شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

گێڕانەوەی کلاسیکی کوردی،یان مۆدێرن

ئارام کۆشکی

دیاریکردنی مێژووی گێڕانەوەی کوردی پێویستی بە وردەکاری و ئاگاییەکی زۆر هەیە، بەو پێیەی مێژووی گێڕانەوەی نووسراوی کوردی لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی کوردیدا گەشە دەکات و گەشەکردنی ڕۆژنامەگەری کوردی و گێڕانەوەی کوردی پێ بەپێی یەکتری دەڕۆن. بڵاوبوونەوەی یەکەم چیرۆکی کوردی سەدەیەک لەمەوبەر بووە، کە بە چیرۆکی “لەخەوما”ی جەمیل سائیب دیاری کراوە. ئیدی قۆناغی گۆڤاری گەلاوێژ (1939-1949) و نووسەرانی دیکە تا دەگاتە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئێمە خاوەنی گێڕانەوەیەکین، کە زۆر سادە و سەرەتاییە و هەتا بنەماکانی چیرۆکی هونەریی تێدا نییە. نووسەران و چیرۆکنووسان ئەوەندەی لە خەمی گەیاندنی پەیامدا بوون لە خەمی هونەرکاری لە چیرۆکدا و “هونەری چیرۆکنووسین”دا نەبوون.

