دیمانە: حەیدەر عەبدوڵڵا
شێركۆ هەژاری، كوڕی مام هەژاری شاعیر، تەمەنێك لەنێو كتێب و ئەدەب و ئەدیبان. نووسەرێكی جیاواز و خوێنەرێكی شەیدا بە ئەدەبی كوردی و عەرەبی و بیانی. ئەزموونێكی دەوڵەمەند و هەگبەیەكی پڕ لە زانیاریی كۆن و تازە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت: “شێركۆ هەژاری دەریایەكە لە مەعریفە.” دەمێكە دیمانەیەكی مەیلەودرێژم لەگەڵ كردووە و حەز دەكەم بە چەند بەشێك لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوی بكەمەوە. تەماخوازم خوێنەران پشوودرێژبن و هەموو بەشەكان بە وردی بخوێننەوە و سوودی لێ وەربگرن.
پ/ رهنگه زێدهگۆیی نهبێت گهر بڵێم له كوردستان به ههزاران دیوانهشیعرمان ههیه، مانگانەیش چهندان دیوانەشیعر چاپ دهكرێن؟ ئایا له هۆڵەنداش وایە؟
و/ نەخێر، شتی وا حەتمەن نە لە هۆڵەندا و نە لە هیچ شوێنێکی رۆژئاوا هەیە . ئێوارەی پێنجی دیسامبر/ کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، نیزیکەی هەموو دایک و باوکێکی هۆڵەندی،هێندێک شتی بە کێش و قافیە بۆ منداڵەکانی دەنووسێت و دەڵێت گوایا سینتەرکلاس(جۆرێک بابابۆئێل) بۆی نووسیون، بەڵام پێی ناڵێن شیعر، پێی دەڵێن نەزم . هەموو ئەو دۆستە هۆڵەندییانەی هۆگری ئەدەبیاتی کە هەمبوون، کە پرسیارم لێ کردوون ئایا قەت شیعریان داناوە، هەمیشە گوتوویانە بەڵێ و، وابووە نموونەی شیعریشیان پیشان داوم، بەڵام ئیتر ئەویش بۆ بێ تاقەتی کراوە، شتێکی لەبابەتی ئەوەی سینتەرکلاسەکە؛ قەت نە خۆیان بە شاعیر داناوە، نە کەس بە شاعیری داناون و، نە بیریان لەوە کردووەتەوە شیعرەکانیان چاپ بکەن . من لە کتێبفرۆشییەکان، مەگەر بە ساڵێ یەک تاقە دیوانی نوێی شیعر ببینم و، یەک یا دوو کتێبی شیعرو شاعیرانی کۆن و تەواو، لە کاتێکدا کە هەر رۆژە چەندین کتێبی نوێ دەکەونە کتێبفرۆشییەکانەوە .
پ/ ئهی بهیاخهدانیان به (رۆمان) چۆنه؟
و/ رۆمان شوێنێکی یەکجار زۆر گرنگ و سەرەکیی هەیە . بەتایبەتی خەڵکی رۆشنبیر، بۆ دیتنی حەقیقەت، پتر دنیای رۆمان دەدۆزن تاکو – بڵێین- ئەنسیکلۆپێدی . من جارێک لەگەڵ دۆستێکی هۆڵەندیدا باسی مێژووی ئێرانم کرد، کە ئاخر ئێوە چۆن بەم مێژووە پڕ لە دواکەوتووییەی ئیمپراتۆریی ئێران دەڵێن ” ژیاری، شارستانیەت” ؟ گوتی : ” ئێمە کێ ؟ مەبەستت لە کێیە ؟ ئەوە ئەنسیکلۆپێدییە بازرگانییە سادەکانن قسەی وا بێ سەروبەر دەکەن، فەرموو ئەمە بخوێنەوە ” و کتێبێکی نووسەرێکی هٶڵەندیی سەدەی ١٩-٢٠ی دامێ ( کووپیروس)، گوتی ها ئەمە لەبارەی ئەو وەحشیگەرییەی مێژووی سیاسیی فارسان بخوێنەوە . بە هەمان شێوە، کەسانێک کە زۆر لە بواری زانستی خۆیاندا بەرز دەبنەوە و، توانای نووسینی رۆمانیشیان هەیە، هەر بە نموونە ” نۆوردەرفلیت”خانم، کە من لە کتێبێکمدا باسم کردووە، هەوڵ دەدەن بە نووسینی رۆمان کەمایەسیی کتێبە ئەنسیکلۆپێدیاییەکان تەواو بکەن . ئەو نۆردەرفلیت خانمە، بە نموونە، کە باسی ” مێژووناسی و مامۆستایەتیی مێژوو”ی خۆی دەکات، وەک باسم کردووە، هەر جنێو بە خۆی دەدات ( دەڵێت : مێژوو قەحبەیەکە و ئێمەش گەووادەکانیین!)، کەچی هەوڵ دەدات بە رۆمانە مێژوویەکانی ئابڕوو پەیدابکات . کەسێکی تر، ئێرانییەک، بە نازناوی ” قادر عەبدوڵڵا” (حسین سجادی …ئیدی)، دۆستی رێکخراوی فیدائیانی خەلق بووە، دەڵێت شتیشی لەبارەی کورد نووسیوە : کردها چ میگویند ؟ و کردستان بعد از جنبش مقاومت . ئەوە پێش دەوری چارەگە سەدەیەک، بە پەنابەری هاتە هۆڵەندا و، دوایی بوو بە نووسەرێک بە هۆڵەندی . دەڵێت دەیەوێت ” بە رۆمان رووحی ئەدەبیاتی فارس بە هۆڵەندییەکان بناسێنێت” و، زۆر سەرکەوتووە و جۆرەها خەڵاتی وەرگرتوون . من یەک – دوو شتی هۆڵەندیی بەرهەمیم خوێندەوە، زەوقم نەیگرت، بەتایبەتی کە قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر هۆڵەندی، من وەرگێڕانەکەیم پێ شتێكی زۆر بێ مانا و بێ سەروبەرە . رۆمان، بە جۆرەها رەنگ و رەهەندی خۆی، هەوڵ دەدات مرۆڤ لە هەر مەنتیقی ” ئابستراکت” و سەتحی و کڵیشەیی چوارچێوەی تەسک دەربخات . ئەوە نیزیکەی هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، بەدەگمەن لقێکی دنیای” ئالفا” ماوەتەوە کە پەنا نەباتە بەر رۆمان، مێژوو و سیاسەت و کۆمەڵناسی لە ریزی پێشەوەین، بەڵام زۆر بواری تریش، بەنموونە رووداوانی پۆلیسی . دەبینیت رۆمانێک دەردەچێت کە باسی کوژرانی پێش ئەوەندە ساڵی کچێکی هۆڵەندی لە ئەمریکا دەکات، باوەڕبکە، پۆلیس و دەستگاکانی داوەری بەر لە خەڵکی تر بەتاسەوە ئەو رۆمانە دەکڕن و، دەکرێت عونسوری وەهای تێدا بێت کە ببێتە هۆی دووپات کردنەوەی دادگایی کردنی ئەو کەسەی کە تەوەرەی تێمای رۆمانەکەیە . سەردەم سەردەمی رۆمانە . ئەمڕۆ رۆمان پێوانەیەکی گرنگی ژیاریی هەر قەومێکە . رۆژ نییە لە کتێبفرۆشییەکاندا رۆمانی نوێ نەبینیت، کە بەشێکی گرنگی بۆ پێداهاتنەوە و راستکردنەوە، روونکردنەوە، یا تەواوکردنی جۆرەها سەرچاوەی تری زانیارییە .
