دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەڵوێستەیەکی عاریفانە لەژێر ڕۆشنایی کۆ چیرۆکی کچی ناو وێنەکە

ئازاد پێنجوێنی

هەمووشتێک بۆئەوەی بیدۆزیتەوە بۆی دەگەڕێییت،ۆ جگە لە یار کە دۆزیتەوە ئینجا بۆی دەگەڕێییت. ژنێکی نووسەریش لەنێو بۆنو بەرامی گوڵەشەهلا فەیزوڵاكه‌دا،خۆزگە دەخوازێت، لەژێر ئاسمانی شیندا ، لە سەر ڕێگای، شەقامی ئاوریشمیدا، گەڕانمان بکردایەتە دواوێستگەی خۆدۆزینەوەمان. بۆئەوەی هەرگیز نەبووینایەتە ژان بۆیەکدی و بەدوای یەکدا نەگەڕاینایە. بەڵکو ژیانێکی جاویدانیمان بدۆزیایەتەوە، تاوەکو لەیەکدی ون نەبوینایە .

دڵێک لەلۆکە پێنوسک لە زێڕ خەیاڵێک لە نێو قوڵایی دەریادا، خودی نووسەرەکەش والەناو جەرگەی نیشتمانێک لەبەرد دا. ئای خودایە دڵڕەقی چەشنی بەرد، لەنێو نیشتمانێکی بەبەردوبودا هاوسەنگی واتایەکی نامێنێ، ئەی چی بکەین .چۆن دڵمان وەک لۆکە لێبکەین و نیشتمانمان بکەینە تیواربێشک لەڕەهەندی نێولاپەڕەی کۆچیرۆکی خاتوونە نووسەرێکەوە تا بگەین بەئاواتی نەرم و نیانی هەموشتێکمان .
ئەهلی شارە جێ نزرگەو قەومی خۆیە سایەو سێبەری خاتوونە جێی شانازی خانەوادە.
شێخ ڕەزایە کەدەیفەرموو:” لەبەرقاپی سەرا سەف دەبەستن شێخ ومەلاو زاهید. تالەدیدی شەهلای عاریف بەچیرۆک وداهێنانی نەوەی شاعیری گەورەدا خاک وخۆڵی کوردستان و نەوەی عەسرو داهاتووی ژین خەنی ببێ لەوشیاری و سەربەستی ژین”
ئاخر خاتوون دەخوازێ هەمووتاکێک ژمارەیەک بێ و کەس لە دواکاروانی نەفامی و نەزانیدا نەبێ . چیرۆکەکانی وامان پێدەڵێت و وامان پەروەردە دەکات .
هەرئەوەشە لەنێو یەکەم چرکاندنی دیداری چیرۆکەکانیدابیست. تابلۆ بەدیواری دڵی هەموواندا هەڵدەواسێت و بونیاتنەرانە دۆزینەوەی بوونەکان ئاشکرا دەکات و هەر کائینەو ، نامەیەکی بەتاڵى پێدەدات تا دواپەیامی ژینی سەربەستی خۆیانی تێدا بنووسنەوە.
ئای لەخەیاڵ ، وای لە پەیامی ڕاستەقینە .
ئەم بەهرە سەراسیمەیە کە بەجارێ بوەتە ئاوازێک لەژێر ڕۆشنایيدا ، تیشک بەچواردەوری خۆیدا دەداتەوەو خۆيشی لەژێر ڕۆشنایی شەمعی لالەیەکدا ڕووناکی دەخوڵقێنێ بۆمرۆڤایەتی.
ئاخر ئەم خانمە چیرۆکنووسە ،لەپشتی چاوەکانیەوە ، هەڵگری ئیشراقەو غەرقی خەیاڵی ژنێکی چیرۆکنووسه کە بێوێنەیەو سەرتاپای ئیلهامی ، کچی ناو وێنەکەیە ، لەبونیادی خەیاڵە فڕیوەکانیدا .
پەرتووکێک هاوشێوەی ساڵانێکی پڕلەبیرکردنەوەو ماندویەتیە، ناوی پەرتووکەکەشی لەتەک جەماڵی ئەرخەوانا چەند ناوازە و پڕلەحیکمەت و بۆگەنجینەی ئەدەبی کوردی سەروەریە.
