دیمانە: حەیدەر عەبدوڵڵا
شێركۆ هەژار، كوڕی مام هەژاری شاعیرە، تەمەنێك لەنێو كتێب و ئەدەب و ئەدیبان. نووسەرێكی جیاواز و خوێنەرێكی شەیدا بە ئەدەبی كوردی و عەرەبی و بیانی. ئەزموونێكی دەوڵەمەند و هەگبەیەكی پڕ لە زانیاریی كۆن و تازە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت: “شێركۆ هەژاری دەریایەكە لە مەعریفە.” دەمێكە دیمانەیەكی مەیلەودرێژم لەگەڵ كردووە و حەز دەكەم بە چەند بەشێك لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوی بكەمەوە. تەماخوازم خوێنەران پشوودرێژبن و هەموو بەشەكان بە وردی بخوێننەوە و سوودی لێ وەربگرن.
پ/ جیاوازیی نێوان فهلسهفهی كۆن و نوێ له چیدا دهبینیهوه؟
من نامەوێت لێرەدا بە چاوی خوێندکارێکی ئەکادیمیی فەلسەفە لەو زاراوانە بکۆڵمەوە. هەرچەندە ئەوروپایی لەسەر سەرەتای فەلسەفەی نوێ هاوبیرن، کە لە سەدەی حەڤدەی ئەوروپاوە بە عەقڵانییەکان ( دێکارت، سپینۆزا …) و ئەوجا ئەزموونییەکان ( لۆک، هیوم …) دەست پێ دەکات تا میسالییەتی “هیگل” کە لای وابوو هەرتکی کۆکردوونەوە و دیالیکتیکی و ئەوجا مارکس …، بەڵام لەسەر کۆتاییەکەی هاوبیر نین، ئایا هێشتا لە قۆناغی” نوێ”دان یا “دوای نوێ”( مۆدێرنیزم یا پۆست مۆدێرنیزم) . بەهەرحاڵ، دیارە فەلسەفەش، بە گوێرەی زانیاری، هەمیشە لە گۆڕاندایە و، تا دێت – وەک بڵێیت – پتر دیموکراتانەتر دەبێت . فەلسەفە ئیتر پتر چالاکییەکی کۆمەڵایەتییە، هی خاوەنی چەند ناوێک نیە، هی زۆر رۆشنبیران و زانایانە . ئەوەی لاوێکی زانستێکی نوێ پەی پێ دەبات، فەیلەسووف زۆر بە جیددی وەریدەگرێت و، دەکرێت فەلسەفە بەوە لە هەر لەحزەیەکدا، بەسەر رێگایەکی نوێدا بکەوێت . من لەم هۆڵەندایە، چەند جار تووشی کەسانێک بووم، کە هەم خۆیان بە ” فەیلەسووف” خۆیان پێشکەش کردووە و، هەم دەوروبەریش بە ” فڵانە هەڤاڵی فەیلەسووفمان “یان باس کردوون، کە من سەرەتا لام وابوو بە گاڵتەی دۆستانە وا بە هەڤێلیان دەڵێن، بەڵام نا، دەرکەوت بەراستیان بوو و، منیش دوای ئەوە قەبووڵم بوو کە ئەوانە فەیلەسووف بوون . وابووە پرسیارم کردووە چۆنە هیچ کتێبێکیان نیە، پرسیارەکەیان بە پرسیار وەڵام داومەوە : مەگەر سوقرات کتێبی هەبووە ؟! ئیتر باسی دوورودرێژ دەستی پێ کردووە . زانست و تەکنیک ئەمڕۆ، لە هەر شتێکی تر پتر جڵەوی هەموو شتێکی بەدەستەوەیە، کە فەلسەفەش دەگرێتەوە . من لە باسی ” فەلسەفەو تەکنیک”دا، لە وەڵامی پرسیارێکی پێشتردا چەند شتێکم لەو رووەوە باسکرد .
