ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لە کتێبەکانی زنجیرە بەناوبانگەکەی ئۆکسفۆرد تەرخانە بۆ پرسی پەروەردە. پرسێکی گرنگ لە دونیایەکی جەنجاڵدا. “پەروەردە؛ پێشەکییەکی زۆر کورت” لە نووسینی “کاری تۆماس” و “پەرۆش محەمەد ساڵح” کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 190 لاپەڕەدا و لە زنجیرە 28ی زنجیرە کتێبەکانی ئۆکسفۆرددا لە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵی ئەوە دەدەین کە ناساندێکی کورت بۆ کتیبەکە بکەین تا ببێتە دەروازەیەک بۆ خوێنەر و بەدوای کتێبەکەدا بچێت.
پرسیاری پەروەردە چییە؟ یەکێکە لە پرسیارە هەم گرنگ و هەم سەختەکان. بە درێژایی مێژوو یەکێک لە پڕکێشەترین پرسیارەکانی مێژوو بووە و هەر بیرمەند و فەیلەسوف و پەروەردەکارێک بە شێوەیەک وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. یەکێک لەو خاڵانەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە پەروەردە لە کوێ ڕوو دەدات؟ ئایا لەنێو خێزاندا مرۆڤ پەروەردە دەکرێت؟ یان لە کۆمەڵگەدا؟ لەنێو حزبدا پەروەردە دەکرێت؟ یان ئایینەکان ڕۆڵیان لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا هەیە؟ ئەدی قوتابخانەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ شارەزایان و پەروەردەکاران کۆکن لەسەر ئەوەی پەروەردە لە هەموو ژیاندا ڕوو دەدات و ئەوەی لە ژیاندا هەیە و مرۆڤ بەری دەکەوێت جۆرێکە لە پەروەردە.
کاتێک باسی پەروەردە دەکەین دوای خێزان یەکسەر خەیاڵمان بۆ جێگەیەک دەچێت کە پێی دەوترێت “قوتابخانە”، کە دامەزراوەیەکی تایبەتە و بە مەبەستی پەروەردەکردن بونیاد نراوە. بەڵام هەمیشە ڕەخنەش لەوە هەیە کە قوتابخانەکان وەکو ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ پەروەردە تەرخان نەکراون، یان هەمیشە پڕ کەموکوڕین. لەگەڵ ئەو بۆچوونە گشتییەی کە پێی وایە کە قوتابخانە شوێنی سەرەکی پەروەردەیە دوای خێزان. بەڵام چەند بۆچوونێکی پێچەوانەش هەیە کە لایانوایە قوتابخانە شوێنێکە دژ بە پەروەردە. مارک توەین، نووسەری ئەمەریکی دەڵێت “هەرگیز نەمهێشتووە فێرکردن لە قوتابخانە دەست وەربداتە پەروەردەمەوە”. توەین بەم ڕستەیە ئەوە دەردەبڕێت کە قوتابخانە شوێنێکە بۆ فێربوون نەک بۆ پەروەردەکردن، کە ئەمەش خاڵی نەنگی قوتابخانەکانە.
قوتابخانە لە هەرێمی کوردستانیشدا تەنها ئەرکی فێرکردن جێبەجێ دەکات و ئەرکە پەروەردەییەکەی فەرامۆش کردووە، بۆیە ناتوانێت دەست وەربداتە پەروەردەکردنی فێرخوازانەوە. چەرچڵ-یش قسەیەکی نەرێنی سەبارەت بە قوتابخانە هەیە و دەڵێت “تەنها جارێک پەروەردەم گرفتی بۆ دروست بووبێت ئەوکاتە بوو کە لە قوتابخانە بووم”. ئەلبێرت ئەنیشتاینش دەیەوێت باری لاسەنگی ئەم دوو چەمکە ڕاست بکاتەوە و دەڵێت “پەروەردە ئەو شتەیە کە دەمێنێتەوە دوای ئەوەی هەرچی فێربووین لە قوتابخانە بیرمان دەچێتەوە”. ئەنیشتاین دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە زانیارییەکان بیردەچنەوە، بەڵام پەروەردەکان دەمێننەوە. دەتوانین بە دیوێکی دیکەشدا بیخوێنینەوە زانیاریی (فێربوون) دەشێ گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام پەروەردەکردنی فێرخواز شتێکی هەمیشەییە و دوای خوێندنگەش فێرخواز لێی سوودمەند دەبێت.
جۆن دیوی؛ بیرمەند و پەروەردەکار، یەکێکە لەو کەسانەی لەم کتێبەدا گەلێک کەڵک لە بۆچوونەکانی وەرگیراوە. لای دیوی بیرکردنەوە بە تێڕامانەوە کرۆکی پەروەردەیە: پەروەردە فێربوونی ڕاستیی و زانیاریی نییە، بەڵکو گومانکار و ڕەخنەگربوونە. بێگومان ئەم پێداگرییەی لەسەر ڕەخنەگریی زۆر گرنگە و هەر ئەمەشە چەقی فەلسەفەی پەروەردەی دیوی. بێگومان پەروەردەی ڕاستەقینە پەروەردەیەکە دوورە لە دروستکردنی نەوەیەکی توتیئاسا، کە پشت بە ئەزبەرکردن ببەسێت، بەڵکو پەروەردەیەکە پشت بە بیرکردنەوە و پرسیارکردن و گونابردن دەبەستێت و هەر ئەمەشە پەروەردەی کلاسیک و کۆنخواز لە پەروەردەی مۆدێرن جیا دەکاتەوە، کە دیوی دەیەوێت لە ڕێی پرسیار و گومانەوە پەروەردەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز بونیاد بنێت.
ئەم کتێبە، ئەگەرچی تەنها پێشەکییەکی کورتە بۆ پەروەردە، بەڵام دەروازەیەکی گەورەیە بۆ هەموو پەروەردەکارێک کە دونیای پەروەردەی بەڕوودا بکاتەوە و کۆمەڵێک بیرمەند و پەروەردەکاری پێ بناسێنێت تا لێیەوە بە تیۆرەکانیان ئاشنا بێت. خوێندنەوەی کتێبەکە زیاتر لە گەشتێک دەچێت بۆ ئاشنابوون بە سەرەداوەکانی پەروەردە و لێکەوتەکانی سیستمی پەروەردەیی.