شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

شێرکۆ هەژار موکریانی: وەرگێڕانیش وەک ڕۆمان پێویستی بە پەرەسەندنی فەرهەنگی نەتەوایەتی هەیە

دیمانە: حەیدەر عەبدوڵڵا

شێركۆ هەژاری، كوڕی مام هەژاری شاعیر، تەمەنێك لەنێو كتێب و ئەدەب و ئەدیبان. نووسەرێكی جیاواز و خوێنەرێكی شەیدا بە ئەدەبی كوردی و عەرەبی و بیانی. ئەزموونێكی دەوڵەمەند و هەگبەیەكی پڕ لە زانیاریی كۆن و تازە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت: “شێركۆ هەژاری دەریایەكە لە مەعریفە.” دەمێكە دیمانەیەكی مەیلەودرێژم لەگەڵ كردووە و حەز دەكەم بە چەند بەشێك لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوی بكەمەوە. تەماخوازم خوێنەران پشوودرێژبن و هەموو بەشەكان بە وردی بخوێننەوە و سوودی لێ وەربگرن.

پ/ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: (وه‌رگێڕ ناپاكه‌.) له‌ كوردستان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بەشێکی زۆری وه‌رگێڕانه‌كان لاوازن و خوێنه‌ر تێرناكه‌ن، ئایا ئه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی زمانی ستاندارد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یاخود بۆ هۆكارێكی دیكه‌؟
بەڵێ، ئیتالیەکان گوتوویانە ” Tradutorre traditore”، واتا ” وەرگێڕ خاینە”. رەخنە، لە هۆڵەندا، زۆر لە هەموو شتێک دەگیرێت، کەواتە دیارە لە وەرگێڕانیش . هۆڵەندی زۆر بەزەحمەت قەت بە هیچ شتێک بڵێت باشە . بەڵام بەوە کە ئاستی وەرگێڕان بە گشتی بەرزە، ئەوەی نەتوانێت باش وەربگێڕێت، ناتوانێت شوێنی خۆی بکاتەوە و بنکەکانی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە بەرهەمی قەبووڵ بکەن؛ ئەوجا کتێب هێندە زۆرە، ئەگەر وەرگێڕان زۆر باش و خۆش و رەوان نەبێت، خەڵك نایکڕێت و، لەجیاتیان، هەر ئەسڵەکە دەخوێنێتەوە . دەکرێت وەرگێڕانی خراپ هەبێت، بەڵام من تا ئێستا بە رێکەوت، جگە لە قورئان وەرگێڕانەکەی قادر عەبدوڵڵا، وەبیرم نایەت وەرگێڕانێکی خراپم دیتبێت . کێشەی وەرگێڕانی ئێمە، من پێم وانیە کارێکی بە زمانی ستاندارد دابێت، ئەوە بەتەواوی کێشەیەکی ترە . هەرکەسێکمان بۆ سەر شێوازی خۆی وەردەگێڕێت، ئیتر یا دەتوانێت باش بۆ ئەو شێوازەی وەربگێڕێت یان ناتوانێت . کێشەی کورد، بە رادەی یەکەم سیاسییە . هەر بەشەی کوردستان، لەو رووەوە کێشەی گەورەی هەن و، رابەرانی کورد بە زۆر کێشەوە سەرقاڵن و ئەوەش کار دەکاتە سەر شێوەی پەرەسەندنی زمان و ئەدەبیاتی کورد . خۆ ئەوانەی باکوور دەبینین، کە زۆریان هەر بۆ قسەکردنی بە کوردییش کێشەیان هەن و، ئەدەبیاتیان زۆرتر بە زمانی تورکیین . وەرگێڕانیش وەکو رۆمان، پەرەسەندنێکی فەرهەنگی نەتەوایەتیی پێ دەوێت کە هێشتا دەبێت پێی‌بگەین . من، بەنموونە، لای خۆمەوە، هەر وەرگێڕێکی کورد هان دەدەم کە نەوەستێت، هەوڵ بدات کاری باشتر بکات… ئیدی . بەڵام من، وێڕای رێزم بۆ هەموو ئەوانەی کە هەوڵی خۆیان لەورووەوە دەدەن، ئەگەر وەرگێڕاوێک بۆ کوردی ببینم، هەوڵ دەدەم بە زمانی ئەسڵەکەی پەیدای بکەم، چونکە وەرگێڕاوە کوردییەکە جێگای ئەسڵەکەم بۆ ناگرێتەوەو، زۆر بەداخەوە، وادەبێت هەر باش لە مەبەستی ناگەم . وەرگێڕی باش، دەبێت، لەپێشدا بتوانێت قسەی خۆی بە کوردییەکی جوان و رەوان دابڕێژێت، کە ئەوە بەڕاستی زۆر کەمە، ئەوجا دوای ئەوە توانای هونەری خودی وەرگێڕانەکە دێتە پێش . مەلا شکور وەرگێڕی چاک بوو. هێمن دەکرا ببوا بە وەرگێڕێکی گەورە . هێمن خۆی، عەزیز گەردیی پێ وەرگێڕی باش بوو . من مستەفا رابەرم پێ وەرگێڕی چاکە . هادی محەمەدی و کامیل بۆکانی، شیعری فارسی چاک وەردەگێڕن .
سەرداری مەحمووی حەمە مراد، کە نووسەری کوردییەکی زۆر جوان
و دەوڵەمەندە، تەنزی فارسی چاک وەردەگێڕێت . حەتمەن دەکرێت
وەرگێڕی تری باش هەبن، کە من بەرێکەوت بەرهەمم نەدیتبن، بەڵام
ئێستا – زۆر بەداخەوە- رەنگە کەمێک لە دنیای کتێبی وڵات
دابڕابم و، بە زەحمەت دەتوانم پتر بڵێم .

