“هێزی گێڕانەوە” بڵاوکرایەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هێزی گێڕانەوە؛ نوێترین کتێبی “ئارام سدیق”ـە کە لە چەند وتار و کۆمەڵەدیدارێک لەگەڵ ئارام کاکەی فەلاح پێکهاتووە و سەرجەمیان باس لە دونیای گێڕانەوە بە گشتی و ئەزموونی نووسینی چیرۆک دەکەن. هاوکات ئارام کاکەی فەلاح باس لە کارکردنی 35 ساڵەی ئەزموونی چیرۆکنووسینی خۆی دەکات و بەشێک لەو هەنگاو و تەکنیکانە ڕوون دەکاتەوە کە لە ئەزموونەکەیدا کاری لەسەر کردوون.

لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسەر ئەوەی خستووەتە ڕوو کە کتێبەکە تیشکخستنە سەر ئەزموونی چیرۆکنووسێکە لە ڕێی پرسیار و وەڵامەوە، کە بە وشیارییەوە دەنووسێت و توانایەکی سەرسوڕهێنەری لەوەدا هەیە، کە سادە بنووسێت، بەڵام لەنێو قووڵاییەکانی ناخی مرۆڤدا کار بکات. ئەم چیرۆکنووسە دوورە لە ئاڵۆزی بێمانا و ئاڵۆزکاندن، کە بەشێک لە چیرۆکنووسان بە دەستکەوتی دەبینن. بۆیە لەم زنجیرە دیدارەشدا بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر ئەم جۆرە لە گێڕانەوە کە بۆ هەمیشەیی هێزی خۆی لەدەست نادات.
لەبەر گرنگی ناوازەیی ئەم چیرکنووسە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر هەمان نووسەر “ئارام سدیق کتێبێکی بەناونیشانی “نەمریی و گێڕانەوە” لەبارەیەوە نووسی، کە تیشکخستنە سەر بەشێک لە ئەزموونی ئەم چیرۆکنووسەیە.