كلیۆپاترای حەوتەم، لە 1ی ژانویەی ساڵی 69ی پێش زاین، لە شاری ئەسكەندەریەی میسر لەدایك بووە.
لە تەمەنی 18 ساڵیدا دوای مردنی باوكی (بەتلیمۆسی دوازدەهەم) گەیشتە دەستەڵات. هەر لەكەڵ وەرگرتنی دەستەڵات و لەڕێوڕەسمی تاج لەسەرنان، سەرۆكی شورای سەڵتەنەتی (پۆتینۆس) كە سەرپەرشتی برای كلیۆپاترا (بەتلیمۆسی سێزدەهەم) بوو، دەیویست دژی بە تەنیاوەرگرتنی دەستەڵاتی كلیۆپاترابێ. ئەوكابرایە پیاوێكی پیلانگێڕو فێڵبازبوو. پێی وابوو بەتلیمۆس كەسێكی نەزان و گێلە، بۆیە هەوڵی بەدەستەڵات وەرگرتنی دەدا، تا خانەدانی سەڵتەنەتی بخاتەژێر ڕكێفی خۆیەوە.
بەپێی داب و نەریتی پاشایانی میسر، خوشك دەبوایە مێرد بە برای بكات تا لەژێر سایەی ئەودا، حكومڕانی بكات. (پۆتینۆس) مەبەستی كەڵك وەرگرتنی لەو دابونەریتە هەبوو، بۆیە پێداگری دهكرد كە خواستی بەتلیمۆسی دوازدەهەمیش، وەرگرتنی دەستەڵاتی هاوبەشبووە لەنیوان كلیۆپاتراو براكەیدا.
بەڵام كلیۆپاترا بێئاگایی خۆی دەردەبڕی و دڵنیابوو، كە باوكی پێش مردنی ئەوی بۆ فەرمانڕەوایی میسر هەڵبژاردووە.
پۆتینۆس كە لەڕێوڕەسمی تاج لەسەرنان، بە ئامانجی خۆی نەگەیشت، بێدەنگ بوو تا نەخشەیەكی تازەتر بۆ وەرگرتنەوەی دەستەڵات لە كلیۆپاترا دابڕێژێ.
لەسەردەمی بەدەستەڵات گەیشتنی كلیۆپاترا، ڕۆم لە ئاستانەی جەنگێكی ناوخۆیی دابوو، (ژۆلیۆس سزار) بۆ سەركەوتن بەسەر (ماگنۆس پەمپیئۆس) خۆی ڕێكدەخست. پەمپیئۆس بۆ بەرەنگاری لەگەڵ سزار، پێویستی بەهێزی زۆرتربوو. داوای یارمەتی لە كلیۆپاترا كرد، كە شەست كەشتی و سێسەد سەربازی بۆبنێرێ. لەكاتی خۆیدا پەمپیئۆس لە دەورانی باوكی كلیۆپاترادا، رۆڵێكی گرنگی لە گێڕانەوەی دەستەڵاتی میسردا گێڕابوو. كلیۆپاترا داواكەی قبووڵكرد.
شورای سەڵتەنەتی لە بیانوویەك دەگەڕان، بۆ فشارخستنە سەروداماڵینی دەستەڵات لە كلیۆپاترا، بۆیە ناڕەزایی خۆیان بەو هەنگاوەی كلیۆپاترا دەربڕی و ڕایانگەیاند، كە سزار پیاوێكی بەهێزەو یارمەتی دان بە دوژمنەكەی، هانی دەدا تۆڵەمان لێبكاتەوە. بەڵام كلیۆپاترا داوای شورای سەڵتەنەتی ڕەتكردەوە.
چەند مانگ دوای وەرگرتنی دەستەڵاتی كلیۆپاترا، (گاوئاپیس) مرد. كە خەڵكی میسر گاوئاپیس یان وەكو خودایەك دەپەرست. ئەو ماوە كورتەی نێوان مەرگی بەتلیمۆس و گاوئاپیس یان، بە نیشانەی شووم دەزانی.