پ/ ئه‌گه‌ر كتێبه‌ مێژووییه‌كانی كوردستان و خۆراوا به‌راورد بكه‌یت، چیت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت؟ تا چه‌ند مێژوونووسانی كورد له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوودا سه‌ركه‌تووبوون؟
بەراوردکردنی رۆژهەڵات، بە گشتی، بە رۆژئاوا، زۆرتر، بە روونی ئەوە پیشان دەدات کە رۆژهەڵاتی ئێمە زۆر لە کاروانی ژیاری دواکەوتووە . رۆژئاوایی لە هەموو زانستەکاندا لە پێش ئێمەوەن، هەر لە دروستککردنی کۆمپیوتەرو مانگی دەستکردو فڕۆکە و ژێردەریاییەوە بگرە تا بە سایکۆلۆجی و ” زانستی مێژوو” دەگات . کورد لە رابردوودا، لە کاری ئەکادیمی، بە کاری مێژوونووسینیشەوە، درێغی نەکردووە . بەڵام کە بێتە سەر پرۆسەی ” بەنەتەوەبوون” ی کورد، ئەوا لەو چوارچێوەیەدا، جگە لە شەرەف‌ خان و محەمەد ئەمین زەکی، من ئاگاداری کاری گەورەی مێژوونووسیی کورد نیم . ئەو دوو بەرهەمەش زۆر کەم کەڵکیان لێ وەرگیراوە . بەتایبەتی شەرەف خان دەکرێت زۆر کاری لەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە، نەکراوە . خۆ سەید حوسێن حوزنی موکریانی، بێ قەزا بێت، هەر کارەساتێک بووە . دکتۆر کەمال مەزهەر مێژووناسی چاکە . با هیوادار بین لەم سەردەمەی ئەم هەمووە مێدیایەدا، کە زۆر کەس دەتوانن بە زۆر شێوە بڵێن، زۆر درۆ و زۆر راستی دەگوترێن و تۆماردەکرێن، مرۆڤ ئیتر بڕوا بە یەک سەرچاوە نەکات و، لە هەموو قسەیەکی باسی مێژوو بەگومان بێت و، ناچار بێت، بۆ بڕوا کردن، پەنا بە زانست بەرێت نەک شتێکی تر . یەکەم پێوانەی زانستی مێژوو ئەوەیە کە بەو شێوەیە، بە ” زانست” سەیربکرێت، نەک هەر شتێکی تر . هەر بەنموونە، سایکۆلۆجی، ئەمڕۆ بۆ تێگەیشتنی زۆر شت، یەکجار زۆر گرنگە . لە رابردوودا، وابووە، تۆماری پێش چەند هەزار ساڵ دۆزراوەتەوە، لەسەر بەردێک نووسراوە کە دەسەڵاتی فڵانە پادشا گەیشتووەتە کەناری دەریای سپی، ئیتر ئەوە لەسەرەتادا بە بەڵگە دانراوە، کەچی دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەو قسەیە، بەڵێ بەڵگە بووە، بەڵام بۆ ” درۆکردن” نەک شتێکی تر! . نموونەیەکی تری نوێ : هەتا ساڵی پار، مێژووناسان سەریان سوڕمابوو کە چۆن دووەم پادشای ئەم بنەماڵەیەی پادشایی ئێستای هۆڵەندا (ڤیلمی دووەمی فان ئۆرانیە) بە یەک تاقە شەو لە محافەزەکارێکی زۆر وشکەوە بووە بە لیبراڵێکی زۆر تەڕ . ساڵی ١٨٤٨، کە باهۆزی” بەهاری ئەوروپایی” هەڵیکرد