یەكەم جارە لاوێكی كورد بچێتە فێرگەی نێودەوڵەتیی هایدرۆلیك

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

پێشەنگ هەڵەبجەیی لاوێكی كوردە و قوتابی دكتۆرایە لە وڵاتی پۆڵەندا بە نووسینێكی زانستی و سیمینارێك بەشداریی كردووە لە ٤٠ـەمین فێرگەی نێودەوڵەتیی هایدرۆلیك International School of Hydraulics لە گوندی كاتی ڕیبێسكی باكووری پۆلەندا.

فێرگەكە لەلایەن ئەكادیمیای زانستی پۆڵەنداوە سەرپەرشتی كرا و كۆمەلێك زانای نێودەوڵەتیی بواری ئەندازیاری هایدرۆلیكی بانگهێشت كرابوون.
لە لێدوانێكیدا بۆ هەولێر (پێشەنگ) گوتی: فێرگەكە خۆی بینی لە پێشكەشكردنی چەندین سیمیناری بەسوود تایبەت بەو نووسراوە زانستیانەی كە پێشكەش و پەسەند كرابوون بۆ بڵاوكردنەوە. خۆشبەختانە سیمینارێكمان پێشكەش كرد و نووسراوێكی زانستیمان بڵاو كردەوە.
پاشان سەردانی تاقیگەكانی ئینستیتیوتی ئەندازیاری هایدرۆلیكی ئەكادیمیای زانستی پۆڵەندیمان كرد كە لەناو جەرگەی سروشتدا لەسەر رووبەرێكی گەورە كەمپەسیان هەبوو. هەندێك لەو ئامێرانەی كە بەكاریان دەهێنا، تەنها لەوێ هەیە لە سەرتانسەری پۆڵەندادا.
ئەو گەنجە دەشڵێت: هیوادارم لە كوردستانیشدا ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكان هەڵبستن بە كردنەوە و رێكخستنی ئەم جۆرە فێرگانە بۆ بەرەوپێشبردنی زانست لە وڵاتدا.