پ/ ئایا كورد هیچ فهیلهسووفێكی ههبووه، ئهگهر ههیبووه كێن؟ ئهگهر نهیبووه بۆچی؟
ئایین، لە رۆژهەڵاتی ئێمە، فەلسەفەی بەتەواوی هەزم کردووە و، فەلسەفە تێدا ماڵی خۆی – وەکو لە یۆنان ڕوویداوە – جیا نەکردووەتەوە . سنووری نێوان فەلسەفەو ئایین لە کوێیە ؟ ئایا زەردەشت لە سەر فەلسەفە دەژمێردرێت یان نا ؟ ئەوجا کە ئەو هەمووە قەومانە دەبنە مسوڵمان و ئەو هەمووە بیرکارانەیان لە زانکۆکاندا ئەو هەمووە لێکٶڵینەوە هزرییانە پێشکەش دەکەن، ئەو هەمووە مەدرەسە و تێزانەی : جەبری و قەدەری و ئەشعەری و چەندو چەندی تر، ئەو هەمووە کارەی ” الغزالی” و کێشەی ” ابن رشد”ی نەسلی دوای خۆی لە بارەی ” سەبەبییەت” و .. سامانێکی یەکجار زۆری بیرکردنەوە و بەڵگە هێنانەوە، پەنا بردنە بەر ئەو هەمووە مەنتیقە …، دەبینین هەمووی بە عەبایەکی ئایینی داپۆشراوە . هەمووی، هەمیشە وەکو ئێستا، لە چوارچێوەی قەبووڵکردنی ئایندا و، بە پرەنسیپی لێ دەرنەچوونی، توانا و خەللاقیەتی فەلسەفیی خۆی دەربڕیوە . بەڵام گوتوویانە ” من تفلسف تزندق” . دەبینیت کەسێکی ئەکادیمیی وەکو مەئموون( کوڕی هارون الرشید)، کە وێدەچێت ویستبێتی بە لایەنگریی رێبازی موعتەزیلەكان هەناسەیەکی ئازادیی بداتە کاری فەیلەسووفان، خەلیفە عەباسییەکانی دوای ئەو لێ پاشگەز بوونەوە . تۆ ئەگەر بە وردی ” ابن خلدون” یش بخوێنیتەوە، دەبینیت ئەو هەمووە سامانە زانستییە هەر بەشێوەیەک داڕێژراوە کە لە شوێنێکدا کێشەیەکی لەگەڵ ئاییندا بۆ پەیدا نەبێت . دە کاتێک” ابن خلدون”ی کە مارکسیستەکان، بە بیرکاری زانستیی ماتریالیزمیان ناوبردووە و، خودی لێنین پێیهەڵگوتووە ؛ ئەگەر ئەو وابێت، نابێت چاوەڕان بکەین ” ئامێدی”و ” شارەزووری” و ” دینەوەری”ی کوردی کە ” الغزالی” بە سێ کۆڵەکەکەی ئیسلامی ناوبردوون، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەوەدا بن . نازانم هەیە یان نییە، بەڵام من خۆم تائێستا سەرچاوەیەکم نەدیتووە کە بەتەواوی سامانی فەلسەفەی عارەب یا کورد یا فارس یا هەر قەومێکی تری دنیای ئیسلام بە دەر لە ئیسلامبوون باس بکات . لەکاتێکدا کە سەیری مێژووی سوقرات دەکەیت، دەبینی ئەویش بڕوای بە غەیب- خوێندنەوەی ” دێلفی” هەبووە و، بەگوێرەی ئەوە بە ” کسینۆفۆۆن” ( یا وەک لای ئێمە دەڵێن گەزەنفۆن) ی گوتووە مادام پرسیاری پیاوانی ئاینیی دێلفیت کردووەو پێیان باش بووە بچیتە ئێران، تازە تەواو، بڕۆ بیکە!؛ بەڵام وێڕای ئەوەش، هەر بە پێوانەی فەلسەفە، توانیویە بناغەیەکی وەها دابنێت کە پێشێلی ئاین نەبێت، لەکاتێکدا کە هەنگاوێکی زۆر کەمی مەئموون لە بەغدا بۆ هێندێک ئازادیی فەلسەفە سەری نەگرتووە . من هیوادارم کاری ئەکادیمیی زانکۆکانمان، بۆ هەڵکردنەوەی داوی چالاکییە فەلسەفییەکان لە ئەو چوارچێوە بەرینەی ئیسلامدا، بۆ تۆمارکردنی کاری فەلسەفیی کادیرانی کوردی دەورانی جیاوازی مێژوو ببینین، کە – ئەوەندەی من بزانم – هێشتا نیە . دەتوانین بە هاسانی کتێیی مێژووی فەلسەفەی یۆنانی یا رۆژئاوایی لە کتێبفرۆشییەکان بکڕین یا لە کتێیخانەی گشتی بخوێنینەوە، بەڵام شتێکی وەها بۆ مێژووی فەلسەفە لە کوردستان یا عارەبستان یا هەر ستانێکی دنیای ئیسلام – ئەوەندەی من ئاگادار بم – هێشتا بەو جۆرە نیە . ئەوجا، بەوە کە من پسپۆڕی دنیای فکری ئیسلامی، یا فکر دە دنیای ئیسلامدا نیم، بەزەحمەت دەتوانم لەو رووەوە زۆر بڵێم . کوردیش وەکو ئەم هەمووە قەومانەی تر دە دەریای ئیسلامدا بووە و، کاری فەلسەفەشی هەر لە ژێر عەبای ئایندا بووە و، هیوادارین پسپۆڕانی مێژووی ئیسلام، لەو رووەوە فریامان بکەون .