پۆتینۆس لە بازاڕەكانی شاری ئەسكەندەریە، دەنگۆیەكی بڵاوكردەوە، كە مەرگی گاوئاپیس نیشانەی ناڕەزایەتی خوداكانەو لە حكومەتی یەك شاژن بە تەنیا توڕە بوون. پۆتینۆس ئەو دەنگۆیەی بۆیەبڵاو كردەوە، تا كلیۆپاترا خۆشەویستی لەناوخەڵكدا لەدەستبدا.
كلیۆپاترا بە سیاسەت و ئاوەزی ژیرانەی خۆی، بۆئەوەی ڕەزامەندی و هۆگری خەڵك بۆ فەرمانڕەوایەتی وەدەستبێنێ، چوو بۆ پەرستگەی (مەفیس) و لەڕێوڕەسمی ناشتنی گاودا بەشداریكرد. ئەو هەنگاوەی بوە هۆی دڵخۆشی كاهینەكانی پەرستگەو خەڵكیش لەوبەشداریكردنەی كلیۆپاترا، خۆشحاڵ بوون. هەربۆیە دواتر خەڵك كلیۆپاترایان، بە (ئیزسی پیرۆز) ناودەبرد.
لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی شورای سەڵتەنەتیدا، بە كلیۆپاترایان ڕاگەیاند كە دوو نێردراوی ڕۆمی كە كوڕانی (مركۆس بیبیلۆس) پارێزگاری سووریەی ژێرفەرمانڕەوایی، ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمی بوون كوژراون.
ئەو سەربازانە (پەمپیئۆس) هەشت ساڵ پێشتر لەژێرفەرمانی باوكی كلیۆپاترای دانابوون، تا لەكاتی یاخی بوون و سەرهەڵدان، پارێزگاری لە تاج و تەختی بكەن.
پارێزگاری سووریە، كە بۆ شەڕ لەگەڵ ئەشكانیان لە ئێران پێویستی زۆری بەو سەربازانە هەبوو، كوڕەكانی خۆی ناردنە ئەسكەندەریە تا سەربازەكان بهێننەوە سووریە. بەڵام سەربازەكان كوڕەكانی ئەویان كوشت.
كلیۆپاتراو گەورە وەزیر پێیان وابوو، كە دەبێ بكوژەكان لە كۆت و زنجیربكرێن و بنێردرێنەوە بۆ سووریا و لە دادگای سووریاو بەپێی داب و دەستووری ڕۆمی دادگایی بكرێن.
پۆتینۆس و سەرۆكی گاردی سەڵتەنەتی (ئاشیل) ناڕازی بوون و دەیانگوت نابێ لەبەرامبەر ڕۆمیەكاندا، خۆمان بەبێ هێزو زەلیل بزانین. بەڵام كلیۆپاترا گوێی بەناڕەزایی ئەوان نەدا. دیاربوو مەبەستی ئەوان پیلانگێڕی بوو.
سێ ساڵ دواتر وشكەساڵی و گرانی پەیدابوو، خەڵك دەستیاندایە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین.
شەوێك كە كلیۆپاترا سەرگەرمی بەسەركردنەوەی داهاتی گەنم و جۆ بوو، ڕاوێژكارەكەی (مەردیان) بە پەشۆكاویەوە پێی ڕاگەیاند كە پۆتینۆس و ئاشیل لەدژی ئەو ڕاپەڕیون و دەیانەوێ بیكوژن. كلیۆپاترا لەگەڵ هاودەمەكانی سندوقە پڕ لە جل و بەرگ و جوانكاری و گرانبەهاكانی، كۆكردنەوەو بۆ بیابانێك لەنزیك كێوی كاسبۆس لە ڕۆژهەڵاتی پلۆزم هەڵات. پۆتینۆس بەتلیمۆسی سێزدەهەمی گەیاندە كورسی دەستەڵات.
