کورد لە کتێبی “اسرارالتوحید”دا

کتێبی “اسرارلتوحید” باسی ژیانی ئەبوو سەعیدی ئەبولخەیرە. کتێبەکە دەوروبەری ساڵی ٥٧٠ی کۆچی، نزیکەی ١٣٠ ساڵ دوای مەرگی ئەبوو سەعید نووسراوە. نووسەری کتێبەکە “محمد منور” لە نەوەکانی ئەبووسەعیدە. ئەبووسەعید نزیک هەزار ساڵ لەوەپێش، ساڵی  ٣٥٧ی کۆچی بەرانبەر بە ٩٦٧ی زایین، لە گوندی “میهەنە”ی دەشتی خاوەران لە خوراسان لە دایک بوو و ٨٣ ساڵ ژیا. “میهەنە” ئەو کات گوند بوو، بەڵام ئێستا شارێکە و کەتووەتە ناو سنووری کۆماری تورکمەنستان.

ئەبوو سەعید هەم لە مێژووی ئەدەبدا و هەم لە مێژووی سۆفییاندا بەنێوبانگە. لە مێژووی ئەدەبدا لە بەر شیعرەکانی بەناوبەنگە. چوارینەکانی ئەبووسەعید لە باری بایەخی ئەدەبییەوە بە هاوتای شیعری حافز و خەیام دادەنرێن. لە بواری باوەڕی دینیشەوە، ڕەفتاری ئەبوو سەعید لە ئاست ئایین و باوەڕەجیاوازەکانی سەردەمی خۆی بە نموونەی مودارا و سنگفراوانی دادەنرێ. ئەبوو سەعید لە کاتی خوتبەکانیدا زۆر جار شیعری دەخوێندەوە. “محمد منور” کە ژیاننامە و حیکایەتەکانی ئەبوو سەعیدی کۆ کردووەتەوە چەند جار باسی ئەوەی کردووە “ئەو شیعرانەی بە زمانی ئەبووسەعید دا هاتوون، شیعری خۆی نەبوون و شێخ شیعری نەگوتووە”. هۆی ئەوەکە شاعیربوونی شێخ حاشای لێدەکرا ئەوە بوو کە ئەوکات نەوەکانی پێیان وابوو شیعرگوتن و شیعرخوێندنەوە ناتەبایە لەگەڵ شێخایەتی. ساڵانێک دواتر ئەوە سەلمێنرا کە شێخ ئەبوو سەعید نەک هەر شیعری گوتووە، بەڵکوو شیعرەکانی لە گەشترین، قووڵترین و پڕماناترین شیعرەکانی ئەدەبی فارسین. 

من زۆرتر بۆ فێربوونی زمان، کتێبی “اسرارالتوحید”م خوێندووەتەوە. شێوەی نووسینی “محمد منور” لەو کتێبەدا لە باری داڕشتنەوە لە نموونە باڵاکانی ئه‌دەبی فارسییە. ڕستەی کورت، زمانێک کە زوو مانا بەدەستەوە دەدا و وشەی خۆشداڕژوا لە تایبەتمەندییەکانی زمانی “اسرارالتوحید”ن.  بەڵام کتێبەکە لە باری مێژوییشەوە جێگای سەرنجە. بۆ ناسینی ژیانی کۆمەڵاتیی خوراسانی ئەوکات بەکەڵکە و بە تایبەت، ناوی گەلێک شوێنی تێدایە کە ناوەکان کوردین. بەشێک لە ڕووداوەکانی کتێبەکە لە ناوچەی “خبوشان” ڕوویان داوە، هەر ئەو شوێنەی ئێستا پێی دەگوترێ “قووچان” و زۆر لە دانیشتوانی کوردن. 

لە کتێبەکەدا لەهەر جێگایەک نووسەر قسەی ئەبوو سەعید دەگێڕێتەوە، چۆنی بە زمانی ئەبوو سەعیددا هاتووە، هەر ئاوای نووسیوە. لە زۆر جێگا، ئەوەی ئەبوو سەعید گوتوویەتی لە کوردی نزیکترە تا لە فارسی.  بۆ نموونە دەڵێ “نت وا” بە مانای “نەتهەوێ” کە ئەوە لە فارسیدا نییە. هەروەها لە باسی جلوبەرگی ئەبوو سەعید دا “رانین” (ڕانک) و “فرجی” (فەرەنجی) نووسراوە. پشتریش لە ژیاننامەی بابەتاهیری هەمەدانیدا باسم کردووە کە هێندێک سەرچاوە ڕەچەڵەکی بابەتاهیر بە نێوی “بووتاهیری کورد” دەبەنەوە سەر ئەبوو سەعیدی ئەبولخەیر، گەرچی زیاتر ڕێی تێدەچێ ئەوە بە هۆی وێکچوونێک بێ لە نێوان نێوی بابەتاهیری هەمەدانی و نێوی “ئەبووتاهیر”ی کوڕی ئەبوو سەعیددا.   بە پێی کتێبەکە، بابی ئەبوو سەعید و خەزووریشی، هەرتکیان بە “بابۆ” بانگیان دەکرێ. دیار نییە ئەبوو سەعید کورد بووە یان نا، یان لە دایکوباب و ڕەچەڵەکی کەسیان کورد بوون یان نا، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئەوەی بە زمانیدا هاتووە زۆر لە کوردی نزیکە. 