یەکێک لەو کتێبانەی کە دەخوازێت تیشک بخاتە سەر “گێڕانەوەی کوردی” کتێبێکی مامۆستا “فەرهاد شاکەلی”یە، کە کتێبێکە لە بنەڕەتدا تێزی دوکتۆرایە و لێکۆڵینەوەیەکە بەناونیشانی “گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی”، کە بە ئینگلیزی نووسراوە و “محەمەد خزری ئەقدەم” کردوویەتی بە کوردی و وەشانخانەی مادیار چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لەم کورتە وتارەدا سەرنج تەنها لەسەر ناونیشانی کتێبەکە و پەیوەندی بە ناوەرۆکی کتێبەکەوە دەخەمەڕوو.
ئەگەر بە وردی سەرنج لە ناونیشانی کتێبەکە بدەین دەبینین: “گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی” ناونیشانێکە دەشێ خوێنەر یەکسەر خەیاڵی بۆ ئەوە بچێت لانی کەم نووسەر لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی 30 ساڵی ڕابردوو دەکات. نەک لێکۆڵینەوە لە سەرەتاکانی چیرۆکی کوردی بکات تا دەگات بە ئێستا. وەک سەرەتا گوتم مێژووی چیرۆکی کوردی یەک سەدە زیاتر نییە. مێژووی پەخشانی کوردی لەگەڵ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا دەست پێ دەکات کە 125 ساڵە. ئەوەی پێشتر هەمان بووە گێڕانەوەی زارەکی و گێڕانەوەی شیعریی بوون، کە جیایە لە هونەری گێڕانەوەی پەخشانی. نووسەر نەیتوانیوە قۆناغبەندییەکی شیاو بۆ مێژووی گێڕانەوەی کوردی بکات و ناو لە قۆناغەکان بنێت و دواتر لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قۆناغانەدا لێکۆڵینەوەکەی دەست پێ بکات.
بێگومان من درک بەوە دەکەم، کە بەهۆی کەمی سەرچاوەوە کارکردن لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر ئەو قۆناغانە گەلێک سەختە و من چەند جارێک هەوڵی بچووکی لێکۆڵینەوەم هەبووە لەسەر چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بەتەواوی دەزانم گەلێک سەختە. بەڵام دیاریکردنی قۆناغەکان و ناونانیان مەحاڵ نییە. نووسەر لە یەکەم چیرۆکی کوردییەوە تا دەگاتە ئەزموونی چیرۆکنووسی شێرزاد حەسەن بە یەکچاو سەیر دەکات و پێی وایە هەمووی مۆدێرنە. بەڵام من دەپرسم مامۆستای بەڕێز ئەی گێڕانەوەی کلاسیکمان کامەیە؟ بێگومان بەپێی لۆژیکی ئەم تێکستەی نووسەر بێت دەشێ گێڕانەوەی کلاسیک گێڕانەوەی شیعریی، یان گێڕانەوەی دەماودەمی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان بێت. بەڵام لێرەدا ئەم تێزە گریمانەییەی خستمەڕوو کورت دەهێنێت. بەو پێیەی ئێمە باس لە گێڕانەوە دەکەین وەکو دەقی نووسراو و وەکو هونەرێک لە ڕیزی هونەرکانی دیکەدا.
ئەگەر بمانەوێت قۆناغبەندییەک بۆ گێڕانەوەی کوردی بکەین دەشێ قۆناغەکان بەم شێوەیە لێ بکەین. سەرەتا تا ساڵی 1970 ئەمە گێڕانەوەی کلاسیکە و سەرنجی هەر کام لەو دەقانە بدەین کە نووسراون لەو زەمەنەدا سیمای کلاسیکبوون چ لە هەڵبژاردنی بابەت و چ لە هونەری گێڕانەوە و سادەیی و داڕشتنی زمانەوە دەبینین. دواتر قۆناغی گێڕانەوەی هونەریی دەست پێ دەکات، کە پێموایە لەنێوان ساڵانی 1970 تا ڕاپەڕینی 1991 دەگرێتەوە، کە قۆناغی پەڕینەوەیە لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن و بۆیە ناکرێت ناوی مۆدێرنی لێ بنرێت. دەشێ بە قۆناغی پەڕیەنەوە ناوی ببرێت و ئەم قۆناغە بە حسێن عارف و عەبدوڵڵا سەراج دەست پێ دەکات و لە شێرزاد حەسەندا دەگاتە کۆتایی. هەرچی قۆناغی دواترە کە قۆناغی گێڕانەوەی مۆدێرنە لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێ دەکات، کە لە کتیبەکەی مامۆستا شاکەلیدا کەمترین ڕووبەر بۆ ئەم قۆناغە تەرخان کراوە لە کاتێکدا بەپێی ناونیشانەکەی دەبوو تەواوی کارەکانی لەسەر ئەم قۆناغە بێت.
یەکێک لەو خاڵانەی کە جێگەی سەرنج بوو لەلام ئەوە بوو پێوەری مۆدێرنبوون لای ئەم نووسەرە چی بوو؟ چۆن چیرۆکی کوردی لە جەمیل سائیبەوە تا شێرزاد حەسەن هەموو یەک چەشنە و دەچێتە نێو یەک قۆناغەوە کە قۆناغی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردییە؟ بێگومان پێموایە لێرەدا نووسەر کەوتووەتە هەڵەوە، هەڵەیەک کە لۆژیکی گێڕانەوەی کوردی هەڵگری نییە. نەک تەنها لەم بەشەی کوردستان، بەڵکو بە هەموو شێوەزارەکانیشەوە. مێژووی گێڕانەوەی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە و بە دەقیقی لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە گەشەیەکی خێرا و سەرسوڕهێنەر و دڵخۆشکەردایە و بە وردبوونەوە بە ناو بەشێک لەو کەسانەی کە نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەیدا ڕیزی کردووین ئەمەمان بە وردی بۆ ڕوون دەبێتەوە.
ئەگەر کتێبەکەی مامۆستا شاکەلی ناوی “مێژووی گێڕانەوەی کوردی” و “گەشتێکی کرۆنۆلۆژی” بوایە بەتەواوی پەیامی کتیبەکە لە ناونیشانەکەدا ڕەنگدانەوەی دەبوو، بەڵام بەم ناونیشانەی ئێستاوە هەم لێکۆڵینەوەکە پڕ لە هەڵە و کەموکوڕییە و هەم ناوەرۆکەکە هەڵگری قوسایی ناونیشانەکە نییە. دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەمەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها چەند سەرنجێکی کورتە و دەشێ لە لێکۆڵینەوەیەکی فراواندا هەموو لایەنەکانی ئەم کتێبە بەسەر بکرێتەوە.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ مامۆستا فەرهاد شاکەلی و بەهیوام ئەوەی لێکۆڵینەوە چڕوپڕتر و دەوڵەمەندتر پێشکەشی خوێنەرانی کورد بکات. دەستخۆشیش بۆ ماندووبوونی وەرگێڕی بەڕێز و وەشانخانەی مادیار.