ڕەنگی لەنێو ئەندێشەدا دیارە. ئاوێتەی سروشتە. ووشەی نێو لاپەڕەکانی خۆڕاگرو قورسە کەزیەی خاوە ڕستەکانی چەشنی کەزیەی ئەسپی بوراقە کە زۆر لێی هاتوە. ماتریاڵی چیرۆکەکانی ئەشنێتەوە .هەرچی گوڵی دونیایە بەبزەی سەرلێوی ئاڵی ئەم ئەندێشە فراوانە کەباشترین چیرۆکە وێنەیە، تابلۆکانی دەستەکانی لەبەرزیدا بۆ پرشنگی خۆر دەڕوانێ .چەندە پڕهیوایە بۆمرۆڤایەتی. تەواوی بیست چیرۆکی خاتوو شەهلا گەرمیانی خەیاڵی بەهەرلایەکدا بڕوات درک دەکرێ کە ئەوشوێنە پڕسەمایە ژیاندۆستە بەهۆکاری گەورەیی پەیامەکانی عیشقی ئەبەدیە و لەنێوهەقیقەتدایە. هزرو دیدگای لەسەر سەرە و پیرۆزیەکانی لێهاتویی ژن بونیەتی . بۆیە جوان و پڕحیکمەتە کۆی بەرهەمەکانی.
توخوا یاران لۆمەم مەکەن کەمن لەنێودیداری خەیاڵێکدام بۆ ئەم دیداری کتێبە. گەر بیخوێنن چیرۆکەکانی هۆش و خەیاڵی ئێوەش دەبات داهێنانەکانی .
چاپلنی گەورە بەجیراڵدینی وت :
کچم مادام مرۆڤیت ،هەمووکەسێک بەمرۆڤ تێبڕاونە .
وێنەی قازی ، لەڕۆحی پاکی قازی محمددا بوە پەیام و بەشکۆی ژنێکی وت :
ئەندێشەو خەیاڵت هەموومانی نووسیەوە. بۆیە داوا لەوانە دەکەم کە دەیانەوێت مرۆڤ بن و خۆیان بدۆزنەوە ،ئەرکە چیرۆکەکانت بخوێننەوە.
من بینیم چەند پەڕاوێکی سپی خەریک بوو خۆیان دەنووسیەوە لەنێو هزری ئاورنگی خەیاڵی ژنێکدا کە چەند لەپێشوازی ، پەپولەکانی سەرشەقامدا بوون. هەرچی پەپولەی دونیایە خۆیان خزاندبوە ناخی سپی ژنێک و چەند لاپەڕەیەکی سپیپۆش وشەکانی ناوی بووبوونە پەپولە و ڕستەکانیشی ، شەقامێکی ئاوریشمی ، پڕی ئازار منداڵە بێنازەکانیان ڕزگاردەکرد کەژمارەیان 7 منداڵ بوون، ناویان لەخۆیان نابوو، حەوت چیرۆک. هەرپەپولەیەو دەستی منداڵێکی گرتبوو لەوشەقامە ئازاراویە، دەیان پەڕاندنەوە بۆ نێوجەرگەی ئومێد .
دواجار بەرەو ژێر ساباتی شکۆی ژنێک، گەرم داهاتن و له‌ ژوورەکەی (ڤان کوخ ) بەجێیهێشتن کەبەدەم گریانەوە چاویان بڕیبوە تابلۆی پەتاتە خۆرەکان کەخۆیان و کەسانی ناوتابلۆکەش چاویان پڕی فرمێسکە باران بوو،هەناسەیان هەڵدەکێشا تابتوانن بژین .
خاتوونیش زۆربەئارامی هەنگاوی دەنا بۆ ماڵێک لەخۆڵ ، تابتوانێ لاپەڕەکانی تر بنوسێتەوەو پەیامی زەمەنی خۆی ببڕێت لەوپەڕی داهێنانەکانیدا.
