دە دابارێ …

دە دابارە

گەواڵە هەوری کۆچەریم 

بشکێنە تینووێتی دووریم 

ببە بە ئیلهامی شیعریم 

مەهێڵە ئەم باخچە جوانە

گوڵی خۆزگەی تیا بژاکێ و 

لەم دابڕانە هەڵوەرێ 

خونچەی ئومێد 

لەم تەنگژە و جەنجاڵییه 

شکۆفەکەو وەرە دەرێ،

تارماییەکانم راماڵە 

هیواکانتم تیا بچێنە 

خەمەکانم لێ داماڵە 

دەست بە سەر ئازارما بێنە

مەهێڵە تەم بەرپەنجەرەی 

ڕوانینی دووریمان بگرێ 

ڕێگە مەدە 

ئەو کۆرپەی ناومان ناوە 

خۆشەویستی

لە بێنازیدا داکەوێ و 

ڕۆژێ بمرێ.