پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دەربارەی شیعری جاهیلی

حەمەسەعید حەسەن

کتێبی (دەربارەی شیعری جاهیلی)ی تەها حسێن، کە بۆ یەکەمین جار لە ١٩٢٦دا بڵاو کرایەوە، هەرای نایەوە. ئەو سەردەمە نووسەرەکەی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی قاهیرە، ئوستادی ئەدەبی عەرەبی بوو. کتێبەکە لە سێ بەش پێک دێت کە بریتین لە:

(١) سەرەتایەک دەربارەی شیعری جاهیلی و زمان و شێوەزار
(٢) هۆکارەکانی نووسینی شیعری ساختە
(٣) شیعر و شاعیر

نووسەر وەک لە سەرەتای کتێبەکەیدا باسی کردووە، ئەوەی زانیوە زۆربە بەگژ بۆچوونەکانیدا دێنەوە، وەلێ ئەو بەهۆشیارییەوە، ڕووی نووسینی لە بژاردە بیرڕووناکەکە بووە کە ئومێدی ئەوەی پێیان هەبووە، بەشداری لە بووژاندنەوەی کۆمەڵ و ڕۆنانی داهاتوودا بکەن. تەها حسێن مەبەستی لە نووسینی کتێبەکە ئەوەیە، خوێنەری وریا لەوە ئاگادار بکاتەوە کە زۆربەی ئەو شیعرانەی وەپاڵ قۆناغی جاهیلی دراون، هیچ پێوەندییان بەو سەردەمەوە نییە، بەڵکوو دوای سەرهەڵدانی ئیسلام نووسراون و زیاتر ڕەنگدانەوەی ژیانی موسوڵمانانن، وەک لەوەی هی سەردەمی جاهیلی بن.

نووسەر پێی وایە، ئەو شیعرانەی بە بەرهەمی ئیمرەئولقەیس، ئەعشا، تەرفە، ئیبن کەلسووم و عەنتەرە لەقەڵەم دراون، ئەگەر بەوردی سەرنجی زمان و لایەنە هونەرییەکانی دیکەیان بدەین، هەست دەکەین هیچ پێوەندییان بەوانەوە نییە، بەڵکوو شاعیرانی دیکە، دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، بە مەبەستی جیا جیا بۆیان هەڵبەستوون.

چونکە ئەوە تەنیا گومانە کە چاوگی یەقینە، تەها حسێن بۆ گەیشتن بە یەقین، پشتی بەو ڕێبازە فەلسەفییە بەستووە کە دیکارت دایهێناوە و بە ڕێبازی گومان ناوبانگی ڕۆیشتووە. ئەو باسکارەی شوێنپێی دیکارت هەڵبگرێت، پێویستە ڕۆڵان بارت گوتەنی: لە سفرەوە دەست پێ بکات و هەر چی سەبارەت بەو بابەتەی نیازی هەیە، ئیشی لەسەر بکات، بیستووە یان بینیوە، لەبیر خۆی بباتەوە. توێژەرەوەیەک ئەو ڕێبازە ڕەچاو بکات و نیازی نوێکردنەوەی هەبێت، پێویستە سەرەتا لەوە دڵنیا بێت، دەبێتە نیشانە بۆ تیری تانەی لەشکری کۆنەپارێزان.

توێژەوە ئەگەر بخوازێت باسێکی زانستی بنووسێت، پێویستە ئەوە لەبیر خۆی بباتەوە کە سەر بە کام هۆز، نەتەوە یان ئایینە، دەبێت خۆی لە سۆز بەدوور بگرێت، نە ڕک هاندەری بێت و نە خۆشەویستی بیبزوێنێت. تەها حسێن پێی وایە، هەموو ئەوانەی لە ڕابردووی دێریندا، سەبارەت بە عەرەب قسەیان کردووە، ئەگەر عەرەب بووبن، لایەنی عەرەبیان گرتووە و عەجەم بووبن، دژایەتیی عەرەبیان کردووە، بۆیە باسکارانی دێرین، یان عەرەبیان باڵاتر لەوەی هەیە، هەڵسەنگاندووە، یان نزمتر لەوەی هەیە، پیشانیان داوە.

