ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە لە ڕێی بەخشینی زنجیرەیەک کتێبەوە، کە تایبەت بوو بە بڵاوکردنەوەی وشیاریی دەروونی و تێیدا زیاتر لە 500 کتێبیان لە زانکۆی کۆیە بەخشی.
دیاری سابیر توێژەری دەروونی و سەرپەشتیاری پرۆژەکە ئەوەی خستەڕوو کە “لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر ئەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی کورد دەبنەوە و هەمیشە دەبنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و ناوە ناوە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان تۆپباران دەکرێت و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی هاوڵاتیان دروست دەکات. بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی کۆیەدا بیرمان لەوە کردەوە کە سێ نامیلکە لە “پرۆژەی یارمەتیدانی خود” بە هاوکاری ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند و بە پاڵپشتی پارێزگاری سلێمانی بە چاپ بگەیەنین و زیاتر لە 500 کۆپی لە هەرسێ کتێبەکە ببەخشین.”
گوتیشی “لە بنەڕەتدا ئەم پڕۆژەپە، كارێكی خۆبەخشی ژمارەیەك دەرچوو و خوێندكاری بەشی كلینیكاڵ سایكۆلۆجی زانكۆی كۆیەیە.”
دیاری سابیر ئەوشی گوت “هەر کەسێک بەر زەبری دەروونی کەوتبێت لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم نامیلکانەوە دەتوانێت خۆی یارمەتی چارەسەرکردنی خۆی بدات و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو تەنگژانەی تووشی بووە بدات.”
سێ كتبێی یەكەمی زنجیرەكە تایبەتن بە تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، دڵەڕاوكێ و تۆقین. ئامانج لە پڕۆژەكە بەردەخستنی پاڵپشتی دەروونی-كۆمەڵایەتییە بۆ ئەو كەسانەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كۆیە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی دەروونییان داناوە.
سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە دیاری ئەوەشی خستەڕوو کە ” ئامانجی ئەم پڕۆژە خۆبەخشییە بریتییە لە پاڵپشتیكردنی خەڵكی كۆیە و ناوچەی زڕگوێز خوێندكارانی زانكۆی كۆیە كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠٢٢دا، چەندجارێک ئەزموونی هێرشی فڕۆکەیان چەشت، لە ڕێگەی درۆن و موشكەوە، بۆ سەر شوێنی مانەوەیان كرد. دیارە پاش ڕووداوی لەم شێوەیە كاردانەوەی دەروونیی نەرێنی لە خەڵكیدا دروست دەبێت و، لە كوردستان بە گشتی و كۆیە بە تایبەتی گرفتی نەبوون یان كەمی خزمەتگوزاری دەروونی هەیە. بە دیاریكراوی، كۆیە هیچ سەنتەرێكی تایبەت بە خزمەتگوزاری دەروونی تێدا نییە. بۆیە بیرمان كردەوە بوونی سەرچاوەی لەم جۆرە دەكرێت كەلێنێك پڕ بكاتەوە و ببێتە سەرچاوەیەكی پاڵپشتی تا خەڵكی بتوانن بەسەر بارودۆخە دەروونییەكانیاندت زاڵ ببن. لە پاش چاپكردن، ڕێبەرەكان بە دوو قۆناغ دابەش دەكرێن. لە قۆناغی یەكەمدا بەسەر خوێندكارانی زانكۆی كۆیەدا دابەش دەكرێن، دواتر بەسەر خەڵكی نێو كۆیەدا.”