئەوەی مامۆستا لەسەریەتی كە بەڕێوەبەری گشت هەست و ویژدان و توانا جیاوازەكانی قوتابییان بێت و هیچ قوتابییەك نابێت لەدەرەوەی ڕایەڵەی وانەوتنەوەی مامۆستا بێت”.
مامۆستا نیزام دەربارەی ڕایەڵەكانی نێوان ڕێگاكانی وانەوتنەوە شێوازەكانی فێربوون ڕای وایە:”ئەگەر بپرسین ڕێگا جیاوازەكانی وانەوتنەوە بۆچی؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی هەر یەكە لە خودی قوتابی و بابەت و ئامانجەفێركارییەكان. لێرەدا قسەمان لەسەر خودی قوتابییە، بەدیاریكراویش شێوازەكانی فێربوون. بۆ نموونە: هەروەك لەسەرەوە باسمانكرد، شێوازی فێربوونی (VAK) كە قوتابییەكانی پۆلێك دابەشی سەر سێ كۆمەڵەی جیاواز دەكات لە ڕووی شێوازی فێربوونەوە. لێرەدا پێویستە مامۆستا ڕایەڵەی ڕێگاو شێوازی وانەوتنەوەی خۆی لەسەر شێوازە جیاوازەكانی فێربوون هەڵبچنێت. بەواتای ئەوەی كە پێویستە مامۆستا لە هۆكارەكانی ڕوونكردنەوەو گەیاندنی بابەتەكەیدا ڕەچاوی هەر یەك لە كۆمەڵەكانی: (Visual) و (Auditor) و (Kinesthetic) بكات”.
لەدوا پرسیار لەمامۆستا (نیزام)مان جیاوازی تاكایەتی و پێداویستییە خودییەكان چ ڕۆڵێكیان هەیە لە ڕێگاكانی وانەوتنەوەدا؟ لەوەڵامدا دەڵێ:”جیاوازی و هەمەچەشنی و فرەیی ڕواڵەتێكی دیاری سروشتەو لە هەموو دانەكانی ئەم بوونەوەرەدا ڕەنگیان داوەتەوە، مرۆڤ لەم نێوەندا چڕتر و وردتر بریتییە لە بوخچەیەكی پڕ لە نهێنی شاراوەیی و جیاكاری لەگەڵ ئەوانی تردا. سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان هەڵبەت جیاوازی تاكایەتی و پێداویستییە خودییەكان، بەدیوێكی تردا جۆرێكن لە شێوازەكانی فێربوون، كە ئاماژەیە بۆ جیاواز بوونی هەریەك لە قوتابییان لەوانی تر. ئەگەرچی جیاوازی تاكایەتی بەرفراوانترە و ئاماژەیە بۆ جیاوازی هزری و دەروونی و جەستەیی و حەز و خولیاو هیواكانی قوتابییان لەنێوان یەكتردا. لێرەو پێداویستییە خودییەكان سەرهەڵدەدەن و دەبنە پێویستییەكی ڕەچاوكراو لە وانەوتنەوەدا. ئەوەی كە زۆر گرنگە لە جیاوازی تاكییدا، دۆزینەوەی جیاوازییەكانە، ئەم دۆزینەوەیەش پشت بە چاودێرییەكی وردی پەروەردەییانەی مامۆستا دەبەستێت، كە بتوانێت لەلایەكەوە كلیلی كردنەوەی دەرگای ژوورە تاریك و شاراوەكانی دڵی تاكەتاكەی قوتابییانی پێ بێت و لەبەرچاویان بگرێت لەكاتی مامەڵكردنیاندا و لەلایەكی تریشەوە جیاكارە جەستەیی و پێداویستییە خودییەكانیان لەبەرچاوبگرێت لەكاتی پەیوەندیكردن پێیانەو هەروەها شوێنی دانیشتنیان و جۆری ئەرك پێدانیان”.