جهلال مهلهكشا
“من” کە سووتاوی فیراقم، ئیتر ئاوم بۆچییە؟
خەزنەداری گەنجی عەشقی “تۆم” دراوم بۆچییە؛
کەم بە شمشێری “برۆ” قەسدی دڵی زارم بکە،
من شەهیدم، تیخی تیژی تازەساوم بۆچییە…
من بە “بەدناوی” لە دنیادا بەناوبانگم بەڵام،
یاد و ناوی تۆم لە دڵ بێ بانگ و ناوم بۆچییە!
وەک پڵنگی جەنگەڵی “عەشقم” بە سەربەستی دەژیم،
زوڵف و چاوی “تۆم” هەبێ، زنجیر و داوم بۆچییە،
ئەم جیهانە چۆڵ و هۆڵ و من “غەریبێکم” نەناس
“نیشتمانی” خۆم دەوێ دنیای گڵاوم بۆچییە؟
من لە “تەنیایی” گەلێ تەنیاترم لەم شارەدا!
ماڵی “خەم” هەر ئاوەدان بێ ژاوەژاوم بۆچییە”
بۆ فەرامۆشی بەرەو “مەیخانە” ڕاکێشم مەکەن؛
مەست و کەیلی ساغەری “عەشقم”، شەراوم بۆ چییە،
من کە “پەیمانم” لەگەڵ ڕۆحی هەتاو بەستووە،
ناز و خەمزەی “وردەتیشکی” ناوبەناوم بۆچییە…
من “موریدی” حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم؛
نووری ڕوخسارم دەوێ، شەمعی “شکاوم” بۆچییە؟
“مـــەلەکشـــا”