پ/ بەشێك لە نووسهر و توێژهران مهسعوود محهمهد به فهیلهسووف له قهڵهم دهدهن، لایان وایه ئهو ههموو توخمهكانی بوون به فهیلهسووفی تێدا بووه، جهنابت لهم بارهوه چیی دهڵێیت؟
مەسعوود محەمەد مرۆڤێکی زۆر زانا بوو، ڕووباری خەڵک لەگەڵ خۆی نەدەبرد، عەقڵی خۆی دەکردە حەکەم و زۆرتریش وابوو کە بە عەقڵێکی کراوەی زانستی دەیتوانی دروشـمەکانی رووباری خەڵک و زانیاریی ڕاست بەراورد بکات و، بە خەڵک بڵێت : ئێوە هەڵەن . ئەوە شتێکی زۆرە، رەوشتی رۆشنبیرە، بەڵام ئیتر کارێکی بە فەیلەسووفبوون نەداوە . منداڵەکەی چیرۆکی جلوبەرگی پادشای رووتی ئاندرسن، فەیلەسووف نەبوو، بەڵام ئەوەی دەگوت کە بە چاوی خۆی دەیدیت و، بە ئاوی رووباری نەزانی و ترس و وەهمی خەڵكدا نەدەچوو . مەسعوود محەمەد، بەنموونە، نووسینی مارکسیستێکی دیتووە، کە چیرۆکی چاککردنەوەی تەڵاقێکی سێبەسێی گێڕاوەتەوە، چۆن پیاوێکی چاکی مسوڵمان ژنێکی بۆ ئەوە،هەر بەناو، هێناوە و دیسان تەڵاق داوەتەوە تا بچێتەوە لای مێردی . لێرەدا مەسعوود محەمەد دەڵێت ” وەکو بوخچەی نەکراوە” دایەوە بە مێردی و، ئەوجا دەڵێت کە ئەوە هەر بەتاڵە، چونکە بە شەرع، بە بێ تێکەڵبوونی جنسیی پیاوە نوێیەکە نابێت . جۆرەها لاساکردنەوەی کڵیشەی بێ سەروبەری وڵاتانی تری کە لە کوردستان بەوجۆرە نین سەرنج داوە و رەت کردووەتەوە . ئەوە نیشانەی زانیاری و چاوکراوەیی و جورئەتی قسەیە . قسەش چ قسە ؟ من مرۆڤی ئەوەندە دەموراوێژ سیحراوییم لە ژیانمدا نەدیتووە، کۆڕی دەخستە داوی جادوویەوە . کوردییەکی چاکی دەزانی و، عارەبیی کۆنیشی بە رادەیەک دەزانی و پێ دەنووسی، کە رەنگە لەوەدا یەکەمی تەواوی دنیای سەردەمی خۆی بووبێت . بەڵام من شێوازی نووسینی هیچ کامیانیم پێ خۆش نەبوو؛ لە رووی نەخشەکێشی و دابەشکردن و ئەو شتانەشەوە، نووسینی وەکو ئەوەی هەژار، کۆن بوو . ئەو سەربەخۆییەی بیرکردنەوەی تووشی هەڵەشی دەکرد، وەک لە مەسەلەی وەزارەتدا، کە بووە وەزیرو هەڵوێستی خۆی لەوەی وەزیرە کوردەکانی تر جیاکردەوە و، بەداخەوە لێرەدا زۆر بە هەڵە چوو . بەهەمان شێوە، نووسینی لە دژی دروشمە مارکسیستەکانی پارتی، – بە بیری من – نەدەبوو لە رۆژنامەی ناسیۆنالیستانی عارەبی زۆر دوژمنی کورد ( الحریە)دا بڵاوبکاتەوە . ئەوەی لەبارەی حەماغای کۆیەی نووسیوە، بە بەڵگەی سەیر بە” گەورەپیاو”ی ناوبردووە، کە من ئەوەم بەڕاستی پێ سەیرە . من لام وایە لێنۆڕینی لە ” ماتریالیزم”یش، بە ئەو بەڵگانەی کە دەیهێنانەوە، قووڵ نەبوو و، زانیاریی لەو رووەوە کۆن بوو . دیسا، بۆ گەڕانەوە سەر پرسیارەکە، ئەگەر جارێک شاعیرێکی کورد یا سیاسەتمەدارێک شتێک بڵێت کە لە سنفبەندییدا بخرێتە خانەی فەلسەفەوە، ئەوە نایکاتە فەیلەسووف . زۆربەی زۆری مرۆڤ لەحزەی وەها لە ژیانیاندا هەن کە بیریان بۆ زۆر پرسیار دەچێت، وەکوئەوەی کە منداڵانیش دەیکەن، ئەوانە بەشی ئەوە ناکەن پێیانبگوترێت فەیلەسووف . بەڵام مەسعوود محەمەد ئەگەر فەیلەسووفیش بوایە، مانای ئەوە نیە لەمەی ئێستا – بە بێ فەیلەسووفبوون- گرنگتر دەبوو، مەسعوود محەمەد رۆشنبیرێکی زۆر گرنگ و گەورە بوو .