پ/ ئهی لهبارهی وهرگێران، لهوێ چ باسه؟
و/ یەکێک لەو شتانەی کە من سەرەتا لە هۆڵەندا زۆرم لا سەیر بوون، ئەم هەمووە وەرگێڕانەیان بوو . هۆڵەندی، وەکوخەڵكی وڵاتە سکەندیناڤیەکان، بەگشتی، چەند زمان دەزانن . تا پێش چل ساڵێک، ئینگلیسی و فەرەنسی و ئەڵمانی و یونانیی کۆن و لاتین دە بەرنامەی بەشێکی زۆری خوێندنی ناوەندیدا بوون، دەبوو لە پاڵ ئەوانەشدا یەک یا دوو زمانی تریش بۆ خوێندن هەڵبژێرن : سپانیایی، سوێدی، ئیتالی .. ئیدی . خۆ، وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ، بە بێ ئەوە کە خوێندکارەکە ئینگلیسی و فەرەنسی و ئەڵمانیی چاک بزانیایە، قەت نەدەکرا، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و، بۆ وەرگرتن زۆرتر هەر بە ئینگلیسییەکە رازی دەبن . میللەتێك ئەوەندە زمان لە خوێندگە فێر ببێت، ئەم هەمووە وەرگێڕانەی بۆ هۆڵەندی بۆ چیە ؟ خۆ زۆربەی ئەو کتێبانەی بە زمانە ئەوروپاییەکانی تر دەنووسرێن، نرخیشیان زۆر لە وەرگێڕاوە هۆڵەندییەکە هەرزانترە، چونکە ژمارەی خوێنەرانی هۆڵەندی لەوانەی زۆر لەو زمانانە کەمترە و، هۆڵەندییەکە لە رووی بازرگانییەوە دیارە گرانتر دەکەوێت . کەچی نا، بەزەحمەت کتێبێک بە ئینگلیسی یافەرەنسی یا ئەڵمانی هەیە کە نەکرابێتە هۆڵەندی . زۆر کتێبی بەو زمانانە، لە کتێبفرۆشییەکاندا لە هەمان حەفتە یا مانگی دەرچوونیاندا وێڕای وەرگێڕاوە هۆڵەندییەکانیان دەفرۆشرێن . بەنموونە : کتێبی ” مائۆ چیرۆکی نەزانراو” کە دەوری هەزار لاپەڕەیە، هۆڵەندییەکەی هەمووی دوای چەند حەفتەیەکی کەم و بە نرخێکی زۆر لە ئینگلیسییەکە گرانتر لە کتێبفرۆشییەکان بوو . تۆ لای کتێبفرۆشییەک پرسیاری هەر کتێبێک دەکەیت، زۆر وادەبێت پێت دەڵێن : ئەسڵەکەت دەوێت یا وەرگێڕاوە هۆڵەندییەکەی؟ تەنانەت کە پرسیاری ئەنسیکلۆپێدییە گەورەکەی لارووسی فەرەنسیش بکەیت، هەر دەکرێت هەمان پرسیارت لێ بکەن، چونکە ئەویش کراوەتە هۆڵەندی، لە کاتێکدا کە هۆڵەندی خۆیان چەند ئەنسیکلۆپێدییان هەن و، من ئەنسیکلۆپێدیی ” ڤنکلەر پرنس”ی هۆڵەندییم، بەنموونە، هیچ پێ لە لارووس کەمتر نیە . زۆریش وادەبێت، پتر لە یەک وەرگێڕانی کتێبێکیان دەبێت . من پتر لە یەک وەرگێڕانی هۆڵەندیی هەزارو یەک شەوم دیتووە، وەرگێڕانی قورئان، زۆر لە کلاسیکی یونانی و لاتین، ئەدەبیاتی رووس . زەحمەتە شتێکی ئەدەبیاتی رووس هەبێت کە وەرنەگێڕدرابێت، کە من خۆم پتر لە یەک وەرگێڕانی هەمان بەرهەمی چیخۆڤم دیتووە . زۆرترینی وەرگێڕانەکانیشیان یەکجار زۆر چاکن . بەنموونە کتێبە زۆر بەناوبانگەکەی ” سەرەڕۆییەکانی ئەلیس لە وڵاتی عەجایبدا”ی کە دۆجسن بە ناوی ساختەی لیویس کارۆل نووسیویە، وەرگێڕانی یەکجار زۆر زەحمەتە، چونکە پڕە لە یاریکردنی زۆر سەیر بە وشەی زمانی ئینگلیسی . کە من وەرگێڕاوە هۆڵەندییەکەیم دیت، هەر پێی حەپەسام، خودایا ئەوانە چۆن توانیویانە ئەوە ئاوا چاک وەربگێڕن . هەر ئەو کتێبەی لە بارەی مائۆی کە باسم کرد، من وەرگێڕاوە هۆلەندییەکەیم پێ لە ئەسڵە ئینگلیسییەکە باشترە . لە وڵاتێكدا کە فەرهەنگ تێدا ئەوەندە پڕ لە تەکنیک و ئابوورییە، ئەوەندە ماددییە، ئەم هەمووە وەرگێڕانەی رۆژانەی ئەو هەمووە ئەدەبیاتە بەڕاستی سەرنج رادەکێشیت و .. ئەوە بۆ منی کورد کە لێرە دەژیم، ئەوە دەبینم و بیر لە قەومی خۆم دەکەمەوە، هێندە – هێندە تاڵە، هێندە خەمی پێ دەخۆم .. کە خۆشم نازانم چۆن تا ئێستا بە ئەم هەمووە خەمەوە توانیومە بژیم .