تەها حسێن پێی وایە، ناودێرکردنی کۆمەڵی سەروەختی سەرهەڵدانی ئیسلام بە جاهیلی، کارێکی هەڵەیە، ئاخر هیچ نەبێت وەک بە دەقی قورئانەوە دیارە، لەو سەردەمەیشدا کەسانێک ژیاون، ئەوەندە بەتوانا بوون، دەربارەی چۆنیەتیی پەیدابوونی ئینسان، زیندووبوونەوە و پێوەندیی نێوان ئینسان و خوا، مشتومڕیان لەگەڵ پەیامهێندا کردووە، بۆیە ئەو سەروەختەیش وەکوو ئێستا، وەک چۆن کەسانی نەزان هەبوون و زۆرینەیشیان پێک هێناوە، هەر وایش کەسانی زانایش هەبوون. ئایا کەسانێکی جاهیل لە توانایاندا هەیە، ئەو شیعرە جوانانە بنووسن کە بە شیعری جاهیلی ناویان دەرکردووە؟ نا، ئەو شیعرانە بەرهەمی خەیاڵی کەسانی زانای خەیاڵ فراوان و هەست ناسکن، نەک هی کەسانی گەوج و جاهیل.
ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت زمانی عەرەبی، لە کۆمەڵێک دیالێکت پێک هاتبوو، عەرەب بەهۆی قورئانەوە بوون بە خاوەنی زمانی یەکگرتوو، ئەوا دەبێت بڕوامان بە هەبوونی شیعری جاهیلی نەمێنێت، چونکە شیعری جاهیلی کە پێش سەرهەڵدانی قورئان هەبووە، بە هەمان دیالێکتی قورئان گوتراوە، هەرچەندە ئەو شیعرانە دەدرێنە پاڵ کۆمەڵێک هۆزی جیا جیا کە پێش پەیدابوونی ئیسلام، هەر یەکەیان خاوەنی شێوەزاری تایبەت بە خۆی بووە. ئیمرەئولقەیس و عەنتەرە و تەرفە، سەر بە سێ هۆزی جیاواز بوون و ئەو سێ هۆزە خاوەنی سێ شێوەزاری جیاواز بوون، کەچی شیعری ئەو سێ شاعیرە کە گوایە پێش سەرهەڵدانی قورئان گوتراون، بە هەمان دیالێکتی قورئان نووسراون، ئەمەیش بەڵگەیەکی ڕەتنەکراوەیە بۆ ئەوەی، شیعری جاهیلی دوای جێگیربوونی زمانی یەکگرتووی عەرەبی، دوای سەرکەوتنی ئیسلام نووسراوە.

کە سەیری شیعری کوردی دەکەین، دەستبەجێ دەزانین، فڵان شاعیری کورد خەڵکی کام دەڤەرە. بەهۆی ئەو شێوەزارەوە شێعرەکەی پێ نووسراوە، شیعری هێمن لە هی هەردی جیا دەکەینەوە کە ئەمیان خەڵکی موکریان و ئەویان خەڵکی سلێمانییە، کەچی شاعیرانی جاهیلی هەرچەندە هەر یەکە و سەر بە شێوەزار و دەڤەر و هۆزی جیاواز بوون و دوور لە یەکدی ژیاون، شیعریان نەک هەر بە هەمان شێوەزاری قورەیش گوتووە کە ئیسلام بەسەر عەرەبیدا سەپاند، بەڵکوو تەنانەت کێش هەمان کێشە و سەروا هەمان سەروایە و گوتەکان هەمان گوتەن وڕێبازی شیعرییش هەمان ڕێبازە. بەپێی زۆر سەرچاوە، ئیمرەئولقەیس خەڵکی یەمەن بووە، دیالێکتی یەمەنیش زۆر جیاواز بووە لە هی خەڵکی حیجاز، کەچی شیعری ئیمرەئولقەیس بە هەمان ئەو شێوەزارە گوتراوە کە قورئانی پێ گوتراوە!

