ژانی برینەکانی سەردەم-ی کەریم ڕۆژ

ژانی برینەکانی سەردەم، نوێترین کتێبی شیعریی مامۆستا “کەریم ڕۆژ”ە، کە لە بەرگێکی قەشەنگدا و بە لە دوتوێی نزیکەی 600 لاپەڕەدا لە چاپخانەی شەهاب لە چاپ دراوە.

شیعرەکانی مامۆستا کەریم ڕۆژ، هەوڵێکن بۆ خستنەڕووی ئەو برینانەی لە جەستەی مرۆڤی ئەم سەردەمەدان. شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە بە زمانێکی سادە، بەڵام بارگاوی بە میتافۆڕی تایبەت بە خۆی گوزارشت لەو برین و ژانانە بکات کە ناخی دەکرۆژن. دەنگی ئەم شاعیرە دەنگێکی نزیکی شیعرییە لە خەمەکانی مرۆڤی کوردەوە و هەست بە نزیکییەکی زۆر دەکرێت لەو تێمانەی هەڵی دەبژێرێت بۆ شیعرەکانی. واتە دەتوانم بڵێم زمانی شیعرەکانیشی (بەتایبەت لەم کتێبەدا) لە زمانی مرۆڤی ئاساییەوە نزیکە و دوورە لە ئاڵۆزی و ئاڵۆسکاندن. مامۆستا کەریم لەو شاعیرانەیە کە بڕوای بە سادەیی و شەفافیەت هەیە لە شیعردا، بەڵام ئەم سادەییە سادەییەکی بێ ناوەرۆک نییە، بەڵکو سەنگینە و خاوەنی قووڵایی ڕاستەقینەی خۆیەتی.
دەستخۆشی بۆ مامۆستای خۆشەویست و هەمیشە پڕ بەرهەم و بەردەوام بێت.