كتێبی “چنینه‌وه‌ی مێژووی محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رگه‌ڵوویی پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركرده‌” بڵاو كرایه‌وه‌

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس- هه‌ولێر

به‌ئاماده‌بوونی فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و سه‌ربه‌ست له‌زگین ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ هاڤاڵان و دۆستان و خۆشه‌ویستان و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مانی كوردستان و فه‌رمانده‌ییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ی كاك محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رگه‌ڵوویی و ئاشقانی كتێب، له‌ هۆڵی بۆنه‌كانی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان نوێترین به‌رهه‌می چاپكراوی رۆژنامه‌نووس “به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین” له‌ژێر ناوی (چنینه‌وه‌ی مێژووی محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رگه‌ڵوویی) سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌ بڵاو كرایه‌وه‌.

كتێبی چنینه‌وه‌ی مێژووی “محه‌مه‌د ره‌زا سه‌رگه‌ڵوویی” پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌ له‌ 8 به‌ش پێك هاتوه‌ (380) لاپه‌ڕه‌ پێك هاتووه‌.
له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ رۆژنامه‌نووس به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین، له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی “هه‌ولێر” راگه‌یاند “ئه‌م كتێبه‌ له‌ هه‌شت به‌ش پێك هاتووه‌؛ به‌شی یه‌كه‌م بریتییه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ هه‌ناوی شۆڕشدا، چه‌شنی ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و پڕشنگداری ئه‌م نیشتمانه‌ و خانه‌واده‌كه‌ی و هه‌روه‌ها كورته‌باسێكم له‌ چۆنیه‌تیی یەکترناسینی من و شێخ محه‌مه‌د ڕه‌زا كردووه‌ و پاشان به‌ڕێز كاك عارف ته‌یفوور ئامۆزا و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ری خه‌باتی نه‌پساوه‌ی شێخ محه‌مه‌د ڕه‌زا به‌ چه‌ند وشه‌یه‌كی كورت و پڕ مانا قسه‌ی كرد؛ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نابیان نه‌یانویست زۆر بدوێن ئه‌وه‌ بوو كه‌ حه‌زی كرد ده‌رفه‌ت بۆ هاوسه‌نگه‌ران و خۆشه‌ویستانی كاكه‌ حه‌مه‌ به‌جێ بمێنێت و ئه‌وان زیاتر بدوێن كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا نواندنی گه‌ورییە چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاك عارف بدوابا بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و له‌گه‌ڵ كاكه‌ حه‌مه‌دا خۆی دەبووە كتێبێك، چونكه‌ زۆربه‌ی ژیانیان به‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌”.
“به‌رهه‌م شێخ عزه‌دین” له‌سه‌ر به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌ ده‌ڵێت “له‌ باس له‌ ژیان و خه‌باتی به‌رده‌وامی كاك محه‌مه‌د ره‌زا و به‌شێك له‌ وێستگه‌ مێژووییه‌كانی ژیانی خراوه‌ته‌ روو له‌گه‌ڵ گوڵبژێرێك له‌ ئه‌رشیف و ئه‌لبوومی وێنه‌كانی خوالێخۆشبوو محه‌مه‌د ره‌زا به‌ گوێره‌ی وێستگه‌كانی ژیان و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و پێشمه‌رگایه‌تی خراوه‌ته‌ ڕوو، له‌به‌شی سێیه‌میشدا،پشتم به‌سه‌ت به‌ : بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد به‌رگی چواره‌م 1975 – 1990 شۆڕشی گوڵان له‌ نووسینی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌رگـی چواره‌مـی زنجیـره‌ كتێبـی
(بارزانـی و بزووتنـه‌وه‌ی ڕزگاریخـوازی كـورد) لـه‌ نووسـینی سـه‌رۆك مه‌سـعود بارزانـی بـه‌ ناونیشـانی (شۆڕشـی گـوڵان)
كه‌سه‌رۆك بارزانی له‌ چه‌ند به‌شێكی ئه‌و كتێبه‌دا ناوی خوالێخۆشبوو شێخ محه‌مه‌د ره‌زای هێناوه‌، به‌ناونیشانی ( محه‌مه‌د ره‌زا له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی مه‌سعود بارزانی دا) هه‌رله‌و به‌شه‌دا باس له‌ رۆڵی محه‌مه‌د ره‌زا له‌ دامه‌زراندنی سه‌ركردایه‌تی كاتی و ده‌سپێكی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان كراوه‌. هه‌رله‌و به‌شه‌دا گوڵبژێریك له‌ وێنه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی نیشاندراوه‌.
له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی “به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین” ده‌ڵێت “ڕه‌نگه‌ زۆرێك بپرسن بۆ په‌نام بردۆته‌ به‌ر كتێبی سه‌رۆك بارزانی؟
لێردا ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ زۆر له‌ سه‌ركرده‌ و هه‌ڤاڵانی خه‌باتی كاك محه‌مه‌د ڕه‌زا له‌ ژیاندا نه‌ماون، جه‌نابی سه‌رۆك تەمەنی توولانی بێت ئیشەڵا كاكه‌ حه‌مه‌ی ڕه‌حمه‌تی یه‌كێك بوو له‌ هاوه‌ڵه‌ نزیك و متمانه‌پێكراوە خۆشه‌ویستەکانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، بۆیه‌ له‌ كاتی به‌نده‌ ڕاسپێردرام بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ نامه‌یه‌كم ئاراسته‌ی جه‌نابیان كرد، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌وه‌م پێ گه‌یشت كه‌ سه‌رۆك فه‌رموویه‌تی له‌ كتێبه‌كانم باسی خوالێخۆشبووم كردووه‌ با له‌وێ ده‌قی نووسینه‌كانم له‌سه‌ر شێخ محه‌مه‌د وه‌ربگرن”.
دەرباره‌ی به‌شی چوارمیش، به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین ده‌ڵێت “كۆمه‌ڵێك دیدار و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانیی به‌نده‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ر و هه‌ڤاڵانی كاك شێخ محه‌مه‌د ڕه‌زای پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌؛سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ریه‌تی و هه‌ڵوێستی به‌رزی ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ کردوومن؛ له‌وانه‌:
ـ جه‌نابی كاك فازڵ میرانی
ـ تاریق ئاكره‌یی
ـ دڵشاد میران
ــ دكتۆر مه‌حمود ده‌روێش نادر
ــ عه‌بدولسه‌لام به‌رواری
ـ فه‌وزی ئه‌سعه‌د، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م په‌رتووکه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڤاڵه‌كه‌ی نه‌بینی و ژیانئاوای لێ كردین.
ـ فرسه‌ت ئه‌حمه‌د
ــ ئه‌حمه‌دی كوێخا سمایلی ته‌لان
ـ شێخ مه‌حمودی حاجی كاكه‌حه‌مه‌ی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی شه‌ده‌له‌
ـ د. سه‌لاح عه‌لی ساڵحی ره‌شه‌
ـ دكتۆر سامان شاڵی
ـ شاڵاوی عه‌لی عه‌سكه‌ری
ـ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ عه‌لی به‌رزنجی
ـ به‌هادین عه‌لی ساڵحی ره‌شه‌
ـ حسێن سنجاری
ـ عه‌زیز عومه‌ر
ـ سیامه‌ند به‌ننا.

