چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شێركۆ هەژار موكریانی:ئەگەر وەهم لێ بگەڕێت هەموو پرسیارێک قەبووڵ بکرێت، ئەوا دەکەوینە سەر رێگەی ڕاست

حەیدەر عەبدوڵڵا – هه‌ولێر

شێركۆ هەژار موكریانی، تەمەنێك لەنێو كتێب و ئەدەب و ئەدیبان. نووسەرێكی جیاواز و خوێنەرێكی شەیدا بە ئەدەبی كوردی و عەرەبی و بیانی. ئەزموونێكی دەوڵەمەند و هەگبەیەكی پڕ لە زانیاریی كۆن و تازە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت: “شێركۆ هەژاری دەریایەكە لە مەعریفە.” دەمێكە دیمانەیەكی هەمەجۆر و مەیلەودرێژم لەگەڵ كردووە، حەزم كرد بە چەند بەشێك لێرە بڵاوی بكەمەوە. تەماخوازم خوێنەران پشوودرێژبن و هەموو بەشەكان بە وردی بخوێننەوە و سوودی لێ وەربگرن.

پ/ لە هۆڵەندا تا چه‌ند گرنگی به‌ كتێبه‌فه‌لسه‌فییه‌كان دەدرێت؟ كێن ئه‌وانه‌ی بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن؟
و. بە رێکەوت ئەم مانگەی تۆ تێیدا ئەم پرسیارە دەکەیت، بەرەسمی ” مانگی فەلسەفە”ی خوێندەواریی هٶڵەندایە . لە ئاپریل/ نیسانی ٢٠٠٣ وە، هەموو ساڵێک، چالاکیی فەلسەفیی هۆگرانی فەلسەفە لەم مانگەدا، بە ئەو ناوە ( مانگی فەلسەفە) خۆ دەنوێنێت . من سەرژماری و تۆژینی تایبەتیی ئەوەندەم بەدەستەوە نییە کە وەڵامی پرسیارەکەتم بە چاکی هەبێت، بەڵام رەنگە بتوانم بە سەرنجدانێکی ناوەرۆکی ئەم چالاکییەی ئەم مانگەی هۆڵەندا و، چەند نەتیجەگیرییەکی ئەوە دەستم بە بەشێک لە وەڵام بگات . سەدەی بیست، بەلای کەم بەشێکی گرنگی، وای بەبیردا دەهێنا، کە ئیتر رۆژگاری فەلسەفە ( ئەو هەمووە رێبازە فکرییانەی سەدەی هەژدەو نۆزدە) ئیتر بەسەرچووبێت . تاک، ئەو بڕوایەی کە سەدەی نۆزدە بە توانای خۆی هەبوو، وێ‌نەدەچوو زۆری لە سەدەی بیستەمدا لا مابێت، هەر ئەوەش بوو کە – بەنموونە- هاواری داداییەکان و سوریالیستانی تێدا بەرز دەبووەوە . ئیدیۆلۆجیای رژیمە کۆمونیستییەکان و شەڕی سارد تا دەهاتن دەوری تاکیان پتر تێدا پێشێل دەکرد. سەدەی بیستەم دەگوترا کە چەرخی تەکنیک زۆر لە دنیای فەلسەفەمان لێ وێران‌دەکات . بەڵام ئەگەر ئەوسا هۆڵەندی ئەم مانگی فەلسەفەیەیان هەبوایە، لەوانە بوو زۆرتر بۆ باسی رابردوو، بڵێین ” سپینۆزا”ی هۆڵەندی تەرخان بکرایە، کەچی مەوزووعی ئەمساڵی مانگی فەلسەفەی هۆڵەندا بریتییە لە : “فەلسەفە و تەکنیک” . باسەکان بەدەوری ئەوەوەن چەندە زانستی جین، دێ ئێن ئا و بیۆ تەکنۆلۆجی، بژیشکیی ئەعساب، عەمەلیاتی خۆجوانکردن، توانای زگپڕبوونی ژنانی بەتەمەن، ڤیاگرا و شتی وەک ” رۆبۆتیکا” و، شەڕی لەدوورەوە و بە چەکی کۆمپیوتەری