ئێوارەیەکی باراناوی ئەوباخچەیەی کە ژنە نووسەرە بەتواناکە بیری تێدادەکردەوە، هەموجێگایەک ، ڕەنگی (ئەوین)يان ئاوێتە کردبوو هەناسەیەکی هەڵکێشاو سەیری هەرچواردەوری شاری دەکرد، كەسەیری کرد جگە لەچواردەوری خۆی ، شار تنهایە لە مەرگی خۆڵەمێشی خۆیدا ، ودەناڵێنێ بەدەم نەبوونی چیرۆکەوە . وەک ئەوەی داوا لەخاتوونی چیرۆکنووس بکات کەهەردەبێ چەند چیرۆکێک بنووسێت و لەوتنهایه ڕزگاری کات . چونکە شار حیکایەتخوانی چیرۆکەکانی شەهلا فەیزوڵا بوو.
بەئارامی بەنێو ڕێڕەوی گوڵەکاندا هەنگاوی بیرکردنەوەی دەنا ،بۆنی کۆمەڵێک گوڵە باخی کرد کەلەتەنیشتی دیوارێکی ڕاگرەوە سەریان دەرکردبوو. چوە سەرکورسیەکی ناوچیمەنی باخچەکە و بەئەوینەوە ڕەنگەکانی دەنووسیەوە :یەکەم چیرۆک و دووەم و سێیەم لەدایک بوون، بەپێنوسی خاتوونی داهێنەر شەهلا فەیزوڵا ، هەمووشتێکی نووسیەوە . ڕەنگ و ئەوین ژیان وجوانی ، ئێستاتیکا و فەنتازی ، ئومێدو ئاسۆ ، نەمری و هەقیقەت ، لە سێبەری خەیاڵێکدا ، چەندین ساباتی خەون و خەیاڵی بەباڵای خەون و واقعدا بڕى.
خاتوونی بەتوانا ، شەهلافەیزوڵا،بەدەم گریانی ناخیەوە ئاهەنگی نەمری دەگێڕا بۆجوانترکردنی ئەدەب. خودی ئەم خاتوونە بەجیا، فەرهەنگێکە کە لەکلتووری ووشە نەوتراوەکانیدا. هەقیقەتێکی ڕەهایە له‌ چرکاندنی وجودیيەت .
هزرو پێنوسەکەشی ، شیوەندەگێڕن لەژێر دارتوەکانی ئاوایدا . تنها بۆئەوەی گەڕان بەدوای دیوەشاراوەکەی ژیان بکەنە وێستگەی ژیانێکی ئارام تا ئەوەی مرۆڤایەتی لەوشیوەنەدا غەرق نەبن .
ئاسمانێکی ساماڵ هەوایەکی نەسیم لەبادەی بۆنی مەستی عەترێکدا ژیان لەدایک دەبێتەوە. شکۆی ژنێکی نووسەر لەم عەسرەدا خەیاڵی وەک تەقینی ئاوی کانی بەهارێکی تازە بەدوای خۆیدا دێنێ.
چۆلەکەکان بەتنها دەفڕن ،و لەشەقەی باڵ دەدەن تەواوی چیرۆکەکانی ، کچی ناووێنەکە يان خستوەتە ژێرباڵەکانیانەوە. تکەی بارانیش ئاوێتەی تکەی ڕستەی چیرۆکەکانی بوون و پێکەوە بڕیاردەدەن تا بکەونه‌ سەرزەوی ،، سروشتێکی سەوزو ڕۆمانتیکیانە لەهەناوی هەمودڵێکدا لەدایک دەبێتەوە .ئاستی تێفکرینی ئاواز وەک شەپۆلی دەریا سەردەکێشێ. گوڵەکان تێرئاودەبن وڕۆحەکان سوکنا. هەڵبەتە لەژێر ڕۆشنایی پەرتووکی کچی ناووێنەکەدا ئەمانە دەبنە ڕیالیزمێکی بێکۆتایی .چەند نایابە بەئاگابیت و چانس یاوەرت بێت و ببیتە کارەکتەرێکی نێو چیرۆکەکانی خاتوو شەهلا فەیزوڵا. بۆئەوەی هەمیشە لەژێرڕۆشنایی دڵێکی ڕۆشندا لە ژێرباراندا، سەربەرزانە بەنێو شەقامێکی ئاوریشمیدا بەرەو ئاسۆ هەنگاو بنێیت .