به‌رزكردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تیی ژیانی هاووڵاتیان

دانا له‌تیف

ژیان و چۆنایه‌تییه‌كانی یەكێكە لەو چەمكانەی كه‌ لە زۆربەی لقە زانستییەكاندا توێژینەوەی لەبارەوە کراوە، بەڵام خستنەڕووی تێگه‌یشتنێكی گشتگیر و گەردوونی بۆ ژیان كارێكی نەكردەیە و به‌ دژواری ئەو كارە دەكرێت، چونكە چەمكی ژیان چەمكێكی فرەڕەهەند و ڕێژەییە و لە هەر شوێنكاتێك بەها كەسی و كۆمەڵایەتییەكان گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە زەحمەتە پێناسە و تێگه‌یشتنێكی گەردوونیی بۆ ئەو چەمكە بكەین، بەڵام لەم به‌شه‌دا هەوڵ دەدەین ماناكانی ژیان و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی وا ده‌كه‌ن تاك له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بژێت كه‌ نادادپه‌روه‌ری له‌ لوتكه‌دا بێت بخه‌ینه‌ڕوو. له‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ كۆمه‌ڵناسی و ته‌نانه‌ت ده‌روونناسییش له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی جدی هه‌بووه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێمه‌ش هه‌وڵێكی ئه‌كادیمی و فكرییه‌ له‌و پێناوه‌دا.

تێری ئیگڵتۆن یه‌كێكه‌ له‌و بیرمه‌ندانه‌ی كه‌ بایه‌خی تایبه‌تی به‌م پرسه‌ داوه‌، له‌ كتێبه‌كه‌ی به‌ناونیشانی مانای ژیان (The Meaning of Life) كۆمه‌ڵه‌ پرسیارێكی سه‌باره‌ت به‌ ژیان خستۆته‌ڕوو، بێجگه‌ له‌وه‌ش، هه‌وڵ ده‌دات به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پاشخانه‌ تیۆرییه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌ كه‌ مانای ژیان چییه‌؟ ئایا ده‌كرێ له‌ ژیان تێبگه‌ین؟ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن كه‌ كۆمه‌ڵێ ڕسته‌ی باقوبریق له‌م كتێبه‌وه‌ هه‌ڵبهێنجێنن، هه‌ر زوو تووشی شۆك و بێ هیوای ده‌بن، هه‌ر زوو بێهیوایان ده‌كات، ئیگڵتۆن له‌م كتێبه‌دا به‌رده‌وام پێیه‌كی لای ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتوونه‌ و پێیه‌كی تری لای فرۆید و نیتشه‌ و میله‌ره‌.
ئیگڵتۆن پێی وایه‌ هه‌ر تێڕامانێك له‌باره‌ی بوونمان له‌ جیهان، خۆ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ بوونمان له‌ جیهان. تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رده‌وام دنیابینی و تێگه‌یشتنی تایبه‌ت به‌ خۆیان و ده‌وروبه‌ریان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و كایه‌ سیاسیی و حوكمڕانییه‌كانن دنیایه‌كی نایه‌كسان ده‌خولقێنن، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی پڕه‌ له‌ نایه‌كسانی، ده‌كرێ مانایه‌كی دیاریكراوی بۆ ژیان هه‌بێت. كۆمه‌ڵگه‌ی نادادپه‌روه‌ر به‌رده‌وام مرۆڤێك په‌روه‌رده‌ ده‌كات كه‌ بڕوای به‌ ژیان نه‌بێت، تاكێك به‌رهه‌م دێنێت به‌رده‌وام بیر له‌ خۆكوشتن بكاته‌وه‌، كۆچ بكات، هیچ شتێك مانای نه‌بێت. ئه‌م جۆره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، كه‌ سه‌رچاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و داهاتی وڵات و خزمه‌تگوزاری، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابێت. مانای