فڕۆکە (درۆون) و فەیسبووک و ئیدی، چەندە ئەوانە ” رەوشتی نەژادی مرۆڤ” دەگۆڕن . ئایا تەکنیک هەر شتێکە لە دەرەوەی مرۆڤەوە و لەلایەن مرۆڤەوە ڕوودەدات، یا مرۆڤ و مەکینە دەیەکتردا دەتوێنەوە . ئەمجا بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەت . دەبینیت سنووری نێوان ئارەزووی خوێندنەوەی کتێبی کلاسیکی فەلسەفە و خوێندنەوەی” خەیاڵی زانستی” (ساینس فکشن) بەشێوەیەکی هێندە سەیر تەسک دەبێتەوە، کە تا پێش زۆر کەمیش، بە زەحمەت دەکرا بەبیردا بهاتایە . بە هەرحاڵ، رەنگە هۆڵەندی لەناو ئەوروپاییەکاندا، بە یەکێک لەو نەتەوانە ناسرابن کە هۆگری خوێندنەوەی فەلسەفەن . من خۆم وەک گوتم سەرژمارییم نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم هەر حەفتەیەک کتێیبی نوێی فەلسەفی لە کتێبفرۆشییەکان دەبینم، کە – دیسا -زۆرتر هەر بە دەوری پەرەسەندنی تەکنیکەوە دەسووڕێنەوە، بەڵام هەشن هی دنیای فەلسەفەی کلاسیکن . هۆڵەندا وەهایە و، وێ‌دەچێت رۆژئاوا بەگشتی لەسەر هەمان خەت بێت . ئەوانەی کە بە نوخبەی رۆشنبیران دادەنرێن، دیارە زۆرترین بایەخ بەو مەسەلە دەدەن.

پ/ ئایا ده‌كرێ بڵێین: خۆراوا هێلانه‌ی فه‌یله‌سووفانه‌ و هێلكه‌ی زانستی فه‌لسه‌فه‌ ته‌نێ له ‌وێ ده‌ترووكێت؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ كه‌واته‌ فه‌له‌سه‌فه‌ به‌ دنیای خۆرهه‌ڵات نامۆیه‌؟
و. دیارە تۆ مەبەستت ئەم قۆناغەی ئێستای مێژووە، بەڵام نا، فەلسەفە لەم قۆناغەش، وەکو هەمیشەی، هەر لە تێکڕایی دەنۆڕێت . هەرچەندە دەکرێت لە نەتیجەی وەڵامی پرسیاری پێش ئەمەوە بڵێیت کاتێک فەلسەفە بە کۆنسێرتی دوایی تێکڕای زانستەکان ببەسترێتەوە و، زانستیش ئێستا لە رۆژئاوا لەنگەری خستبێت، ئەوا مەگەر مەبەستت هەر وەها لێک‌بدرێتەوە . بەڵام بە هەمان مەنتیق، زانست پرۆسەیەکی مێژوویی جیهانییە، و دەبێت لە چوارچێوەی ” تیکڕایی”ی مێژوو و جوغرافیادا بدیترێت، رەوەندێکە لە رۆژهەڵاتەوە دەستی بە گەشتەکەی ‌کردووەو بە نەخشەکانی داهاتووی نازانین، کەواتە فەلسەفەش هەروەتر . فەلسەفە لە یۆنان توانی خۆی لە ئایین جیا بکاتەوە، بەڵام لە هیندستان و زاگرۆس و دەوروبەری ئەوەی بۆ نەکرا . لێرەدا بوو کە فەلسەفە ماڵی خۆی لە یونانەوە پەرەپێ‌دا، لەکاتێکدا کە لە ” رۆژهەڵات”( لەو چوارچێوەیەدا کە تۆ بەکارت هێنا) پێشێلی ئایین بوو . هەر ئایینێک، کە لێرە چیتر بڕی نەدەکردو، کۆتایی پێ‌دەهات؛ لەجیاتی ئەوە کە هەر بخرایەتە لاوە و، ” فەلسەفە”یەکی حوکم شوێنی بگرتایەتەوە، بە ئایینێکی تر دەگۆڕدرا . تۆ سەیری هۆرەی هەورامان ( هۆر