به‌شی پێنجه‌می ئه‌و كتێبه‌ وەکو رۆژنامه‌نووس به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین ده‌ڵێت “باسێكه‌ له‌ژێر ناونیشانی
(نه‌مسا. بڵندگۆیه‌ك بۆ شۆڕشی گوڵان) سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی شۆڕشە پێشكه‌وتنخوازەکەی گوڵان له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ و نیشاندانی ئه‌لبوومی وێنه‌كان؛ له‌ به‌شی شه‌شه‌می كتێبه‌كه‌ چه‌ند دیدار و چاوپێكه‌وتنی نێو گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانه‌ وه‌كو (رۆژنامه‌ی برایه‌تی و رۆژنامه‌ی خه‌بات).
ئه‌وه‌ی مایه‌ی شانازییه‌كی دیكه‌یه‌ بۆبه‌نده‌ زۆربه‌ی ئه‌و دیدار و گفتو گۆیانه‌ خۆم له‌گه‌ڵم ئه‌نجامداوه‌”.
هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی لێداونه‌كه‌یدا، رۆژنامه‌نووس به‌رهه‌م شێخ عزه‌دین ده‌ڵێت “به‌شی حه‌وته‌می
بریتییه‌ له‌ به‌رنامه‌ی په‌نجه‌مۆری (كه‌ناڵی رووداو) كه‌ له‌ ساڵی 2017 له‌گه‌ڵ كاكه‌ حه‌مه‌دا کردبوویان، له‌گه‌ڵ نیشاندانی چه‌ند وێنه‌یه‌كی مێژوویی”.
له‌ كۆتاییی لێدوانه‌كه‌یدا رۆژنامه‌نووس “به‌رهه‌م شێخ عێزه‌دین” ده‌ڵێت ئه‌م به‌شه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌وهه‌رێك له‌ جێماوی به‌ڵگه‌نامه‌كان و ده‌ستنووس و یاداشته‌كانی خوالێخۆشبوو شێخ محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رگه‌ڵوویی؛
لێره‌دا باسی (سه‌فه‌ری كاك مه‌سعود بۆ نه‌مسا و هه‌وڵی تیرۆركرانی) ده‌كات؛ پاشان باس له‌ وه‌فاتی جه‌نابی بارزانی نه‌مر ده‌كات و ده‌ڵێت: پاش وه‌فاتی بارزانی نه‌مر بۆ یه‌كه‌م جار توانرا سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی له‌ (گوندی شاوانه‌)دا كۆ بێته‌وه‌؛ دوایی باس له‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات.
ـ باس له‌ گیران و له‌سێداره‌درانی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی ده‌كات.
ـ وته‌یه‌كی كاكه‌ حه‌مه‌ بۆ ساڵیادی جه‌وهه‌ر نامیق.
ـ شێخ محه‌مه‌د ڕه‌زا له‌ ده‌سنووسێكی دیكه‌دا باس له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی و دبلۆماسیه‌تی خۆی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا باسی بكه‌م ڕه‌حمه‌تی زۆر به‌ وردی كاری له‌سه‌ر ئه‌رشیفكردنی قۆناغه‌كانی ژیانی خۆی كردووه‌ كه‌ من سوودی زۆرم لێ بینی.