له فارسییهوه: خالید فاتیحی
(گریگۆری ئەفیمۆڤیچ ڕاسپۆتین) لە سیبیریاو لە ساڵی 1872ی زاینی لەدایكبووە. لای هەندێكان وەكو قەشەیەكی شیفابەخش و لای هەندێكی دیكەش وەكو بوونەوەرێكی شەیتان سیفەت ناسراوە.
با باسەكەمان لەشوێنێكی ترەوەدەست پێبكەین.
لە دەرباری تزار نیكۆڵای دووەم ئیمپڕاتۆڕی گەورەی ڕووسیاو لە بنەماڵەی ڕۆمانۆفەكان، تاقانە كوڕەكەی كە قەراربوو دوای پادشا دەستەڵات بەدەستەوە بگرێ، دووچاری نەخۆشی (هیمۆفیلیا) ببوو، كە لە دایكە ئەڵمانیەكەی بۆی مابووەوە. هەربۆیە تەنیا برینێكی بچووك لە لەشیدا دەیتوانی ئەوەندە خوێنی لێبڕژێنێ، تا كۆتایی بە ژیانی بێنێ. دكتۆرەكانی دەربارو باشترین دكتۆرەكانی وڵات، لە چارەسەركردنی دەستەوەستان مابوون. پادشا لەترسی ئەوەی خەڵك كۆتایی هاتنی زنجیرەی سەڵتەنەتی، بە مردنی چاوەڕوانكراوی تەنیا میراتگری تاج و تەختی ڕووسیای گەورە نەزانن، ئەو بابهتهی لەڕای گشتی شاردبووەوە.
لەلایەكی دیكەوە كەسێك بەناوی ڕاسپۆتینەوە، كە قەرەجێكی هەژار بوو، سەفەرێكی دوورودرێژی بە پێیان بەرەو (ناكجاباد) دەستپێكردبوو. ئەو كە لە پێناو بیروباوەڕەكەیدا، لەلایەن هاو گوندییەكانیەوە دەركرابوو، لەبەرئەوەی پێیوابوو كە (مریەمی پیرۆزی) بینیوەو پێیگووتوە بچێتە (سانپترۆسبۆرگ) و كوڕی ئیمپڕاتۆر چاك بكاتەوە. ئەوە لەكاتێكدابوو تەنانەت نزیكەكانی پادشاش لە نەخۆشی (ئەلەكسی) تاقانەكوڕی پادشادا هیچ زانیارییەكیان نەبوو. ئەوە خۆی لەخۆیدا دەیتوانی گەواهییەك بێت بۆ ڕاسپۆتین كە وەحی بۆ هاتووە، لەبەرئەوەی هەر كە گەیشتە سانپترۆسبۆرگ لە دەرباری شادا ڕایگەیاند كە چارهسهری نەخۆشیەكەی ئەلەكسی دەكات.
ڕاسپۆتین لەیەكەم ڕۆژی گەیشتنی بۆ سانپترۆسبۆرگ دەچێتە كڵێسایەك و دەڵێت: كە (مریەمی پیرۆز) دەستی بەسەرداهێناوە. باوكی ئاینی ئەو كڵێسایە دوای ئەوەی دەستی لێدەدات، لەناكاو لەبەرامبەریدا بەچۆكدادێت و داوا لە هەموو ئامادەبوانیش دەكات، داوای بەخشین لە ڕاسپۆتین بكەن. زۆرێك پێیانوایە ئەو ڕۆژە ڕاسپۆتین قەشەكەی هیپنۆتیزم كردووە. هەمان قەشە ڕاسپۆتین وەكو كەسێكی پیرۆز بەدەربار دەناسێنێ، بێئەوەی دەربارەی نەخۆشی ئەلەكسی قسەیەك بكات. شاژن ڕاسپۆتین بۆ دەربار بانگهێشت دەكات. كاتێك ڕاسپۆتین دەچێت بۆ كۆشك لەپڕێكدا بەرەولای ژووری ئەلەكسی دەچێت، كە لە خەودا خوێنڕێژی دەكرد. شاژن دەچێتە ژووری ئەلەكسی كە دەبینێ خوێنڕێژیەكەی وەستاوە، باوەڕ بە، بەهێزی ڕاسپۆتین دێنێ.
