یاخی

   قادر ژەوان

گیان، لە هەڕەتی لاویدا
مەستی دایدەگرێت و
پێكی تەمەنیش
وردە وردە لێی دەڕژێت،
رۆژ لە دوای رۆژ
ناهاوسەنگی
گەرووی هاوارێكی نووساو …
تەنگ دەكاتەوە.
قاوەڵتییەكی درەنگ بوو
ویستم كەوشەكانم وەسەرپێخەم!
پاژنەكێشەكەم…
لێم یاخی بوو،
ئاوڕێكم لە پێخەفەكەم دایەوە…
سەیرم كرد وێستگەی تەمەن
لە پەنای بالیفەكەمدا…
باوێشك دەدات و
بە بزەیەكەوە
سەرنجم رادەكێشێ…
ها…! بۆ كوێ ێ ێ …؟
بێ هێزیش
بۆتە خۆركەی نێوان
ئێسك و ماسولكە…
شانم دایە شیپانەكە و
رووم دە زالكی دەرێ كرد و
سێبەری كۆنی لاویم
لە نێو چڵی ژاڵەی باخچەكەماندا
تێیڕاخوڕیم!…
ها.. چەپەرە شكاو
بۆچی داناسكنێی؟
هاوارم كردێ …
دەرفەتێكی دیكەم پێ بدە و
قومێك لە پێكی تەمەنم
بۆ وەگێڕە!…
ئەفسوس،
لە قاقای پێكەنینیدا و
لە چاوان ون بوو…
داخەكەم
بە رێكەوتیش
فریشتەم نەدی
تاوەكو داوێنی بگرم،
نایەتە خەونم
تا ئەو رۆژەی
رادەستی دەبم، دەمرم.
تا ئەو ساتەی چركەی تەمەن
ترپە بە دڵ لێدا
گیانكێشان خەونە!
رۆژ بە رۆژ
(مەكۆك)ی ورە
رایەڵی جەستە و گیانم
لێكدەبەستێتەوە
بۆچی سەرینم گیرۆدە بكەم!!
ئای كە چاوەڕوانی چەندە سەختە…
فریشتەكەشم…
بێ وادەیە،
ئەی بۆ گلەیی لە هاوڕێكانم بكەم!
من هەمیشە
بەرگی چاوەڕوانیم
هەنجن هەنجن كردووە…
كات زێڕینە و
داهاتوو شیرین ترە
بێ ئارامی
ئاڕاستە دەگۆڕێ
ئاڕاستە دەگۆڕێ..