گەشبینی دەمانگەیەنێتە ئامانج

بەکر کەریم حەسەن

نووسەری ئەمریكی (برایان تریسی) وتاربێژی بواری (هاندان و خۆپێگەیاندن) دەڵێ “لە کاتی کار و بیرکردنەوەدا، کە ئەرێنی بم، کارەکەم ئاسانتر جێبەجێ دەبێ”.
شكی تێدا نییە كە ئەرێنی بوون بریتییە لە بیركردنەوە بە شێوەیەكی گەشبینانە و، كاركردن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی ڕۆژانە؛ كەسە ئەرێنییەكان هەردەم پێشبینی ئەنجامی باش و ئەرێنی دەكەن و هەرگیز ڕەشبین نابن، بەڵكو لە هەموو كێشە و گرفت و تەنگ و چەڵەمە و ئەزموونی خراپ، وانە فێر دەبن و پەند وەردەگرن و، لە هەمان كاتدا بەهێزتر دەبن و هەمیشە تێڕوانینیان ئەرێنی و ئومێدبەخش دەبێت؛ هەردەم كەسە ئەرێنییەكان دڵخۆش و بەختەوەرن و سوود لە ڕابردوو دەبینن و بەپەرۆش و پڕجۆشوخرۆشن بۆ ئێستا و، گەشبینن بۆ ئاییندە و پاشەڕۆژ.
ئەرێنیبوون چالاكییە و مژدەبەخشە هەمیشە بۆ ئەنجامەكان، كەسە ئەرێنییەكان هەمووكات سوپاسگوزارن لەسەر ئەو شتانەی كە هەیانە و نرخی دەزانن، هەردەم لەسەر ئەو شتانەی كە بەسەریان دێ دەڵێن سوپاس بۆ خودا هەمووی خێروچاكەی تێدایە و، بەخێر و چاكە دەگەڕێتەوە، لە هەموو گرفت و ئاریشەیەكدا بەهێزتر دەردەكەون و هەرگیز خۆیان بە دەستەوە نادەن، بەڵكو فێر دەبن و ئیرادەیان بەهێزتر دەبێت؛ هەروەكو (تۆماس ئەدیسۆن) دەڵێ “من نەدۆڕاوم، بەڵكو دەهەزار رێگام تاقی کردووەتەوە.”
کەسی ئەرێنی، لە هەر گرفت و كێشەیەكدا بیر لە چارەسەر دەكاتەوە؛ ناپڕژێتە سەر پەڵپ و بیانک و پاساوهێنانەوە؛ ئەو چەشنە کەسانە هەردەم ڕازین بە بەشی خۆیان و هەرگیز خۆیان بەراورد ناكەن بە كەسانی تر، بەڵكو بەردەوام هەوڵ دەدەن باشتر و باشتر دەربكەون لە ژیانی ڕۆژانە و ماڵ و كار و كۆمەڵگە.
لەبیرمان نەچێت كەسە ئەرێنییەكان كۆمەڵایەتین و پەیوەندیەکی باشیان هەیە لەگەڵ خەڵكدا، دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی؛ بەردەوام حەز دەكەن یارمەتی كەسانی تر بدەن و هەست بە بەرپرسیایەتی دەكەن بەرامبەر بە خەڵك و كۆمەڵگە، هەمیشە نیازوخواستیان دروست و باشە و پاکە بەرامبەر بە كەسانی دەوروبەریان و ڕاستگۆن و یارمەتیدەرن؛ نابنە كۆسپ و رێگر لە کارەکانیان، ئەرینیەکان هەمیشە كاروكردار و گوفتار و ڕەفتاریان هاوسەنگ و جێگیرە.
لەبیرمان نەچێ كەسە ئەرێنییەكان خەیاڵپڵاو نین، بەڵكو ئامانجی دیاریكراویان هەیە و كاروئیش و بەرپرسیاریەتی خۆیان خۆش دەوێ و دڵسۆزن بۆ كارەكانیان، هەمیشە حەز دەكەن كەسانی دڵسۆز و توانا لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە. گرنگە كەسانی ئەرێنی هەردەم كەسانی گەشبین و ئەرێنی لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە كە وزەی ئەرێنییان پێ دەبەخشن و ژینگەكەیان پڕ لە وزەی ئەرێنی دەبێت.
بۆ ئەوەی بەردەوام ئەرێنی بین بەبەردەوامی پێویستە هەردەم سوپاسگوزار و ڕازی بین و خۆمان و كەسانی تر و ژیانمان خۆش بوێت و، ئەوەی هەمانەن قەدری بزانین، لەگەڵ كەسانی تردا ڕووخۆش و دڵفراوان و دەمبەخەندە بین لە كاتی پێشوازی و پێویستدا؛ لە چاكەكردن و یارمەتیدان سڵ نەكەینەوە، چونكە تێڕوانینمان بۆ ژیان دەگۆڕێ؛ هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەكەین. هیچ شتێك لە قەبارەی خۆی گەورەتر و ئاڵۆزی نەكەین، لەبەر ئەوە تێڕوانینی بێوەی و بێمزەڕەت لەدەست دەدەین، لەگەڵ خودی خۆمان ئەرێنی بین بەردەوام خۆمان هان بدەین. توێژینەوە دەری خستووە هەر گۆڕانكارییەكی سادە لە چۆنیەتیی قسەكردن و گفتوگۆكردن لەگەڵ خۆت كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بیركردنەوە و توانا و ڕێكخستنی هەستەكان و دەربڕین و ڕەفتار و كردەوەكانمان، بۆیە بەردەوامی وتووێژكردن لەگەڵ خۆمان بڵێین: پێمان دەكرێ، دەتوانین، ئاسانە، هەوڵی زیاتر دەدەم، بەهێزم، دەستبەردار و دەستەمۆ نابم. لەگەڵ خۆت ڕووخۆش و دڵخۆش و میهرەبان بە؛ هەرگیز سەرزەنشتی خۆت مەكە؛ ناوەناوە پێویستە لە سروشتدا كات بەسەر ببرێ و تێڕامانی قووڵ هەبێت كە كاریگەرییەکی باشی هەیە لەسەر قایمكردن و مكومكردنی بیركردنەوەی ئەرێنی.
پێویستیمان بە شۆڕشی ئەرێنیبوون هەیە لە ناخمانەوە دەست پێ بكەین؛ ئینجا بۆ خێزان بۆ شوێنی كاركردن و پاشانیش بۆ كۆمەڵگە، پێویستە ئەرێنی بن هەوڵی بۆ بدەین سوور بین و دەستبەردار نەبین و هەموو بیركردنەوەیەكی نەرێنی ڕەت بكەینەوە، بیركردنەوەی ئەرێنی دڵخۆشمان دەكات و بەختەوەرمان دەكات، ژیانمان لا خۆشەویست دەكات و، لەبیرمان نەچێت باشترین رێگایە بۆ سەركەوتن و ئاسوودەیی.

بەڕێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەییدا