قه‌ڵات به‌ ڕه‌نگى نامق عه‌لى قادر

دڵشاد عه‌بدوڵڵا

پێش چه‌ند ساڵێك سه‌فه‌رى فرانسامان به‌یه‌كه‌وه‌ بوو، له‌وێشه‌وه‌ چووینه‌ ڤینیسیا بۆ دیتنى بینالى كه‌ دوو ساڵ جارێكه‌. ساڵانێكى زۆره‌ نامق عه‌لى قادر ده‌ناسم، زۆر گفتوگۆى هونه‌ر و ئه‌ده‌بیش به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌كارییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام له‌و سه‌فه‌ره‌ نهێنییه‌كى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م دیته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ هه‌ستم پێنه‌كردبوو، ئه‌ویش ئه‌و سۆزه‌ به‌هێزه‌ى بوو بۆ (به‌هێزى) كوڕى كه‌ ئه‌وكات له‌ شارى ڕۆتردام له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژیا. سۆزێك كه‌ ده‌توت نه‌رمه‌ شه‌پۆله‌ خۆى ده‌دا له‌ كه‌نار، هێمن و له‌سه‌رخۆ. ده‌یویست بچین بۆ سه‌ردانى دواى بینالى.
ئه‌و شه‌وه‌ى لاى به‌هێز له‌ شوققه‌ زوگورتیانه‌كه‌ى ماینه‌وه‌ من و نه‌هله‌ ته‌ختى نووستن و ژوورێكمان به‌ركه‌وت، ئه‌وانیش بورهان سابیر و ئازاد مه‌ولوود و نامق و به‌هێز له‌ ژوورێكى تر.
هه‌ندێكجار دیمه‌نێكى كورت، یان هه‌ڵوێستێك كه‌سایه‌تى براده‌رێكى خۆت نیشان ده‌دا كه‌ ماوه‌ى زۆرى براده‌رایه‌تى هه‌ستت پێنه‌كردووه‌. ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌ گه‌یشتینه‌ لاى به‌هێز هه‌ستم كرد ئه‌وانه‌ باوك و كوڕ نین به‌ڵكو شێخ و سۆفین، سه‌رسووڕمانیش له‌وه‌دایه‌ كوڕ شێخ و باوك سۆفى! جوانییه‌ سه‌رسووڕهێنه‌كه‌ لێره‌بوو. به‌هێزهونه‌رمه‌ندێكى به‌توانایه‌ و چۆته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى نامق به‌ شێوازى تایبه‌تى خۆى و تابلۆكانى ئه‌وكات ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سروشتى هۆڵه‌ندا بوون و ڕووبه‌رى ڕه‌نگ به‌سه‌ر هێڵ و شێوه‌كاندا زاڵبوو.له‌ دوا پێشانگه‌ى نامق به‌هێزم دیته‌وه‌ له‌ حزوورى تابلۆكانى باوكى وه‌ستابوو، دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌مجاره‌یان پێچه‌وانه‌ بووبووه‌وه‌، كوڕ له‌ حزوورى باوكیدا.
گه‌مه‌كردن به‌ یاده‌وه‌ریى كارێكى ئاسان نییه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست نۆستالیژیاى ڕووت نه‌بێت و مه‌به‌ست خوڵقاندنى هونه‌رێكى به‌رز بێت.
ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ى گۆزه‌كه‌ى خه‌یام- مان دێنێته‌وه‌ یاد له‌ دروستكردندا، كه‌ ئێسكوپڕوسكى پێشه‌خۆمانى تێدا بووه‌ به‌ ئارد! نامق خه‌یام ئاسا گۆزه‌ى هونه‌ریی له‌ قه‌ڵات دروست ده‌كات، گۆزه‌ى سه‌رده‌مى بێده‌نگیى كۆڕۆنا وهیواى ته‌م لێنیشتووى شارێك كه‌ گه‌مه‌ به‌ چاره‌نووسى خۆى ده‌كات، له‌ناو شه‌پۆلى ڕۆژگار و نه‌هامه‌تى ده‌ست كاره‌ساته‌كان.
