وەرگێڕان پڕۆژەیەکی تەواونەکراو

هەمیشە بە ڕێزێکی زۆرەوە لە کاری وەرگێڕکارانم ڕوانیوە، چون درکی ئەوە دەکەم چ کارێکی تاقەتپڕوکێنە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا چەند وتار و چاوپێکەوتنم لەگەڵ وەرگێڕکاراندا کردووە، وەک جۆرێک لە نرخاندنی من بۆ کارەکانی ئەوان، (کە پێموایە لەپای ماندووبونی ئەوان هیچ نییە)، بەڵام من هەر ئەوەندەم لەدەست هاتووە.

هەفتەی ڕابردوو چاپی نوێی “وەرزێک لە دۆزەخ و درەوشانەوە”ی ئارتوێر ڕامبۆم بە وەرگێڕانی “ئەحمەدی مەلا” و لە زنجیرە چاپکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس خوێندەوە، کە وەرگێڕ ڕاستەوخۆ لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی. وێڕای دەستخۆشی دووبارەم بۆ د. ئەحمەد، حەزم کرد ئەم کتێبە بکەمە بەهانەیەک بۆ قسەکردن لەسەر وەرگێڕانی شیعر و ئەو سەختی و گرانییەی لەکاتی وەرگیڕانیدا تووشی وەرگێڕ دەبێت. وەرگێڕی ئەم کتێبە لە پێشەکییەکەیدا قسەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێش دەکات، کە من کردوونە بەناونیشانی ئەم وتارەم لەوێدا بە ڕوونی دەڵێت “وەرگێڕان ئەو پرۆژەیەی کە تەواو نابێ. ئەمە ئەگەر بۆ وەرگێڕانی ڕۆمانێک، لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی، یان چیرۆکێک ڕاست بێ، بۆ دەقێکی شیعری ئەوەندەی دیکە ڕاستە، بەتایبەت شیعرگەلێک کە لە ئاستی شیعرەکانی ڕامبۆدا بن”.
کاتێک د. ئەحمەد باس لەوە دەکات، کە وەرگێڕان پڕۆژەیەکی تەواونەکراوە مەبەستی لەوەیە هیچ وەرگیڕانێک پێرفێکت (کامڵ/تەواو) نییە. ئەوەی تەواوی (کامڵێتی) بە وەرگێڕان دەبەخشێت ئەو زەمەنەیە، کە وەرگێڕ تێیدایە و بە چوونە سەرەوەی ئەزموونی ئەو “تەواوبوون”ـە دەبێتە “تەواونەبوون” و دووبارە وەرگێڕ بۆ چاپی نوێی بەرهەمەکە هەوڵی پێداچوونەوەی دەدات و ئەو ئەزموونانەی لەو زەمەنەدا کەڵەکەی کردووە دەیخاتە گەڕ بۆ باشترکردنی وەرگێرانەکە. بەڵام دیسان هەر گەیشتن لە کامڵێتی تەواوەتی مەحاڵە. بۆیە هەر پرۆژەکە بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە.
بێگومان ئەمەی لێرەدا باس کرا کاری وەرگێڕە کارامەکانە. نەک کاری ئەو وەرگێڕکارانە بێت، کە ئەوەندە لە خەمی زیادکردنی ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانیاندا لە خەمی ئەوەندا نین، وەرگێڕانێکی شایستە پێشکەشی خوێنەر بکەن. وەرگیڕان بەر لەوەی زمانزانین بێت، ئەزموون و سەلیقە و هونەرە لەنێو زماندا و خوێندەواربوون و بەکارهێنانی زمانە. گەلێکجار وەرگێڕە تازەکارەکان دەبینم بەر لەوەی دە کتیب بخوێننەوە لە هەوڵی ئەوەدان، کە دەست بە وەرگێڕان بکەن. ڕەنگە شارەزایی زمانی دووەم بن، بەڵام ڕەنگە نەتوانن ئەوەی لە دەقە بنەڕەتییەکەدا هەیە بۆ زمانی خۆیانی وەربگێڕن. بۆیە وەرگێڕ بەرپرسیارە لەوەی چی پێشکەشی خوێنەرانی دەکات. لێرەوەیە کردەی وەرگێڕان کردەیەکە کاری هەموو زمانزانێک نییە، بەڵکو کاری ئەو کەسانەیە کە شارەزای هونەری وەرگێڕانن.
سەبارەت بەم بەرهەمەی کە ئەحمەدی مەلا کردوویەتی بە کوردی من چاپی پێشووی ئەم بەرهەم بینیوە و خوێندووەتەوە، دەتوانم شاهیدی ئەوە بدەم، کە ئەم چاپە گەلێک کامڵتر و باشترە و وەرگیڕ هەوڵی داوە کاری نوێ لە پرۆژە تەواو نەکراوەکەیدا بکات. وەک لای هەموان ئاشکرایە ڕامبۆی شاعیر یەکێکە لەو شاعیرانەی وەکو قوتابخانەیەکی شیعریی لە ئەدەبی جیهانی و شیعریی فەرەنسیدا سەیر دەکرێت و داهێنانەوەی دەقەکانی ئەم شاعیرە لە زمانی کوردیدا گەلێک سەختە، بۆیە ئەم هەوڵە و لەم چاپە نوێیەدا دووبارە جێگەی دەستخۆشییە و بەهیوام وەرگێڕەکانمان هەمیشە وەرگیڕان وەکو پرۆژەیەکی سەنگینی ناتەواو ببینن بۆ ئەوەی بەرهەمێک لە باشترین ئاستدا پێشکەشی خوێنەرانی نەتەوەکەیان بکەن.