ئاما، خۆرهەڵات) بکە، چۆن رەنگە حەوت هەزار ساڵ یا پتر بێت، تەواوی خەڵکی دێیەک دەستیان خستووەتە دەستەوە و، ڕوو بە ” هۆر” بۆ ” ئامای” ( هاتنی)، کەوتوونەتە جۆرە رەوتێکی نەرمی دوورودرێژی جەزبەی دەروێشییەوە . من دەڵێم تۆ بڵێیت کە گۆڕانی کەشو ئاو و هەوا، دەست‌پێ‌کردنی توانەوەی سەهۆڵی چوارەم سەهۆڵبەدانی زەوی Würm، لە مەڵبەندی مانگی یەک شەوەی بەپیت، کارێکی دە عەسەبی مرۆڤی رۆژهەڵات کردبێت کە هێشتا بەری نەدابێت، وەک بڵێیت هێشتا هەر بە مەراسیمی رووحییەوە رووی لە گەرمیی هەتاوی ئاسمان بێت؛ لەکاتێکدا کە رووحی رۆژئاوا لەسەر زەوی دەژیت و، ئەگەر بیر لە ئاسمان بکاتەوە، ئەوا هەر بۆ ئەوە بیری لێ دەکاتەوە کە بچێت داگیری بکات و، ” زەوییەکەی” بۆخۆی دابدۆشێت . بەڵام دیسا، کە بێتە سەر فەلسەفە، ئێمە هەمیشە خەتەری زانستیشمان لەبەرچاوە . لە چەرنۆبیل، لە ژاپۆن، کە دەکرێت کاتێک پەی بە ” ناژیری”ی ” زانست” ببەین کە ئیتر درەنگ بێت . ئەوەتا ئەڵمان، دەوڵەمەندترین ئابووریی ئەوروپای رۆژئاوا، دەیەوێت واز لە مەرکەزە ئاتۆمییەکانی بهێنێت و، هۆڵەنداش دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر گازی زەویی کە چەند دەساڵ بوو دەستی لێ بەردابوو. دەرهێنانی گازی زەوی لە هۆڵەندا، وادەبێت دەبێتە هۆی رۆچوونی هێندێک شوێن و، تەنانەت بوومەلەرزە لە هێندێک مەڵبەندی هۆڵەندا، بەڵام ” ژیری” وێ دەچێت، دوای ئەزموونێکی” زانست”، دیسا هاتبێتە سەر ئەو نەتیجەگیرییە کە کەمە کارەساتێکی تەبیعەتی لە بەرهەمی زانستی ئاتۆم پێ کەمتر خراپ بێت . لە هەموو بارێکدا، ئێمە لە نوختەیەکی مێژووداین کە زۆر لە پێش تەنیا هەزار ساڵ جیاوازە و، کەس نازانێت زانست و فەلسەفە، هەرتک، بە چ شێوەیەک تەنیا هەزار ساڵی تر لە کوێ لەنگەر دەخەن .

پ/ پەرسیارێكی تەقلیدی هەیە: له‌ فه‌لسه‌فه‌دا پرسیار یان وه‌رام گرنگترە؟
و. ئەگەر ئەوە لە فەیلەسووفان بپرسین، مەگەر هەر بڵێن ” – تەبیعی- پرسیار”. پرسیار سەرەتا و بناغەیە . بەڵام دیسا، ئەوانە دوو ڕووی هەمان یەک شتن و، زنجیرەیەک دروست دەکەن . چونکە هەر وەڵامە دەرگای پرسیاری تر دەکاتەوە، – وەک بڵێیت- وەڵامیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە پرسیاریش، لەکاتێکدا کە زۆر پرسیاریش، زۆر وەڵامیان تێدایە . هێندێک پرسیار وادەبێت هەر بە پرسیار وەڵام دەدرێنەوە . هەمیشە پرسیار لە وەڵام پترن و، مرۆڤ بەدەستییانەوە دادەمێنێت . ئەوەی وەڵامیش دەدرێتەوە، زۆر وایە هەڵوێستی مرۆڤە نەک وەلامی راستی پرسیارەکە خۆی . ئەمە بیرەوەرییەکی خۆشم لەگەڵ کیژۆڵەیەکی ماڵە دۆستێکی کوردم لە هۆڵەندا وەبیر دەهێنێتەوە، لام وایە ئەوسا هێشتا تەمەنی نەبووبوو بە دە ساڵ ( ئێستا خانمێکە)، ( بە هۆڵەندی) لێی پرسیم ” مرۆڤ بۆچی دەمرێت ؟ ” منیش ئەوەندەی بە بیرمدا هات بۆم گوت : لە شەڕدا، بە رووداوێکی ئۆتومبیل، کارەساتێکی تەبیعەت، نەخۆشییەکی کوشندە . ئیدی دەکوژرێت و، ئەگەر ئەوانەش نەبن، ئەوا لەدواییدا پیر دەبێت و دەمرێت، هەموو مرۆڤێک و حەیوانێک تەمەنێکی هەیە و . بەو شێوەیە هێندێکی لەسەررۆیشتم . ئەو زۆر بە تەرکیز گوێی لێ دەگرتم، هەموو حەواسی لای من بوو . کە تەواو بووم، چاوی بریسکانەوە و گوتی : زۆر چاکە، دە کەواتە من نامەوێت پیر ببم، ئیتر نامرم! من هیچم نەگوت و، ئەویش قەناعەتی بە چارەسەری کێشەکە کردو تەواو بوو، ئیتر ئەو پرسیارە نەکرایەوە . گرنگترین پرسیاری فەلسەفی ئەوانەن کە منداڵ دەیانکەن و، کەس وەڵامیانی نییە، یا جۆرێک وەڵامی خۆ تێپەڕاندنی وەهای بۆ هەیە، کە لە وەڵام دوورە . کێشەیەکی گەورەی مرۆڤایەتی لەوەدایە کە مرۆڤ ” نازانم”ـەکەی خۆی قەبووڵ نییە، لەوێوە دەست پێ ناکات و، ئەوە بە ” دەزانمێکی وەهم ” پڕدەکاتەوە و، ئا لێرەوە کارەساتەکان دەست پێ دەکەن . ئەگەر وەهم لێ بگەڕێت هەموو پرسیارێک قەبووڵ بکرێت، بە جۆرەها بەڵگەی ئایینی و ئیتری فەرهەنگی رێگای لێ نەگیرێت و، هەرکەسە لای خۆیەوە بەگوێرەی عەقڵی خۆی هەوڵی وەڵامی بداتەوە، هەرچەندی بێت، ئەوا دەکەوینە سەر رێگای راست . کەواتە دیسا هەر دێینەوە سەر قسەی ئەوە کە پرسیار سەرەتا و بناغەیە و، پێشکەوتن لەوەوە دەست پێ‌دەکات. بەڵام ئیتر مەگەر ” غەریزەکان”ی مرۆڤ چەندە،بەوجۆرە، ” مەنتیقی عەقڵ” قەبووڵ دەکەن و، هەم پرسیارو هەم وەڵام راستەقینە دەبن، ئەوە کارێکی هاسان نییە و، تەنانەت یەکجار زۆر سەختە . دەکرێت تۆ لێرەدا بڵێیت کە پرسیارەکە ” لە فەلسەفەدا”ی تێدایە، کەواتە حەتمەن باسی ئەوانە دەکەین کە لە ئاستی فەلسەفەدا دەدوێن، بەڵام مێژووی زۆر نیزیک ( رژیمەکانی سۆسیالیستیی ئەوروپای رۆژهەڵات، نازی . ئیدی) پێمان دەڵێن کە سنووری ” فەلسەفەی راستەقینە” و ” وەهم و کارەسات” هەمیشە لە هۆگرانی فەلسەفە روون نییە . هەر لە رژیمی سۆڤیەتیدا، کە بە گوێرەی ئەو هەمووە شیکردنەوە فەلسەفییانە لەبارەی ئازادییەوە دامەزرابوو، بەنموونە ” وەڵام”ی هێندێک پرسیاری زۆر سادەی – بڵێین- منداڵانە لە رژیم بریتی بوو لە ” ئیعدام”! . ئاخر ئەوە کەی وەڵامی پرسیارە ؟ پێشکەوتنی ژیاری دەبێت ئازادیی پرسیارکردن دابین بکات، ئەوسا پرسیارو وەڵام دە یەکتردا دەتوێنەوە، کە ئیتر رەنگە چیتر پێویستیی ئەم پرسیارە قورسەی ئێستای تۆ نەمێنێت.