ژۆلیۆس سزار سەرەڕای كێشەو گرفتی زۆر، (مانگۆس پەمپیئۆس) ی لە دەشتی فالۆسی یۆنان شكاندو تا میسر ڕاوی نا. ئاشیل پەمپیئۆسی كوشت و سەری بڕی، شورای سەڵتەنەتی بەونیازەی كە بە كوشتنی پەمپیئۆس، سەرنجی سزار بۆلای خۆیان ڕابكێشن، بڕیاریاندا دۆستایەتی خۆیان بەسەری بڕاوی پەمپیئۆس بۆ سزار نیشانبدەن. بەڵام ئەوكارەیان توڕەیی و ڕقی سزاریان هەستاند.
سزار كە لە كوشتنی ناجوامێرانەی پەمپیئۆس توڕببوو، پۆتینۆس و بەتلیمۆسی بە بارمتەگرت و بۆخۆی لە كۆشكی فەرمانڕەواییدا مایەوە.
خەڵكی ئەسكەندەریە، دەستیان دایەخۆپێشاندان و سزاریان گەمارۆدا. لەولاشەوە ئاشیل و سەربازەكانی لە بۆسەدابوون. كلیۆپاترا بۆئەوەی بتوانێ دەستەڵات بگرێتەوە دەستی، كۆمەڵێك جوتیاری بەئەزموون و ئازای میسری و بەكرێگیراوی عەرەبی لە بیابان كۆكردەوە، بەو بەڵێنەی كە ئەگەر ئەوان ڕێگای گەیشتن بەتەخت و تاجی میسری بۆ واڵابكەن، هەقدەستێكی زۆریان دەداتێ و لە ئورشەلیم دایان دەمەزرێنێ.
كلیۆپاترا لەو هێرشەی كردیەسەر لەشكری ئاشیل دەڕۆستیان نەهات. دوای چەند مانگ لە هەڵاتنی كلیۆپاترا بۆ بیابان، نێردراوی سزار (ڕۆفۆس كورنلیۆس) هاتەلای تاكلیۆپاترا بگەڕێنێتەوە ئەسكەندەریە، بۆئەوەی سزار وەكو ناوبژیوانێك هەوڵی بۆبداو كێشەی سەڵتەنەتی میسر، یەكلایی بكاتەوە. سزار باسی لەوەسیەت نامەكەی باوكی كلیۆپاترا كردبوو، گوتبووی دەبێ بەپێی ئەو وەسیەتنامەیە كلیۆپاتراو براكەی بەشیوەیەكی هاوبەش فەرمانڕەوایی میسر بكەن.
كلیۆپاترا لەبوونی وەسیەتنامەیەكی لەوجۆرەی كە سزار باسی دەكا، گومانی هەبوو بەڵام لەبەرئەوەی ببووە شاژنێكی بێ تاج و تەخت وڵات، بەناچاری بۆ ئەوەی دەستەڵات بگرێتەوە دەست، داوەتنامەكەی سزاری قبووڵكرد.
(مەردیان) كلیۆپاترای بە مێردی خوشكەكەی (ئاپۆلۆدۆروس) ناساند، كە بازرگانێكی ناسراوی خەڵكی سیسل بوو و لە هەڵاتنی كلیۆپاترا بۆ بیابان، ڕۆڵێكی گرنگی گێڕابوو، ئاپۆلۆ كلیۆپاترای لە فەڕشێكەوە پێچاو ناردی بۆ سزار. بەگەڕانەوەی كلیۆپاترا بۆ كۆشكی فەرمانڕەوایی، بەشێوەیەكی ڕواڵەتی ئەوی لە براكەی مارەكرد، تا خەڵك دەست لەخۆپێشاندان هەڵگرن.
هەروەها سزار بەتلیمۆس و پۆتینۆسی بۆ كۆشكێكی دیكە دوورخستنەوە و لە شەڕێكی نێوان هێزەكانی خۆی و پۆتینۆس و ئاشیل دا، ئەوان كوژران. هەروەها شەڕێكی تری بەرپاكرد لەنێوان بەتلیمۆس و خوشكەكەی كلیۆپاترا (ئارسینۆهە) لەوشەڕەشدا، بەتلیمۆس كوژراو ئارسینۆهەشی خستە زیندانەوە.
