عاسم حەیدەری ژیان و ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیری

ئەم كتێبە لە 216 لاپەڕە پێكهاتووە، باسی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری كەڵەخەباتگێڕی پێشكەوتوخوازی كورد عاسم حەیدەری (1921- 1971) دەكات.

ئاشكرایە بنەماڵەی حەیدەرییەكان هەر لە كۆنەوە سەرچاوەی زانست و مەعریفە بوون. لەنێو ئایینی ئیسلامدا و لە ڕێگەی حوجرەكانی كوردستان، زانای گەورە و نووسەری بلیمەتیان لێ هەڵكەوتووە، بە سەدان زانا لەژێر دەستی ئەوان پێگەیشتووە. ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بخشێنین دەبینین ئەوان لە كوردستاندا سەرقافڵەی زانست و زانیاری بوون. دواتر هەر لەم بنەماڵەیە بە دەیان شۆڕگێڕ و خەباتكاری گەورە دەركەوتوون. بە خوێندنەوەی ئەرشیفی عوسمانییەكان لە مەزنی و گەورەیی ئەو بنەماڵەیە سەرت سووڕ دەمێنێ، كە هەقە هەموو لایەك ئەو مێژووە بە وردی بزانن و بۆ نەوەی نوێ باسی بكەن.
یەكێك لەو كەسایەتییە گەورە و شۆڕشگێڕانە، عاسم حەیدەرییە، ئازا و چاونەترسانە بە گژ دوژمندا چووەتەوە و لەپێناو گەیاندنی پەیامەكەی سڵی لە زیندان و مەرگ نەكردووەتەوە. لە یەكەم ئاهەنگی ئاشكرای نەورۆز لەشاری هەولێر لەساڵی 1946 دا وتاری (حزبی ڕزگاریی کورد)ی خوێندووەتەوە.
لە ڕاپەڕینە نیشتیمانییەكەی گەلی عێراق، كە بەكورد و عەرەبییەوە لەكانوونی دووەمی ساڵی 1948دا هەڵگیرساوە، ئەم تێكۆشەرە لە خۆپیشاندان‌و كۆبوونەوەكانی جەماوەری هەولێردا ڕابەرو وتاربێژی ئەو راپەڕینە بووە.
مومتاز حەیدەری، لە پێشەكی كتێبەكەدا دەڵێت: ” ئەم كتێبە لێكۆڵینەوەیەكی پوخت و ورد و زانستییە، كە بە دەستپیشخەریی بەڕێزان هەردوو مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین بەشی مێژوو: مامۆستا بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ ساڵح نەجار لەبارەی كۆچكردووی گەورە عاسم حەیدەری نووسراوەتەوە.”
ئەم كتێبە لە دوو تەوەری سەرەكی پێكهاتووە، هەر تەوەرێك دابەشی چەند باسێك كراوە، لە تەوەری یەكەمدا باس لە ژیانی عاسم حەیدەری و چالاكییە سیاسییەكانی كراوە. لە تەوەری دووەمدا نووسینەكانی خراونەتە ڕوو.
لەم كتێبەكەدا تێبینیی ئەوە دەكرێت، عاسم حەیدەری بەدەر لە تێكۆشەر و خەباتگێڕ، نووسەر و وەرگێڕێكی باشیش بووە، چەند بابەتێكی بە زمانێكی ڕوون و ڕەوانی كوردی، وەرگێڕاون. لە بابەتی شاعێركی جەنگاوەردا دەڵێت:” ئاهـ.. زەوی لەبەرچاوم تەنگ و تاریك بوو، وریابە ئەی مەرگ وەرە بۆ لام، لەم ئازارە ڕزگارم بكە.. ! ئاهـ . ئەی باڵندەكان هەموو بفڕن، ئەی با ڕاكە، ئەی ئاو تۆ گوم بە، هەمووتان بچن شكایەت لە جەوری ئادەمیزاد بكەن.”
ئەم كتێبە بە سەرچاوەیەكی گرنگ دادەنرێت لەبارەی عاسم حەیدەری و بنەماڵەی حەیدەرییەكان. توێژینەوەی هاوبەشی م. بارزان محەمەد عەلی و د. هۆشەنگ ساڵح نەجارە، مامۆستا مومتاز حەیدەری پێیداچووەتەوە و بەرایی بۆ نووسیوە