دوای ئەوەبوو كە ڕاسپۆتین جێگای تەواوی دكتۆرەكانی دەرباری گرتەوە. ئەو سەرەتا ناوەناوە هاتووچۆی دەرباری دەكرد. بەڵام دوای ماوەیەك جێگای خۆی لە دەرباردا كردەوەو دەرباریان بەتایبەتیش شاژن ئایندەی تاج و تەختی ڕۆمانۆفەكانی لەناوچەوانی ڕاسپۆتیندا دەبینیەوە.
ئەوە بووە هۆی ئەوەی ڕۆڵی زۆرتر لە چارەنووسی رووسیادا بۆ ڕاسپۆتین واڵابكرێ.
ڕاسپۆتین لەبەرئەوەی لە چینێكی زۆر خوارەوەی كۆمەڵگابوو، هەر بۆیە هیچ لە داب و دەستوورەكانی دەرباری لەبەرچاو نەدەگرت. لەنان خواردن، پۆشینی جلوبەرگ، ڕۆیشتن و شێوازی قسەكردنی جۆرێك بوو كە پادشا بە زۆری و لەبەرخاتری شاژن بوونی ئەوی پێ قبووڵ دەكرا.
ڕاسپۆتین قەرەجێك بوو، هەمیشە خەریكی خواردنەوە بوو زۆریش حەزی لە مۆسیقای قەرەجەكان دەكرد.
شاژن دوای ماوەیەك ماڵێكی ڕازاوەو جوانیدا بە ڕاسپۆتین. ماڵێك كە دواتر بوو بە جێگای (شەفاعەتخانە) بۆ ژنانی ڕوسیا. ژنان لە هەر چین و توێژێك هاتوچۆیان دەكرد، بۆ هەندێك بابەت لەوانە خیانەتی هاوسەرەكانیان، كە تەواوی پێشبینیەكانی مووبەموو ڕاست دەردەچوون.
شایانی باسە كە زۆربەی هەرەزۆری ئەو كەسانەی سەردانی ڕاسپۆتینیان دەكرد ژن بوون.
28ی تەمموزی ساڵی 1914ڕۆژێك بوو كە ئاڵوگۆڕێكی گەورەی جیهانی تێیداڕوویدا، ئەویش تیرۆركردنی فردیناند میراتگری تاج و تەختی نەمساو پۆڵۆنیا لەلایەن قوتابییەكی بۆسنی بەناوی (گاوریلۆ پرینسیپ).
نەمساو پۆڵۆنیا لە دژی سربیا جەنگیان ڕاگەیاند. دەوڵەتە بەهێزەكانی ئەوروپاش لەگەڵ نەمساو پۆڵۆنیا دژی سربیا هاتنەمەیدان، سربیا یەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكیەكانی ڕووسیابوو. ڕووسیاو نەمسا سەرەڕای پەیوەندی خزمایەتییان بەیەكەوە، بەڵام نەیان توانی یەكترڕازی بكەن و ئەوەش بووە سەرەتا بۆ دەستپێكردنی جەنگی یەكەمی جیهانی . جەنگێك كە تیایدا زیاتر لە نۆ ملیۆن سەربازی تێدا كوژراو ملێۆنانی تریش ئاوارەو بێ ماڵوحاڵ مانەوە. ڕووسیا سووپایەكی باشی هەبوو، لە ڕۆژانی یەكەمی جەنگدا بەباشی دەچووەپێش، بەڵام بوونی ناكۆكی لەنێوان فەرماندەكاندا ڕەوتەكەی گۆڕی، تا كارگەیشتە جێگایەك نیگەرانی پادشا لە تێكشكانی دەوڵەتەكەی وایلێكرد خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیاری جەنگ بگرێتە ئەستۆ. بێئاگا لەوەی بەر لە جەنگ ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆیی بووەهۆكاری لەناوبردنی.
