پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی :” تاوانی دزی”

ڕۆژنامەی هەولێر

كتێبی “تاوانی دزی”، توێژینەوەیەكی بەراوردكارییە، ورد و بەسوودە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێ هەگبەی زانیارییەکانیان فراوان بکەن و ئاشنای دونیای یاسابن . پارێزەر مەتین دلۆڤان بارزانی لە دوتوێی 333 لاپەڕەدا ئەم کتێبەی دایناوە. یەك لەو كتێبە دەگمەن و نایابانەیە، كە بە شێوەیەكی زانستی و قووڵ و پڕ سەلیقە نووسراوە.

لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ئەگەری ڕوودانی تاوان و خراپەكاری هەیە، بەڵام چۆنییەتی لێكدانەوەی تاوان و چەسپاندنی سزا بەسەر تاوانباراندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. تاوانی دزیش یەكێكە لەو تاوانانەی بە درێژایی مێژوو زۆرترین قسەی لەسەر كراوە و چەندەها كتێبی لەبارەوە نووسراوە. ئایا لە مێژوودا چۆن باسی تاوانی دزی کراوە؟ مەتین بارزانی زۆر بە وردی و هێمنی مێژووی ئەو تاوانەی لە ڕەگوڕیشە دەرهێناوە. هەڵوێستی گەلانی كۆنی سەبارەت بەم تاوانە ڕوون كردووەتەوە. لە پێشەكیدا دەڵێت: ” هەر وەك چۆن تاوانی كوشتن ترسناكترین تاوانە دژ بە جەستەی مرۆڤ، بە هەمان شێوە تاوانی دزیش سەرەكیترین و ترسناكترین تاوانە دژ بە ماڵ و سامان، هەروەها دەكرێ بڵێین كە باوترین تاوانیشە. “
دواتر مەتین بارزانی كتێبەكەی بۆ چوار بەش دابەش كردووە. بەشی یەكەمی كتێبەكەی بۆ پێناسە و سەرهەڵدان و چەند سەردەمێكی جیاواز تەرخان كردووە. لە بەشی دووەمی كتێبەكەدا باسی لە كۆڵەگەی ماددی تاوانەكە كردووە. لەبەشی سێیەمدا ڕاڤەی واتایی ئەم تاوانەی كردووە، لە بەشی چوارەمدا سزای تاوانەكەی شیتەڵ كردووەتەوە.
شایانی باسە مەتین بارزانی ئەم كتێبەی بە كوردییەكی ڕوون و ڕەوان نووسیوە، لە باسی زمانەوانی و زاراوەكاندا پەنای بۆ هەنبانە بۆرینەی مام هەژار بردووە، كە تا ئێستایش باشترین فەرهەنگی كوردییە.
ئەو لە پاڵ سەرچاوەبەكارهێناندا ڕاوبۆچوونی خۆشی لەبیر نەکردووە. لە لاپەڕە 12 دەڵێت: ” بە دیدی ئێمە، تاوانی دزی دەستدرێژی كردنە نەك دەست بەسەرداگرتن، چونكە زاراوەی دەستبەسەردا گرتن دوو ڕەهەند لە خۆ دەگرێت، یەكەمیان دەكرێت دەستبەسەردا گرتن بە ڕەزامەندی بێت، دووەمیان بەبێ ڕەزامەندی بێت.”
لە كتێبەكەدا زۆر بە ڕوونی باسی جۆرەكانی ماڵی دزراو كراوە. هەر تەنیا لەبەر ڕۆشنایی یاسایەكی دیاریكراو درێژەی بە بابەتەكەی نەداوە، بەڵكوو لە چەندان لاوە بۆ كرۆكی تاوانی دزی و یاساكان قەڵەمی خستووەتە گەڕ. تاوانی دزی لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێ دا چۆنە و چۆن بووە، بە چەندان بڕگەی یاسایی ڕوونكراوەتەوە.
وەك هێمامان پێدا مەتین بارزانی لەو كتێبەدا بۆ جوانتر ناساندنی تاوانی دزی بەنێو دەمارەكانی مێژوودا چووەتە خوارەوە. سەردەمی میسری كۆن و بابلییەكان و ڕۆماییەكانی بەسەركردووەتەوە. هەروەها دواتر تاوانی سزای دزی لە ڕووانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە ڕاڤە كردووە. خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆ دەردەكەوێت بەشێوەیەكی فراوان و هەمەلایەن نووسراوە. لە چەندان سووچی جیاواز و گۆشەی جۆربەجۆر خراوەتە بەرباس. هەقە كۆلیژەكانی یاسا ئەم کتێبە وەك پرۆگرامی خوێندن دیاری بكەن.
مەتین بارزانی لەم كتێبەدا زیاتر لە 80 سەرچاوەی بەكارهێناوە، لە كۆتایییشدا فەرهەنگۆیەكی كوردی عەرەبی بۆ داناوە، ئەمەیش بابەتەکی دوو هێندە بەهێز کردووە و چێژێکی دیکەی بە خوێنەران داوە