ژیان هه‌ر له‌ خت و خۆڕا دروست نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌یه‌ن مانای پێ ده‌ده‌ین، هه‌ر یه‌كه‌مان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ ژیان ده‌ڕوانین و، مانای پێ ده‌به‌خشین. ئیگڵتۆن گوته‌نی ئه‌و كه‌سانه‌ی هیچ مانایه‌ك بۆ ژیانیان دانانێن، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیانیان بایه‌خی نییه‌، نه‌بوونی بایه‌خ یانی نه‌بوونی ئامانج، نه‌بوونی مه‌به‌ست، نه‌بوونی به‌ها و نه‌بوونی پانتاییه‌ك بۆ بیركردنه‌وه‌ و تێدا ژیان. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌سته‌وه‌ستان بن له‌ تێگه‌یشتن له‌ ژیان، به‌ڵكو هیچ پاڵنه‌رێكیان بۆ ژیان نییه‌، كه‌سانێكن هیچ شتێك نییه‌ به‌ ژیانه‌وه‌ بیانبه‌ستێته‌وه‌، كه‌سانێكن، له‌ به‌رداشتی جیاوازیی چینایه‌تی و نه‌بوونی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانیان، ده‌فه‌وتێن، ده‌تلێنه‌وه‌. ڤیتگنشتاین ده‌یگوت «جه‌سته‌ باشترین وێنه‌ی ڕۆحه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ له‌ ڕۆحی كه‌سێك تێبگه‌یت، خۆت ماندوو مه‌كه‌، ته‌نیا بزانه‌ چ ده‌كات». مرۆڤێك به‌بێ ئامانج بژیێت، وا له‌ مرۆڤێك كرابێت بیر له‌ ژیان بكاته‌وه‌ چۆن لێی تێبگه‌ین، نه‌ك ئه‌وه‌، به‌ڵكو چۆن ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی به‌ڕۆح.
مانای ژیان ڕێگه‌چاره‌یه‌ك نییه‌ بۆ پرسێكی دیاریكراو، له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر ناكرێت ببێته‌ چاره‌سه‌ر، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ ژیان به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو. گوزارشته‌ له‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ چۆن بژین و له‌ پێناو چییدا بژێین. كۆمەڵناسه‌كان پێیانوایە چۆنایه‌تیی ژیان كۆمەڵێكە لە ویست و پێداویستییە بەكۆمەڵ و سۆزدارەكی و كۆمەڵایەتییەكان كه‌ بەسەریەكەوە تواناییه‌كانی ژیان پێك دەهێنن و دەبنە هۆی ڕەزامەندی یان ناڕازیبوونی تاك لە ژیانی، بەتایبەت لە پرسی وەك دەستەبەركردنی داهات، بەرزكردنەوەی بەها و كەسایەتییە مرۆییەكانیان، هەبوونی دامەزراوە هەستیارەكانی وەك خێزان، تەندروستی، خۆراك، پیشە، بەشداریی كۆمەڵایەتی و سیاسی، مرۆڤ تا له‌ ڕووی خێزانی، ته‌ندروستی و پیشه‌ و به‌شدارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌ست به‌ بوونی خۆی نه‌كات، چۆن ده‌توانێت ژیان مانایه‌كی هه‌بێت بۆی. نه‌ك ئه‌وه‌، چۆنایه‌تیی ژیانی تاكێك ده‌كرێ لە ڕووی به‌رفراوانكردن و گه‌شه‌پێدانی هیوا و ئارەزووەكانی كه‌ لە ئەزموونی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، هیوا و ژیانێكی باش دووانه‌یه‌كی لێكجیانه‌كراوه‌ن. هه‌رگیز به‌ر تاكێك ناكه‌ویت بێ هیوا بێت و ژیان لای ئه‌و مانایه‌كی هه‌بێت، له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ نایه‌كسانی و جیاوازیی چینایه‌تی تا بیناقاقای هاتووه‌، به‌رده‌وام به‌ر مرۆڤانێك ده‌كه‌وین كه‌ هیچ هیوا و ئومێدێكیان نییه‌، به‌رده‌وام له‌ دۆخێكدا ده‌ژێن كه‌ به‌خته‌وه‌ری ڕوویان لێ ناكات.