بە كوژرانی بەتلیمۆس و زیندانی كردنی ئارسینۆهە، كلیۆپاترا فەرمانڕەوایی میسری گرتەوەدەست.
ئارسینۆهە پێش ڕۆیشتنی بۆ زیندان، هاتەلای كلیۆپاترا. ئەو لە پەیوەندی نێوان كلیۆپاتراو سزار توڕەبوو. كە كلیۆپاترا خۆی بە ڕۆمیەك فرۆشتووە. تفی لێكرد و نەفرەتی لێكرد.
دوای ئەوە كلیۆپاترا و سزار هۆگریەكی زیاتریان لەنێواندا پەیدابوو. كلیۆپاترا لە سزار دووگیان بوو.
كلیۆپاترا داوای هاوسەرگیری لەگەڵ سزاركرد، بەڵام سزار خودایانی میسری بە كافر دەزانین و هاوسەرگیریش لەگەڵ كلیۆپاترا، لە ڕۆم دەردەسەری بۆدروست دەكرد. بۆیە داواكەی كلیۆپاترای ڕەتكردەوە و پێشنیاری پێكرد، مادام هاوسەر گیری لەنێوان خوشك و برادا لە داب و نەریتی میسریدا شتێكی ئاساییە، با لەگەڵ برابچوكەكەی (ئانتۆنیۆ خوس) هاوسەرگیری بكا.
دوای ئەوە كێشەوگرفت لەنێون سزارو كلیۆپاترا، لەسەركاربەدەستانی دەرباری میسر سەریان هەڵدا.
سزار گەڕایەوە بۆ ڕۆم، بۆ ئەوەی بە ئیش و كارەكانی ئەوێش ڕابگا.
لە ساڵی 47ی پێش زاین، كلیۆپاترا كوڕێكی بوو ناوی نا (سزاریۆن) واتا كوڕی سزار. ئامانجی كلیۆپاترا لە ناونانی سزار بۆ كوڕەكەی، ئەوەبوو كە هەموان بزانن سزاریۆن كوڕی سزارەو بۆئەوەی پێیان نیشانبدا، كە بەهەق و ڕەوای خۆی وەك میراتگر لەسەرتەختی سەڵتەنەتی میسر دانیشتووە، نەك بەهۆی لوتف و بەزەیی سزار.
زۆربەی خەڵك تا ئەوڕۆژە، لە وجودی كلیۆپاترا دا، ئافرەتێكی جوانیان دەدیت، كە لەپێناو گێڕانەوەی تاجی سەڵتەنەتی میسر، لەبەرامبەر سزاردا كڕنۆشی دەبردو داواكانی جێبەجێ دەكرد.
بەڵام لەدایك بوونی سزاریۆن، بارودۆخەكەی ئاڵو گۆڕكرد.
سزار هەواڵی لەدایك بوونی سزاریۆنی پێگەیشت، نامەیەكی بۆ كلیۆپاترا نارد. پیرۆزبایی منداڵەكەی لێكرد، بەڵام ئینكاریكرد كە سزاریۆن منداڵی هەردووكیانە. لەگەڵ ڕژدبوونی سزار دەربارەی سزاریۆن. كلیۆپاترا فەرمانیدا سكەیەك لێبدەن كە شاژن لەگەڵ دارودەستەی (ئیزس) نیشانبدا، كە سزاریۆنیان لەئامێز گرتووە.
مەبەستی شاردراوە لەسكەكەدا ئەوەبوو، كە كلیۆپاترا (ئیزسی پیرۆز) ە و سزاریش بە(ئۆسیرۆس)ی هاوسەری ئەو دەژمێردرا و سزاریۆنیش منداڵی میراتگری ئەوانە.
سەرچاوە: كتێبی (كلیوپاترا) نووسینی (كالین فالكنەر) وەرگێڕانی بۆ فارسی (جواد سیداشرف) انتشارات نگارستان 1381