ناكرێ ڕۆڵی ڕاسپۆتین لە جەنگدا لەبەرچاو نەگرین. لەوكاتەی كە پادشا لە دەرباردا نەدەبوو، هاوسەرەكەی بەڕێوەبردنی كارەكانی جەنگی بە ئەستۆوە دەگرت. كاتێكیش پێشبینیەكانی ڕاسپۆتین ڕاست دەردەچوون، شاژن ڕاستەوخۆ لە ڕێگای پێشبینیەكانی، تاكتیك و ڕاسپاردەكانی دەدا بەفەرماندەكانی جەنگ و ڕایدەسپاردن بێئەملاو ئەولا جێبەجێی بكەن.
دەڵێن ڕاسپۆتین كە خۆی لە چینی زەحمەتكێش بوو، بەئەنقەست پێشبینی هەڵەی دەدا، تا ببێتەهۆی ڕووخانی حكومەتی خوێنڕێژی ڕۆمانۆفەكان. دوابەدوای شكانە یەك لەدوای یەكەكانی سووپای ڕووسیا لە شەڕدا، جەماوەرو هەوەها دەرباریان بەهۆی دەستەڵاتی لەڕادەبەدەری ڕاسپۆتین لە دەرباردا، ناڕەزایەتییان نیشانداو خوازیاری ڕێگاچارەیەك بوون. ئەوان تەنانەت لە نامەیەكدا بۆ شاژن ئەو داواكاریەیان خستبووەڕوو، بەڵام شاژن هیچ گرنگیەكی پێنەدا.
كوشتنی ڕاسپۆتین
سێ كەسی دیار بەناوەكانی شازادە (فلیكس یۆسۆپۆف) و (ڤلادیمر میترۆ فانۆڤیچ پۆریشكۆڤیچ) و (دیمتری پاولۆڤیچ) لە كۆبوونەوەیەكی ڕەسمیدا ڕاسپۆتینیان وەكو مەترسییەكی جددی بۆسەر ئەمنیەتی ڕووسیا لەقەڵەمداو لە كۆبوونەوەكەدا نەخشەی تیرۆر كردنیان داڕشت و بڕیاردرا كە شازادە فلیكس بەكەڵك وەرگرتن لە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا، بە بیانووی چارەسەركردنی هاوسەرە نەخۆشەكەی بیهێنێتە ماڵەكەی و دەرمانی (سیانوور) ی بۆ لە كێك و كولیچەو شەراب بكەن و بیكوژن.
وەك دەڵێن مەرگی راسپۆتین تەنانەت لە ژیانەكەشی بەناوبانگترە.
لە30ی دیسامبەری ساڵی 1916 تەلەفۆنی ماڵی ڕاسپۆتین زەنگ لێدەدات و شازادە فلیكس داوای لێدەكات بۆچارەسەركردنی هاوسەرە گهنجهكەی بچێتە ماڵیان. ڕاسپۆتین دوای چەندینجار بۆ خۆدزینەوە لەو داوایە سەرەنجام بە پێداگری زۆرەوە، داخوازیەكەی قبووڵ دەكات. دوای داخستنەوەی تەلەفۆنەكە، نامە بەناوبانگەكەی دەنووسێت كە تائێستاش لە مۆزەخانەی سانپترۆسبۆرگی ڕووسیا پارێزراوە. بەشێك لە نامەكەی بەمشێوەیە: «دایكە- مەبەست لە شاژنە- دەزانم مردنم نزیك بۆتەوە. ئەمڕۆ دوا ساتەكانی ژیانم بەسەردەبەم. بەڵام وریابە. ئەگەر من لەلایەن گوندنشین و قەرەج و هاوڕەگەزەكانم كوژرام، بزانە كە هیچ مەترسییەك هەڕەشە لە تۆ و خەڵكی ڕووسیا ناكات. بەڵام ئەگەر لەلایەن یەكێك لە كەسانی دەربار یان خزمێكی تۆوە كوژرام، بزانە كە تۆ و بنەماڵەكەتان و هەموو ئەوانەی لە دەرباردان، لە دوو ساڵ زیاتر زیندوو نامێنن و بەدەستی خەڵكی ڕووسیا دەكوژرێن. خۆشم دەوێن- باوكە گریگۆری ڕاسپۆتین»
ئەوەدوا پێشبینی ڕاسپۆتین بوو، كە بەتەواوی وەڕاست گەڕا.