له‌ چه‌ند توێژینه‌وه‌‌یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵناسیدا كه‌ له‌ وڵاتێكی خۆرئاواییدا کراوە، ده‌ركه‌وتووه‌ ژیان لای ئه‌وان بریتییه‌ له‌ تێگەیشتنی تاكه‌كان لەو خۆشگوزەرانییەی كە بە هۆی ڕەزامەندی و ناڕازییبوون لە پانتاییە سەرەكییه‌كانی ژیانەوە هه‌یانه‌. به‌مانایه‌كی تر، چۆنایه‌تی ژیان(Quality of Life) بریتییە لە به‌خته‌وه‌ری یان ڕەزامەندی تاك لە ژیان و ئەو ژینگەیه‌ی تێیدا دەژێت، ویست، پێدوایستی و ڕه‌هه‌نده‌كانی شێوازی ژیان و ئەو هۆكارە هەستپێكراو و هەستپێنەكراوانە دەگرێتەوە كه‌ كاریگەری لەسەر ئاسووده‌یی هەمەلایەنەی تاك هەیە. ئایا تاكی كوردی به‌خته‌وه‌ره‌ تا هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی بكات، تاكی كوردی له‌ یه‌ك كاتدا، هه‌م ئیشی نییه‌، هه‌م خزمه‌تگوزاریی پێویست و به‌رده‌وامی نییه‌، هه‌م به‌رده‌وام له‌ دۆخێكی نائارامییدا كه‌ ناتوانێ ئامانج و مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی هه‌بێت، تاكی له‌م چه‌شنه‌، به‌رده‌وام یان كۆچ ده‌كات یان خۆی ده‌كوژێت. پێموایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی وامانلێده‌كات ئامانجمان نه‌بێت، هه‌ر ته‌نیا كایه‌ی سیاسیی نییه‌، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به‌ دنیابینیی و تێگه‌یشتنمانه‌وه‌ هه‌یه‌، تا خۆمان له‌ هه‌ندێ وه‌هم و تێگه‌یشتنی ساخته‌ ڕزگار نه‌كه‌ین، ناتوانین باش بژێین، خۆش بژێین، ئامانجدار و مه‌به‌ستدار بین، چونكه‌ چۆنایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاكێك ئەو ئاستەی ژیانە كە لە ڕووی ژینگەی ماددی و كۆمەڵایەتییەوە هەیەتی،لەڕووی ڕەزامەندبوون پێی و هەستكردن بە گەشبینی و به‌خته‌وه‌ری هەم لە ئاستی بابەتی وەك داهات و كار و تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان، هەم لەڕووی خودییەوە وەك ڕازیبوونی تاك لەو ئاستە به‌خته‌وه‌رییه‌ی لە ژیاندا هەیەتی.
ژیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌ر، ژیانێكی كوله‌مه‌رگییه‌، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا ناكرێ پێی بڵێین ژیان. گه‌ر بۆ تێگه‌یشتنی گه‌ردوونیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش (WHO، 1993) بگه‌ڕێیینه‌وه‌ به‌روونی به‌ر ئه‌و دیده‌ ده‌كه‌وین كه‌ ژیان واته‌ تێگەیشتن و هەستكردنی تاك له‌و پێگەیەی خۆی هه‌یه‌تی لە بونیادی كولتووری و ئەو سیستەمە بەهاییەی تێیدا دەژێت، ئه‌ویش لە پەیوەست بە ئامانج و چاوەڕوانی پێوەرەكان و تێبینییەكانی ئەوانیتر، هه‌ر لەبەرئەوەیه‌ بەتەواوی كەسییە و لە لایەن ئەوانیتر هەستی پێ ناكرێ و نابینرێت و پشتئەستوورە بە تێگەیشتن و پەیبردنی تاكەكان لە لایەنە هەمەچەشنەكانی ژیانیان، ئایا تاكی كوردی هه‌ست به‌ بوونی خۆی ده‌كات له‌ كایه‌ كولتوورییه‌كان، له‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان، له‌ كایه‌ ئابوورییه‌كان، ئایا تاكی كوردی ده‌توانێ چاوه‌ڕوانی هه‌بێت، ده‌توانێ ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ ده‌یه‌وێ چۆن بژێت، له‌ سیسته‌مێكی كولتووریی و چینایه‌تیی كه‌ ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر بۆرژوازه‌كانه‌، ته‌نیا ڕوو له‌ خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ساخته‌ و پاره‌داری ساخته‌یه‌، كایه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ پاره‌ی باشیان هه‌یه‌، گه‌ر فیكریشیان نه‌بێت، كێشه‌ نییه‌، پێموایه‌ له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی تاكه‌كانی پاره‌ی باشیان هه‌یه‌، به‌ڵام فیكریان نییه‌، ناخوێننه‌وه‌، بڕوانامه‌ی ساخته‌یان هه‌یه‌، ژیانێكی ساخته‌یان هه‌یه‌، ژیانێك له‌سه‌ر خوێنی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار بینا كراوه‌.