و، پادشایانی ئەوروپا کەوتنە بەر لافاوی داخوازییە نوێیەکانی چینی ناوەند، ئەو پادشایەی هۆڵەندا هەر مێشیش میوان نەبوو و، جەماوەریش دەستیان بەردایەوەو تێ‌گەیشتن کە هیچی لەگەڵدا نەدەکرا . کەچی دوای ئەوە، کە رۆژێکی مانگی مارتی ئەوساڵە، زۆر بە فڕوفیشاڵەوە سنگی لە دژی لیبراڵەکان دەرپه‌ڕا‌ند، رۆژی دوای ئەوە هات و هەر وا لەخۆیەوە، هەرچی لیبراڵەکان بۆیان نووسی ئیمزای کرد و، هەر خۆی بەدەمی خۆی بە فەرەنسی گوتی : ” ( دوێنێ) زۆر محافەزەکار،( ئەمڕۆ) زۆر لیبراڵ”! . مامۆستایەکی هۆڵەندی، ییروون فان زانتن، پێش ساڵێک، کەوتە لێکۆڵینەوەی ئەرشیفی تایبەتی ماڵی پادشا و، ویستی بزانێت ئەو ماستە چ موویەکی تێدا بووە . بۆی دەرکەوت کە لیبڕالەکان پادشایان بە فەزیحەتێکەوە گرتووە ( نێوانی جنسیی لەگەڵ هاوجنسیدا)، ئیتر هەڕەشەیان لێ کردووە : ئیمزا دەکەیت یان ریسوات بکەین ؟ گوتوویە : ئیمزا دەکەم . ئیتر هەموو تیۆرییەکانی زانایانی پێش ئەوە سڕدرایەوە و، ئەم بەڵگەیە قەبووڵ کرا . هەرچەندە بەڕاستی ئەمیش لەسەداسەد روون نیە (من بەرهەمی تۆژینەکەم خوێندووەتەوە)، بەڵام بەهەرحاڵ، لە هەر بەڵگەیەکی تر بەهێزترە و، ئێستا هەر ئەمە قەبووڵە . ئەگەر ئەو رووحی زانستەی سەرمایەداریی هۆڵەندی، لە رووسیای سۆڤیەتی هەبوایە، زانست ئازاد بوایە، دەکرا کەسێک لە سەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبردا بیگوتایە : ” لێنین”یش دەکرێت هەڵە بکات، چونکە مرۆڤ ئیتر بەگوێرەی سایکۆلۆجی وەهایە، کەس نیە کە نەکرێت هەڵە بکات . ئەوسا، زانست لەسەرووی مرۆڤ کردنە خودا دەبوو و، بۆ خودی ئەزموونی سۆسیالیزم زۆر باشتر دەبوو . مەنتیقی زانست، لێرەدا “مێژوو ناسی” ئەگەر لە کۆمەڵگادا حیسابی بۆ بکرێت، خەڵک بە گرنگی وەربگرن و، کار بکاتەسەر بیروڕای گشتی و لە نەتیجەدا سەر پرۆسەی سیاسی، دەکرێت ئەوە کۆمەڵگە لە زۆر کارەساتان بپارێزێت . جیاکردنەوەی ” زانستی مێژوو” لە ئاین و عەقیدە، دەرچوون لە پێستی خۆ، رۆچوون لە واقیعی کات و شوێنی تر و، تێگەیشتنی شتی جەوهەریی راستی مێژوو وەک هەبووە … ئەوە، بە رادەی پەرەسەندنی ژیارییەوە بەندە . لەم حاڵەتەی پادشای هۆڵەندادا، ئەندامانی ئێستای ماڵی پادشا، ئەرشێفیان خستە بەر دەستی تۆژێنەری کە داوای کرد و، کە بەرهەمی تۆژینیشی بڵاوکرایەوە، ماڵی پادشاش وەکو خەڵکی تر، یەکەم کاردانەوەیان بریتی بوو لە ” پێکەنین”، بۆخۆیان تێر پێ پێکەنین.