ڕاسپۆتین چووە ماڵی شازادە فلیكس لەژێرزەمینی ماڵەكەیدا، چاوەڕوانی ژنە بەڕواڵەت نەخۆشەكەی شازادە دەكات. (كە ئەو هەرگیز لەو شەوەدا نەیبینی) بە كێك و چای و شەرابی ژەهراوی بەسیانوور، پێشوازی لێكرا. شازادە فەرمووی دەكات ڕاسپۆتین هەموویان دەخوات. شازادە دەچێتە سەرەوە تا چاوەڕوانی مەرگی بێت. چونكە سیانوور تەنیا كەمتر لە چەند چركە مرۆڤ دەكوژێت. دوای چەند چركەیەك شازادە فلیكس دێتەخوارەوە، بەڵام بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە دەبینێ ڕاسپۆتین داوای كێك و شەرابی زیاتر دەكات.
شازادە دەچێتە سەرەوەو بەهاوكاری ئەو پزیشكەی كەلەوێ بوو، هەموو پۆدری سیانوورەكە دەكاتە كێك و پیاڵە شەرابە كانەوەو بۆی دەبات. دوای چەندینجار داواكردنی كێك و شەرابی زیاتر، ڕاسپۆتین هەر زیندوو بوو. شازادە ئیتر حەوسەلەی نامێنێ و بە دەمانچەكەی كەمەریەوە سێرە لە دڵی ڕاسپۆتین دەگرێ و گوللەیەكی لێدەدات. ڕاسپۆتین دەكەوێتەخوارەوەو بەڕواڵەت دەمرێ. شازادە دەچێتە سەرەوە بۆئەوەی تەنافێك بێنێ، بیبەستێتەوەو بیگوازێتەوە بۆ شوێنێكی دیكە. دوای ئەوەی دێتە خوارەوە لەپڕێكدا ڕاسپۆتین ڕاست دەبێتەوەو هەوڵدەدات شازادە بخنكێنێ، بەهەرجۆرێك دەبێ شازادە خۆی لە دەستی ڕزگاردەكات و دوو گوللەی دیكەی پێوەدەنێ و دەچێتە سەرەوە تا هاوڕێكانی ئاگادار بكاتەوە. بەڵام لەگەڕانەوەدا دەبینن ڕاسپۆتین هەستاوەتەوەو لە پلیكانەیەكی تری ژێرزەمینەكەوە ڕادەكات. ئەوان تا دەروازەی كۆشك لەو شەوە ساردو پڕ لە بەفرەدا، دوای دەكەون. كاتێك دەیەوێت لە میلە ئاسنینە كانی كۆشكەوە خۆی بهاوێتە خوارەوە، دەست بەجێ چەند گوللەیەكی دیكەشی پێوەدەنێن و دەكەوێتە خوارەوە. دووبارە بەڕواڵەت دەبینن كە مردووە. شازادە فلیكس و هاوڕێكانی دەیبەستنەوەو دەیبەنە سەر پردێك تا لەوێوە بیخەنە ناو ئەو ڕووبارە نیوەبەستوەی كە لە شارەوە تێدەپەڕی. ئەوان دووبارە دەبینن ڕاسپۆتین دەیەوێت خۆی لە دەستیان قووتار بكات. سەرەنجام دەتوانن بیخەنەناو ڕووبارەكەوەو بەجێی دێڵن.
بۆ بەیانی شاژن كاتێك نامەكەی پێدەگات، دەزانێ كە بكووژی ڕاسپۆتین كەسێك نییە جگە لە شازادە فلیكس نەبێ.
هەروەكو كە ڕاسپۆتین لە نامەكەیدا پێشبینی كردبوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی گەورەی ڕووسیا، لەنێوان ساڵانی1916 -1917 كۆتایی بە دەستەڵات و بنەماڵەی ڕۆمانۆفەكان هێنا.
تەواوی بنەماڵەكەیان لەلایەن بەلشەویكەكانەوە كوژران و كۆتایی بە دەستەڵاتیان هات.
پێشبینیەكەی ڕاسپۆتین بە بەناوبانگترین پێشبینی لە مێژوودا لە قەڵەم دەدرێت.
سەرچاوە:
ویكی پیدیا ی فارسی