ته‌مه‌نى قه‌ڵات چه‌ندین سه‌ده‌ى غه‌ریبى و بیرچوونه‌وه‌یه‌، فڵچه‌ى هونه‌رمه‌ندێك دێ و به‌ جورئه‌ته‌وه‌ ئه‌و غه‌ریبى و بیرچوونه‌وه‌یه‌ سه‌رڕێژ ده‌كات له‌ هه‌ورى ڕه‌نگین و له‌ خه‌یاڵى به‌هه‌ڕمێنى هونه‌ردا و ده‌یهێنێته‌وه‌ ناو ڕووداوه‌كانى ڕۆژ و ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ ئه‌و پیره‌ كۆماوه‌ به‌دبه‌خته‌ ده‌رمانى حه‌فت ده‌ردى شاردۆته‌وه‌ له‌ چین چینى خۆڵ و بارستایى مێژووى خۆیدا. قه‌ڵایه‌ك نه‌ك هه‌ر به‌شێكه‌ له‌ یاده‌وه‌ریی به‌ڵكو ئایكۆنى ته‌مه‌نى منداڵى و گه‌نجى و پیریشمانه‌. شایه‌تحاڵى مانه‌وه‌ى بێده‌نگ ده‌ڕژێته‌ ناو ڕه‌نگه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێ، من ته‌نیا زێوانى مردووتان نیم، پاسه‌وانى زیندووه‌كانیشتانم، سوپاس بۆ هونه‌رى باڵا به‌قه‌ت به‌رزى قه‌ڵات و كه‌مێك هه‌ورازتریش!
ئه‌وانه‌ى ڕۆژانه‌ له‌ ده‌ورى قه‌ڵات ده‌سووڕێنه‌وه‌ مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ورى بسووڕێن! ئه‌گه‌ر هه‌ستیش به‌ قوربانیى خۆیان نه‌كه‌ن؛ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڵێن، خه‌ڵكى كوێن؟ شایه‌تى به‌ قه‌ڵات ده‌ده‌ن، گۆیه‌ شانازییه‌. جا كێ شانازیى بكا؟ مه‌گه‌ر نامق و ئیبنومستۆفى ئه‌ویش نه‌یتوانى تاسه‌ر ئێشكگر بێت، شوێنى خۆى چۆڵكرد بۆ نامق!
قه‌ڵات له‌ دووره‌وه‌ وه‌ك خاڵێك دیاره‌ ئه‌مما به‌ بۆڵد نووسرابێ تۆخ وه‌ك ده‌نكى شووتى له‌ خوێنى ڕۆڵه‌كانیدا، وه‌كى دى دوور نییه‌، هه‌ر هێنده‌ى هه‌ناسه‌ دووره‌ له‌ سییه‌كان و هێنده‌ى خورپه‌ دووره‌ له‌ دڵ، سه‌ت حه‌یف و مخابن كه‌سمان قه‌درمان نه‌زانى وه‌ك نامق بیكه‌ین به‌ كه‌شتى بۆ په‌ڕینه‌وه‌.
به‌بیرم دێ خالد جوتیار نووسیبووى هه‌ولێر له‌ غێمێ! مه‌به‌ستى سیاسى له‌پشت ئه‌و ڕسته‌یه‌ى نه‌بوو هێنده‌ى لاواندنه‌وه‌ى خۆى بوو. فه‌رهاد پیرباڵ-یش ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌رییم خیانه‌تم لێ نه‌كا له‌ فرانساوه‌ په‌نجه‌ى بۆ خاڵێك درێژكردبوو له‌ دوور وه‌ك ئه‌وه‌ى بڵێ، ئه‌وه‌ قه‌ڵاته‌، یان ڕاستتر ئه‌وه‌یه‌ بڵێ، ئه‌مه‌ منم! له‌سه‌ر ڕووبه‌رى سپى دیارم. هه‌موومان قه‌رزارى قه‌ڵاتین، هه‌یه‌ به‌ فرمێسك قه‌رزه‌كه‌ى ده‌داته‌وه‌ هه‌شه‌ به‌ گۆرانى و قۆریات و هه‌شه‌ به‌ ڕه‌نگ و وشه‌، به‌ڵام ده‌بێ وریا بین له‌وه‌ى كه‌لاوه‌ نه‌لاوێنینه‌وه‌، به‌ سه‌لیقه‌ و خه‌یاڵى نوێ بیهێڵینه‌وه‌.
ده‌بوو ئه‌م نووسینه‌ پێشتر بنووسم به‌ڵام دڵم نه‌ده‌هات ڕاگوزه‌ر به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو جوانییه‌ى تابلۆكانى نامق-دا تێپه‌ڕم، له‌ دڵى خۆمدا ده‌موت، ئه‌و شه‌رابه‌ تا كۆنتر بێت تامى خۆشتر ده‌گرێت. ئێستا كه‌ پێویستم به‌ تامى هونه‌ر و مه‌ستیى هونه‌ره‌ سه‌رى شه‌رابم هه‌ڵدایه‌وه‌، به‌ یادى هه‌موو شكۆمه‌ندیى هونه‌ر نۆش!