پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

عەزیز گەردی؛ مرۆڤێک کە یادکردنەوەی ناوێت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لەو نووسەر و وەرگێڕانەی بۆ هەمیشەیی خۆم بەر قەرزاری دەزانم “عەزیز گەردی”ـە. ئەم نووسەر و وەرگێڕە لە ڕێی لێکۆڵینەوە لە شیعری کوردی و وەرگێڕانی ڕۆمان و چیرۆک و ئەفسانەی گەلانەوە گەلێک دەروازەی لەبەردەم مندا کردەوە، کە بۆ هەمیشەیی بە کراوەیی مانەوە. گەلێک باڵی پێ بەخشیم، کە بۆ هەمیشەیی توانای فڕینم هەبێت.

ئەوەی گەردی لە نووسەر و وەرگێڕکارانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەو هێزی خۆبەزلنەزانین و خاکیبوونەی بوو، کە تا دواساتەکانی ژیانی دەستبەرداری نەبوو. ئەو بەسادەیی ژیا و بەسادەیی هەموو قۆناغەکانی ژیانی تاقیکردەوە و تێپەڕاند و هەر ئەمەش سیمای هەموو نووسەر و وەرگێڕێکی ڕاستەقینەیە.
ساڵێک لەمەوبەر و لە ڕۆژی 6/6/2022 ئەم مرۆڤە سەنگین و ڕەسەنە کۆچی دوایی کرد. ئێستا کە ساڵێک بەسەر لە دونیادەرچوونیدا تێدەپەڕێت لە زۆر جێگە و شوێندا ئەوەم بەر گوێ دەکەوێت، کە پێویستە یادی عەزیز گەردی بکرێتەوە؟ گەورەیی گەردی لە یادکردنەوەیدا دەبینن! لە کاتێکدا خودی عەزیز گەردی ئەوەندەی ئاگاداربووم دژی هەموو یادکردنەوە و پێداهەڵدانێک بوو. دژی هەموو خۆبەنووسەرزانین و خۆگەورەبینینێک بوو. فەلسەفەی گەردی ئەوە بوو کە مرۆڤی گەورە و ڕەسەن پێویستی بە پێداهەڵدان و یادکردنەوە نییە، چونکە ئەو لەبیر ناچێتەوە. بۆیە عەزیز گەردی یادکردنەوە ناوێت، چونکە ئەو یادی زیندووە. بەتایبەت یادی لە لای خوێنەران و ئەو کەسانەی کە کتێبەکانی دەخوێننەوە و لەگەڵیدا دەژین بۆ هەمیشەیی یادی زیندووە و لە یادناچێت.
بەڵام جێگەی خۆیەتی کە بپرسین کێن ئەوانەی دەیانەوێت یادی عەزیز گەردی بکەنەوە؟ ئەوەی دەیەوێت یادی بکاتەوە (بێگومان قسەکەم گشتی نییە و بەشێکیان لە دڵێکی پاکەوە داوای یادکردنەوەی دەکەن و ئاگادری فەلسەفەکەی گەردی نین) ئەو کەسانەن کە ئاگاداری کتێبەکانی نین لەگەڵ وشە و ڕستە نووسرا و وەرگێڕدراوەکانیدا نەژیاون. ساڵانێکی هیچ ڕۆژێک نییە بیر لە کۆمیدیاکەی دانتێ، یان “ژیان جەنگە و هیچی تر”ی ئۆریانا ڤالاچی نەکەمەوە. چونکە بۆمن ژیان جەنگە و هیچی تر.
ڕستەی “ژیان جەنگە و هیچی تر” ساڵانێکی زۆر دروشمی ژیانی من بوو. ژیان جەنگی مانەوەیە وەکو خۆت نەتوانەوەیە لەوانی تردا. بۆیە گەردی لای من یاد ناکرێتەوە، بەڵکو خۆی و وشە و ڕستە و کتێبەکانی بۆ هەمیشەیی لەگەڵمدا دەژین و بەشێکی کتێبخانەکەم (کە هەموو شەوێک گوزەرێک دەکەم بەناویدا) بۆ کتێبەکانی ئەم نووسەر و وەرگێڕە تەرخان کراوە. ئەوەی گەردی خۆش دەوێت هەمیشە لە یادیدایە. ئەوانەی ئاگاداری کتێب و نووسینەکانی نین، وا دەزانن کەسانی دیکەش ئاگاداری کتێب و نووسینەکانی نین بۆیە دەیانەوێت لەم ساڵانەیەیدا یادی بکەنەوە. (بێگومان دەستیان خۆش بێت)، بەڵام لای من یادی مرۆڤی گەورە ناکرێتەوە. لای من مرۆڤە گەورەکانی بۆ هەمیشەیی دەژین و لە هاوڕێ هەمیشەییەکانی منن. مرۆڤە گەورە و ڕەسەنەکان (ڕەسەن بە مانا هایدیگەرییەکەی بەکار دەهێنم) هیچ کات پێویستیان بە یادکردنەوە یاد و وێنەی ئەوان هەمیشە لەنێو دڵەکاندایە.
لەم ساڵیادەدا ئەگەر لە کار و بەرهەمەکانی ئەم مرۆڤە وردبینەوە، دەبینین: عەزیز گەردی؛ مرۆڤێکە کە یادکردنەوەی ناوێت. بەڵکو گرنگترین وەفاداری بۆ ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئەوەیە کە دەزگایەک بە کوالێتییەکی شایستە دەست بە چاپکردنەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی بکات چ ئەو بەرهەمانی پێشووتر بڵاوکراونەتەوە و چ ئەوانەی لە دوای کۆچکردوو بەجێماون و هێشتا چاپ نەکراون. هەموو ئەو خوێنەرانەشی دەیانەوێت یادی بکەنەوە با لەم ساڵیادەدا دەست بە خوێندنەوەی یەکێک لە بەرهەمەکانی بکەن. ئەمە گرنگترین یادکردنەوەیە.