فیلس و پێری (1999) پێیانوایە بونیادی چۆنایه‌تیی ژیان بریتییە لە ئاسایشی ماددی (سەرمایە یان داهات)، چۆنایه‌تیی ژیانی خێزان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەشداری كۆمەڵایەتی، ئاسایش و ئارامی سۆزدارەكی (كاریگەری بیركردنەوەیی ئەرێنی، هەبوونی پێگە)، تەندروستی یان فشاری دەروونی، هێنانەدیی توانا كەسییەكان و هەبوونی ئایین و بۆچوونی ڕۆحی و وریابوون له‌ڕووی خۆكۆنترۆڵكردن و هەڵبژاردن لە ژیاندا، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، ده‌كرێ بڵێین ژیان تێگەیشتنێكی كەسییه‌، ئەویش پەیوەست بە ئامانج و پێشبینی و چاوەڕوانیی و نیگەرانییەكانی تاك، چونكە چۆنایه‌تیی ژیانی تاكه‌كان كاریگەرە بەو چوارچێوە كولتووریی و سیستەمە بەهاییەی تاكه‌كان تێیدا دەژێن كە بەهۆی سەلامەتی فیزیكی و پێگەی دەروونی و كۆمەڵایەتییەكەی و ئاستی سەربەخۆیی و پەیوەندیی كۆمەڵایەتیەكانی مانادار دەبێت. ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسی وا له‌ چۆنایه‌تیی ژیانی تاكه‌كان ده‌ڕوانین كه‌ پشتئەستوورە بە بەها و ئارەزووی كەسیی، ئەویش لە پەیوەست بە ڕێژەی ڕەزامەندیییان لە ژیان. بە دەربڕینێكی دیكه‌، ڕازیبوون لە ژیان وەك بنەمای سەرەكیی ژیان پێداگری لەسەر كراوەتەوە ئەویش لە چوارچێوەی ئەم چوار جۆرەی ڕەزامەندی لە ژیاندا، واته‌ تا تاك له‌م چوار ئاسته‌ی ڕه‌زامه‌ندییدا بوونی خۆی نه‌دۆزێته‌وه‌، ناتوانین بڵێین ژیانیان چۆنایه‌تیی هه‌یه‌:

  1. ڕەزامەندیی تاكه‌كان له‌ ڕێژەیی سوودمەندبوونیان لە توانا مرۆییه‌كان.
  2. ڕەزامەندییان به‌رامبه‌ر به‌ پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.
  3. ڕەزامەندیی خودی، ئەویش پێك دێت لە خەیاڵی تاك بەرامبەر بە خۆی و پێناسەكردن و ناسینی كێیەتی خۆی كە ئاماژە بە ماناداری و كۆنترۆڵی ژیانی خۆی دەكاتەوە لەبەرامبەر خودنامۆییدا.
  4. ڕەزامەندی لە كردە و هەنگاوەكان كه‌ پتر پەیوەستە بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كات بە تایبەت ئەو كاتانەی دەستبەتاڵین.
    سه‌رباری ئه‌وه‌ی وتمان، ده‌كرێ بڵێین چۆنایه‌تیی ژیانی تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ گوزارشته‌ له‌ تێگه‌یشتن و قووڵبوونه‌وه‌كانی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌‌ له‌ڕووی ئاره‌زوو و هه‌ست و ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان و هه‌ستكردنی به‌ ئارامی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاییه‌ی تێیدا ده‌ژیێت و هه‌ستكردنیی ئه‌و تاكه‌ به‌ به‌خته‌وه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ له‌ كرده‌ و كارلێكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی، بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ته‌واو له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وانی تر دابنێت و، درووستبوونی ئه‌م گه‌شبینییه‌ له ‌هه‌موو كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕه‌نگ بداته‌وه‌.