شیعر هەیە بە زمانێکی هێندە زبر و ڕووهەڵماڵراو گوتراوە، هەر دەڵێێت شیعری فەرەزدەقە، کەچی بە بەرهەمی ئیمرەئولقەیس لەقەڵەم دراوە! شیعری دڵداری هەیە، تەواو لە شیعری عومەر ئیبن ئەبی ڕەبیعە دەچێت و بە شیعری جاهیلی ناودێر کراوە! شیعر هەیە بە زمانێکی هێندە ڕەوان و ئاسان نووسراوە کە هەنووکە هەموو عەرەبیزانێک تێی دەگات و بە شیعری ئیبن کەلسووم تۆمار کراوە. چونکە ئەوانەی خەریکی هەڵبەستنی شیعری ساختە بوون، هەندێکیان بەتوانا و هەندێکی تریان بێتوانا بوون، بۆیە (شاعیری جاهیلی)ی وا هەیە، وەک چۆن شیعری جوانی وەپاڵ دراوە، شیعری لاوازیشی لەسەر کراوە بە ماڵ! ڕێک کەوتووە شاعیرێکی بەگومان، زاتی نەکردووە گومانەکانی بە ناوی خۆیەوە بڵێت، بۆیە بۆ پاراستنی ژیانی، شیعری خۆی بە ناوی شاعیرێکی سەروەختی پێش سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بڵاو کردووەتەوە.

شتێک هەیە پێی دەڵێن: شەیتانی شیعر، گوایە ئەوە شەیتانە ئیلهام بە شاعیر دەبەخشێت. لە قورئانیشدا سوورەتێک هەیە، ناوی سوورەتی جنۆکەیە، بەگوێرەی ئەو سوورەتە، چەند جنۆکەیەک دوای ئەوەی گوێیان لە پەیامهێن بووە، قورئانی گوتووەتەوە، دڵیان نەرم بووە و بڕوایان بە خوا و بە پەیامهێن هێناوە. هەر بەپێی دەقی ئەو سوورەتە، جنۆکە دوو جۆرە، هەندێکیان ڕێی راستیان هەڵبژاردووە و هەندێکی تریان ڕێی چەوت. ئەوانەی لە ڕێی ڕاست لایان داوە، لە دۆزەخدا دەبن بە چیلکەوچەوێڵ و گڕیان تێ بەر دەدرێت، بۆ ئەوەی کافرانیان پێ بسووتێنرێت.(١)

لە سەروەختی ئیسلامدا، دەسەڵات بۆ مەبەستی خۆی، سوودی لە هەبوونی جنۆکەیش وەرگرتووە و شیعری وەپاڵ جنۆکەیش داوە! سەعد بن عوبادە کە یاوەرێکی پەیامهێن بووە، لەگەڵ ئەوەدا نەبووە خەلافەت تایبەت بێت بە قورەیش، بۆیە کە کوژراوە، تاوانی کوشتنەکەی وەپاڵ جنۆکە دراوە و جنۆکەی شاعیر بەشانازییەوە باسی ئەوەی کردووە کە سەعدی کوشتووە.

قد قتلنا سید الخزرج سعد بن عبادە
ورمیناه بسهمین فلم نخطأ فؤادە(٢)

تەنانەت شیعر هەیە، دراوەتە پاڵ جنۆکە، گوایە لە شیوەنی عومەری کوڕی خەتتابدا گوتوویەتی! کەسانێک ئەوەندە خێڵەکی بن،(٣) ئامادە بن شیعر بدەنە پاڵ جنۆکە، دیارە بەلایانەوە ئاسایی دەبێت، شیعر هەڵبەستن و بە موڵکی شاعیرانی سەردەمی جاهیلیی لەقەڵەم بدەن. گوتەیەک هەیە دەڵێت: عەرەب بە سەلیقە هەموویان شاعیرن، بەڵام لە ڕوانگەی تەها حسێنەوە، ئەو گوتەیە دروست نییە و تەنانەت کەسێکی وەک عەلی کوڕی ئەبی تالیب، توانای گوتنی شیعری نەبووە. تەها حسێن پێی وایە، سێ سەدەی یەکەمی ژیانی موسوڵمانان، بۆ ئەوە لەبار بووە، خەڵک هانا بۆ هەڵبەستنی شیعر ببەن و بیدەنە پاڵ شاعیرانی پێش سەرهەڵدانی ئیسلام.(٤)
*
(١) وأما القاسطون فکانوا لجهنم حطبا. الجن ١٥
(٢) واتا: سەعدی کوڕی عوبادە کە سەروەری خەزرەج بوو، بە دوو تیر دڵیمان ئەنگاوت و کوشتمان.
(٣) ئاخر بەشێک لەو شیعرە ساختانە، ستایش یان هەجووی ئەم یان ئەو خێڵ دەکەن.
(٤) طە حسین، في الشعر الجاهلي، مطبعة دار الکتب المصریة بالقاهرة ١٩٢٦الطبعة الاولی، ص١٢٤ صورة طبق الأصل، دار الجدید.