لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتی و ڕۆشنبیری و ئەدیب دۆستان.
کتێبی نووسەر ( سابیر ڕەشید ) بەناونیشانی ( ئەنتۆلۆجیای چیڕۆكنووسانی ھەولێر ) ناسێنرا.
وێڕای پەیڤی بەخێرھێنان لەلایەن ( دکتۆر سالار عوسمان ) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ( پ. د. ک)، ھاوکات ڕایگەیاند: سوپاس بەڕێز کاک مەسرور بارزانی دەکەین کە ئەرکی خەرجیی چاپکردنەکەی لە ئەستۆ گرت، کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بایەخدان بە بواری ڕۆشنبیری و کلتووری و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی.
دواتر فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری سەبارەت بە ژیان و بەرھەمەكانی نووسەر نمایشكرا.
لە رێوڕەسمەكەدا ھەریەك لە سیاسەتمەدار ( ئازاد جندیانی ) و نووسەران (سەباح ڕەنجدەر و عەبدوڵڵا زەنگنە) و شاعیر ( حەسەن دانشفەر ) شرۆڤەیان بۆ كتێبی (ئەنتۆلۆجیای چیڕۆكنووسانی ھەولێر) كرد.
لەلای خۆیەوە نووسەری کتێبەکە (سابیر ڕەشید) لە وتەیەکدا ڕایگەیاند دوای چەندین ھەوڵ و ماندووبوونم دواجار خەونەکەم ھاتەدی و سوپاسگوزاری بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانم، کە بەردەوام لە خەمی ڕووناکبیران و ڕۆشنبیران بووە تا بتوانن بەرھەمەکانیان چاپ بکەن.
میوزیک و گۆرانی بەشێكی دیكەی مەڕاسیمەكە بوون، بەسەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین جەمال) چەند پارچە میوزیک و سترانێك پێشكەشی ئامادەبووان كران.
لە کۆتایی سوپاس و پێزانین و چەپکە گوڵ، پێشکەش بە نووسەری کتێب ( سابیر ڕەشید ) کرا و کتێبەکە بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.