پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی ئایدۆلۆژیا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

نزیکەی مانگێک زیاترە سەرقاڵی خوێندنەوەی چەند کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەیەک بووم سەبارەت بە چەمکی ئایدۆلۆژیا، کە بۆ نووسینێک پێویستم بوو تێگەیشتنێکی تاڕادەیەک باشم لەسەر ئەم چەمکە هەبێت. لەنێو ئەو کتێبانەی خوێندمەوە تەنها کتێبی “ئایدۆلۆژیا”ی د. کامەران محەمەدم بە کوردی بینی، کە کتێبەکە توێژینەوەیەکی زانستییە دەربارەی چەمک و تایبەتمەندیی و ئەرکی ئایدۆلۆژیا. توێژینەوەکە لە ڕیشەی چەمکەکەوە دەست پێ دەکات کە لە بنەڕەتدا ئەم چەمکە فەڕەنسییە و بەمانای “هزرناسی” دێت. ئەوەی ئەم کتێبە پێمان دەدات ئاشنابوونێکی سادە و ئاسانە سەبارەت بەم چەمکە و پەیوەندی بە چەمکەکانی دیکەوە. لێرەدا کە باس لە سادەیی دەکەم مەبەستم ئەوەیە کە کتێبەکە دەتواتێت تێگەیشتن بۆ زۆرێک لە خوێنەران دروست بکات و تەنها بۆ نوخبەیەکی دیاریکراو نەنووسراوە.

نووسەر لەسەرەتادا دەست بە دیاریکردنی چەمکەکان دەکات و پەیوەندیان بە چەمکە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێک دەخات. یەکەم چەمک کە نووسەر وەکو پەیوەندی لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا دەیخاتەڕوو چەمکی “زانست”. لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە زۆرجار زانست کردەیەکی بێلایەنانە نییە و جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیا. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئایدۆلۆژیا بەرهەمی زانست نییە، بەڵکو بەرهەمی باوەڕە.
یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی دەیخاتە بەرباس پەیوەند بەم چەمکەوە چەمکی فەلسەفە و تیۆری سیاسییە. لەم بەشەدا نووسەر هەوڵی جیاکردنەوەی هەر سێ چەمکەکە دەدات و باس لەو تێکەڵکارییە دەکات کە زۆرجار خوێنەران لێیان تێکەڵ دەبێت. لە دواتردا باس لە چەند جیاکارییەک دەکات لەنێوان فەلسەفە و ئایدۆلۆژیادا، کە لێرەدا ئێمە ئاماژە بە تەنها خاڵێک دەکەین ئەویش خاڵی گرنگیدانی ئایدۆلۆژیایە بە جەماوەر و گەل، بەڵام فەلسەفە بەپێچەوانەوەیە و تەنها کەمینەیەک شوێنی دەکەوێت، یان دەبێتە جێسەرنجی کەمینەیەک.
نووسەر لە دواتردا چەمکی ئایدۆلۆژیا بە ئایینەوە دەبەستێتەوە و باس لەو پەیوەندیانە دەکات کە لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە. یەکێک لە دیارترین پەیوەندییەکانیان ئەوەیە، کە هەردووکیان لە مژدەداندا بە ئایندەیەکی باشتر بەیەک دەگەن و دەتوانین بڵێین ئەمە خاڵی هەرە نزیک و بەیەکگەیشتنیانە. خاڵێکی دیکەی لێکنزیکی ئەم دوو چەمکە ئەوەیە کۆمەڵێک دژیەکیان هەیە و هەر یەکەیان دژیەکی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمەش دەبێتە خاڵی لێکچوونیان، بۆ نموونە لە ئاییندا پێوەرەکانی وەکو “گوێڕایەڵی و سەرپێچی”، “ڕێپێدراو و قەدەغەکراو”، کاریان لەسەر دەکرێت و لە ئایدۆلۆژیاشدا دژیەکەکانی “سەرمایەداری و کۆمۆنیزم”، “لیبراڵیزم و سۆشیالیزم” لە دیارترین دژیەکەکانن، کە لە هەناوی ئایدۆلۆژیادا جێگیرە. خاڵێکی دیکە کە لەم بەشەدا ئاماژەی بۆ کراوە ئەوەیە کە “ئایدۆلۆژیا نوێکان ناتوانن شوێنی ئایینەکان بگرنەوە” لێرەدا ئاماژە بە قسەیەکی تۆینبی دەکات کە جێگرتنەوەی ئایدۆلۆژیا لەبیر ئایین کارەسات دەخولقێنێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین بەشێک لە تەیارە دینییەکان ئایین وەکو جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا بەکار دەهێنن، یان دەتوانین بڵێین بەرگی ئایدۆلۆژیای بەبەردا دەکەن و لەو سرووتە ڕۆحییە فەردانییە دەری دەهێنن کە مرۆڤ لە سنوورێکی دیاریکراودا پەیڕەوی بکات. نووسەر لەم کتێبەدا باسی لەم خاڵە نەکردووە.
یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی کە نووسەر بە چەمکی ئایدۆلۆژیاوە دەیبەستێتەوە چەمکی “مێژوو”ە، لەم چەمکەوە دەپەڕێتەوە بۆ قسەکردن کەسایەتی ئایدۆلۆژیست و مێژوونووس و جیاکارییەکی ورد، بەڵام تیژتێژە لەنێوان هەردووکیاندا دەخاتەڕوو کە بەلای منەوە خاڵێکی گرنگ و جێ بایەخە.
کتێبەکە دەپەرژێتە سەر چەند تەوەر و باسێکی دیکە کە لەم ڕانانە کورتەدا دەرفەتی باسکرنیمان نابێت. ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە خوێنەری ئەم کتێبە دەتوانێت لە تێگەیشتن لەم چەمکە و پەیوەندی بە چەمکە سەرەکییەکانەوە سوودمەند بێت. دەستخۆشی بۆ د. کامەران محەمەد و بەهیوای هەوڵی بەردەوامی لەم چەشنە.