خالید فاتیحی
ئیڤان سێرگەیڤیچ تۆرگنێڤ، یەكەم ڕۆمان نووسی ڕووسی بوو، كە لە كۆتایی سەدەی نۆزدە لە جیهانی رۆژئاوا ناوبانگی دەركرد. دوابەدوای ئەو نووسەرانی مەزنی تریش لەهەمان سەرزەمین، لەوانە تۆڵستۆی و دستۆ ڤیسكی لە جیهان ناسران.
تۆرگنێڤ دوای تەواو كردنی خوێندنی فەلسەفە لە زانكۆ، چوو بۆ ئەڵمانیا و لە زانكۆی بەرلین، لەبەشی ئەدەبیات و زمانە كلاسكیەكان و فەلسەفە درێژەی بەخوێندن دا. یەكەم كتێبی كە بووە هۆی ناوبانگ دەركردنی «نەخشەكانی ڕاوچییەك» بوو. «باوكان و كوڕان» و «یەكەمین عەشق» و «لافاوە بەهاریەكان» و «شیعرە پەخشانیەكان» لەبەرهەمە ناوازەكانی ئەو نووسەرە دەژمێردرێن. تۆرگنێڤ لەسەردەمی هەستیاری نووسەرایەتی خۆیدا، لەگەڵ زۆرێك لە ڕەخنەگران و نووسەران، لەوانە دستۆڤسكی و تۆڵستۆی و چڕنێڤسكی و كنجارۆڤ، دهبهریهك راچوونی نووسینیان هەبوو.
سەرەنجام ڕووسیای جێهێشت و لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا گیرسایەوە. تەنیا جارجار بۆ نیشتمان سەفەری دەكرد. لەیەكێك لە دواسەفەرەكانی تەمەنیدا، كە بەبۆنەی پەردەلادان لەسەر پەیكەرێكی پۆشكین لە مۆسكۆ رێكخرابوو، چوو سەردانی تۆڵستۆی كرد، كە بیست ساڵ بوو نێوانیان نەبوو، داوای لێبوردنی لێكرد. لە ساڵی 1883 لە فەڕەنسا كۆچی دوایی كرد .
دهروازه
تەلارێكی گەورە دەبینم، لەسەر دیواری ڕووبەڕووی
لادهرگایهك كراوەتەوە، لەپشت دەرگاكەوە،
تاریكییەكی ئەنگوستەچاو و ترسناك هەیە.
كچێك لەپێش دەروازەیەكی بەرز ڕاوەستاوە، كچێكی ڕووسی.
تاریكیەكی نوتهكه لە دڵی زووڵم و سەهۆڵبەندان،
دووكەڵێك هەڵدەستێ لەگەڵ شەپۆلێك هەوای سارد
دەنگێكی كزۆڵەو ناساز لە قوڵاییەوە دێتهبهرگوێ.
«ئەرێ، تۆ دەتەوێت لەو دەروازەیە بێیتە ژوورێ،
دەزانی چی چاوەڕوانت دەكات؟»
كیژە وەڵام دەداتەوە :
- دەزانم.
«سەرما، برسێتی، نەفرەت، فرتوفێڵ، سووكایەتی، زیندان، نەخۆشی، هەتا مەرگیش.» - دەزانم.
«تەنیایی، گۆشەگیری.» - دەزانم، ئامادەم هەموو ئازارەكانی بكێشم.
«نەك بەتەنیا لای دوژمنان هەتا لای خزم و دۆستانیشت؟» - بەڵێ، هەتا ئەوانیش.
«زۆرباشە، كەواتە تۆ ئامادەی خۆت فیدا بكەی؟» - ئامادەم.
«فیدای بێ ناوونیشان؟ لەناو دەچێ كچێ، هەتا كەسێكیش نازانێ كە یادی چ كەسێك بكاتەوە.» - من دەربەستی هیچ بەزەیی و یادكردنەوەیەك نیم و پێویستیشم بەهیچ ناوونیشانێك نییە.
«كەواتە ئامادەی… بۆهەر تاوان و تاوانكارییەك؟»
كیژە سەری بەرز كردەوە: – بۆهەر تاوان و تاوانكارییەك… ئامادەم.
دەنگەكە نهماو پاش كەمێك، پرسیارەكان دەستیان پێكردەوە.
لەكۆتاییدا هاتەوە دوان: «بزانە ئەوەی كە ئێستا باوەڕت پێیەتی، بەچی دەچێ پاشان بەناڕاستی بزانی، بەچی دەچێ بزانی كە تاوانت كردووە و ژیان و لاوێتیت بهفیڕۆداوه؟» - ئەوەشیان دەزانم و حەزیش دەكەم بێمە ژوورێ.
«وەرە ژوورێ!»
كیژە لە دەروازەوە هەنگاوی هەڵێناو لەپشت سەریشیەوە پەردەیەكی قورس كەوتە خوارێ.
دەنگێك بیسترا، كەسێك ددانەكانی لەچیڕەوە بردن و هاواری كرد:
گێلە!
لە جێگایەكی دیكەشەوە، دەنگێك هەستا:
پاك بووەوە!. نووسینی: ئیڤان تۆرگنێڤ
سەرچاوە:
مجلە «دنیای سخن» شمارە 67 سال 1374