ئەوە یەکێکە لە حیکایەتەکانی ناو “اسرارالیوحید” کە تێیدا باسی کوردێک دەکرێ:

کیسەکەم وەرگرت و بردمە لای شێخ. شێخ گوتی: ” بچۆ سەری ئەسپەرێس، گەنجێکی قەساب بەرخێکی مەستەشیری بە دەستەوەیە، جوان پاکی کردووە. بە دینارێک لێی بکڕە. گەنجەکەش لەگەڵ خۆت بەرە و بچنە شوولە و بەرخەکە لە قووڵکەکە بهاوێ با چوارپێی ئەو ناوە بیخۆن و دەمێک چەور کەن!”. چووم و هەتا گەیشتمێ، بەڕێگاوە هەر بیرم لەوە دەکردەوە ئەوە چەند ڕۆژە لە خانەقا گۆشتمان نەدیوە و شێخ بەرخی پەرواری مەستەشیر بۆ سەگان دەنێرێ. گەیشتمە ئەسپەرێس و هەر ئەوەم دیت کە شێخ گوتبووی. بەرخەکەم سەودا کرد. گەنجەکە گوتی: “کڕیارم هەیە پێنج دانگ و نیوم دەداتێ، لە دینارێک کەمتری نافرۆشم”. ئەو کیسەیەی پێم بوو و دینارێکی تێدابوو، دامێ و بەرخەکەم لێ کرێ و گەنجەکەشم لەگەڵ خۆم برد و بەرخەکەم هاویشتە بەردەمی سەگان. خەڵک کۆببوونەوە و چاویان لەو کارەی ئێمە دەکرد. گەنجەکە دەستی کرد بە گریان و گوتی: “بمبە لای شێخی”. گەنجەکەم لەگەڵ خۆم هێنایە لای شێخ. بەسەر دەست و پێی شێخدا کەوت و دەیگوت: “ئەی شێخ! تۆبەم کرد!” منیش لای شێخ ڕاوەستابووم. شێخ بە منی گوت: “حەسەن! چوار مانگە ئەم گەنجە ئەو بەرخە بەخێو دەکا و پێوەی ماندوو دەبێ. بەرخەکە دوێشەو مردار بووەوە. ئەو کوڕە پێی حەیف بوو فڕێی دا. بردبووی بیفرۆشێ. ئێمە بە ڕەوامان نەزانی ئەو پیاوە لەبەر موحتاجی ئەو بەرخە بفرۆشی و ئەو مردارە بە گەرووی موسوڵمانێکدا بچێ. ئەوە ئەم پیاوە بە ئارەزووی خۆی گەیشت و سەگەلیش دەمێکیان چەور کرد. تۆ بۆ لە ڕێگا دەتگوت لە کاری شێخ ناگەم و بەرخ بۆ سەگان دەنێرێ. سۆفی پاکن و ئەوەی پاک نەبێ نایخۆن. بەشی ئەوانیش دەگا.”

ئەو جوامێرەی کیسە زێڕەکەی دابوومێ هێشتا لەوێ دانیشتبوو. کورد بوو و مەڕدار. هەستایە سەر پێ و گوتی: “ئەی شێخ! من مەڕی حەڵاڵم هەیە. ئەوە بیست بەختەم دایەی بۆ سۆفییان”. شێخ گوتی” دەبوو هەموو ئەوانە ڕووبدەن، سەرەتا سەگەل دەمیان چەور بێ و ئەم پیاوەش بە ئارەزووی خۆی بگا و بەرخەکەی بفرۆشێ، تا ئێوە بە گۆشتی حەڵاڵ بگەن”.

شیعری ئەبووسەعید

ئەوە چەند نموونەی شیعری ئەبووسەعیدن کە کردوومن بە کوردی:

سه‌ر‌تاسه‌ری ده‌شتی خاوه‌ران، هیچ هه‌ردێ

بێ خوێنی دڵ و دیده‌ نییه‌ هیچ به‌ردێ

هیچ دۆڵ و بنارێکی نییه‌ ئه‌م ناوه‌

هاواری نه‌بێ، له‌ ده‌ست غه‌مت ڕه‌نگ زه‌ردێ.

.

بێ نه‌غمه‌یه‌ دڵ، له‌ چنگ غه‌می تۆدایه

هاوار و هه‌رای من له‌ په‌نا گوێت، «با»یه‌

ناڵینمه‌ چه‌شنێ که‌ چ جاران نه‌تبیست

سووتانمه‌، لێ چ دووکه‌ڵم لێ نایه‌!

.

تۆبەم هەبوو وات شکاندووە چا نابێ

هەر خۆشت ئەڵێی “تۆبە کەوە، وا نابێ!”

تۆبەی منە ئەمما لە دەسی تۆ دایە

ساتێکی نە ساغ لێی دەگەڕێی نە شکابێ

.

دوێشەو بە تەنێت وێڵی دەرودۆڵ کردبووم

چاو خوێنی بە خوڕ لە دامەن و قۆڵ کردبووم

چا بوو کە خەیاڵی تۆ هەڵیدا ڕەشماڵ

ئەو ڕێژنە دەنا هەواری پێ چۆڵ کردبووم

.

دڵ کێیە بڵێم غەمت سەری لێدابوو

یا سینە چییە بڵێم بە غەم ئاوا بوو

لوتفێکە غەمت لە گەڵ دڵی من دەیکا

گەرنا دڵی تەنگ چ جێی غەمێکی وا بوو

…………………….

پەراوێز

حەسەنی مامۆستا: حەسەنی مودب، مامۆستای منداڵەکانی ئەبووسەعید بوو. کاروباری خانەقا، ئەو دەیکرد. ئازووقەی دەکڕی و بەسەر خۆراک و جلوبەرگی سۆفییان ڕادەگەیشت.

بەختە: شەک

ئەسپەرێس: ناوی شوێنێکە لە نەیشابوور. سەری ئەسپەرێس، گۆڕستانی ئەسپەرێس و بازاڕی ئەسپەرێس هەبوون.